ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە گەنجینەى سلێمانى ئاشکرای کرد، لیستی موچەی وەزارەتەکان ڕەوانەى گەنجینەکان کراوە بەبێ فەرمانى دابەشکردنى، سەرچاوەیەکش لە وەزارەتى دارایی دەڵێت، تا ئێستا هیچ لیستێک بەفەرمى ڕانەگەیەنراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەک لە گەنجینەی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، لە ئێستادا لیستی دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکان گەیشتووەتە دەستی ئەوان بەڵام بڕیاریان پێنەگەشتووە بۆ دابەشکردنی، هیچ وادەیەکیش دیارینەکراوە بۆ کۆتایی هاتنی دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکان.
سەبارەت بە بوونی داهاتی پێویست لە گەنجینەکان بۆ دابەشکردنی موچە، سەرچاوەکە وتى، "ئێمە تەنها چەکی پارە دابەش دەکەین و ئاگادار نین داهات تەنها لە بانکەکانە".
لاى خۆیەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (26ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، ئەوەی دەوترێت لەسەر بڵاوبوونەوەى لیستى دابەشکردنی موچە دورە لە ڕاستییەوە، وەزارەتی دارایی ماڵپەڕو پەیجی تایبەت بەخۆی هەیەو هەرکات لیستی موچە بڵاوبکرێتەوە لەو رێگەیەوە ئاشکرا دەکرێت.
ڕێباز حەملان، ڕاوێژکاری مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کێشەی کەمی پارە بۆ دابەشکردنی موچە چارەسەر کراوە و دابەشکردنی بەردەوام دەبێت.
ڕێباز حەملان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداو ئاشکرای کرد، بابەتی دابەشکردنی موچە بابەتێکی تەکنیکی و بانکییە، هەندێک جار کە هەڵەیەک ڕوو دەدات دەبێتە هۆی دواکەوتنی موچە، بەشێکی تریش پەیوەندی بە گۆڕینەوەى نرخی دۆلار بە دینار دەبێت کە ئێستا لە دەستی بانکی ناوەندیی عێراقیدایە.
وتیشی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کێشەی کەمی سیولەی ناو بانکەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، هەرزوو مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی هاتوونەتەسەر خەت و کێشەکە چارەسەر کراوە.
ڕێباز حەملان دڵنیایی دا لەوەى دابەشکردنی موچە وەک مانگەکانی پێشوو بەردەوام دەبێت و کێشەکان چارەسەر کراوە.
باسى لەوەشکرد، کێشەى ئەو داهاتەى لە سلێمانى یەوە دێت چارەسەر دەکرێت، بۆ ئەم مانگە سەروى 55 ملیۆن دۆلار نێردراوە لەکاتێکدا مانگانە پێویستە 80 ملیۆن دۆلار بنێردرێت.