ناس کورد-
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە 60 واژۆی کۆکردەوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان پرسی لێبڕینی موچە و هۆکارەکانی لێبڕینی موچە باس بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی (سێشەممە 25ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، "زیاتر لە 60 واژۆمان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان پرسی لێبڕینی موچە و ئەو بابەتانەی هۆکارن بۆ لێبڕینی موچە باسبکرێن."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئایاری 2021، لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان پرسی نەگەڕانەوەی داهاتی پارێزگاکان و لێبڕین گرژی لە دانیشتنەکەدا دروست کرد و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دەڵین، سەرجەم داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ناگەڕێنەوە بۆ حکومەت.
لە دانیشتنەکەدا پێشەوا هەورامانى وتەبێژى فراکسیۆنی پارتی ئاماژەى بەوەکرد، تا ئێوارەى دوێنێ 30%ی داهاتى دوو پارێزگا رەوانەى حکومەت کراوە، بۆیە خشتەى موچە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
لە بەرامبەردا پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن، حکومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەش بکات.
زیاد جەبار، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى کە هاوکات سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانە لەکۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، لە چوار مانگى رابردوودا سەرجەم داهاتە فەرمییەکان گەڕاوەتەوە خەزێنەى وەزارەتى دارایی.
وتیشى ئەوانەى باسى نەگەڕانەوەى داهات دەکەن "لەبێ زانیارییەوە قسە دەکەن، وەزیرى دارایی پێی راگەیاندوین کە داهاتەکە دەگەڕێتەوە".