گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتى لەبارەى موچە و داهاتەوە وەڵامى پارتى دەداتەوە

2021.05.25 - 13:29
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتى لەبارەى موچە و داهاتەوە وەڵامى پارتى دەداتەوە

ناس کورد-

 

فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى کوردستان وەڵامى فراکسیۆنى پارتى دایەوە لەبارەى هۆکارى گۆڕانکاریکردن لە خشتەى دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زیاد جەبار سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى کە هاوکات سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانە ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆبوونەوەى پەرلەماندا رایگەیاند، لە چوار مانگى رابردوودا سەرجەم داهاتە فەرمییەکان گەڕاوەتەوە خەزێنەى وەزارەتى دارایی.

 

وتیشى ئەوانەى باسى نەگەڕانەوەى داهات دەکەن "لەبێ زانیارییەوە قسە دەکەن، وەزیرى دارایی پێی راگەیاندوین کە داهاتەکە دەگەڕێتەوە".

 

لاى خۆیەوە، کاروان گەزنەیی پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى رایگەیاند، 70%ى داهاتى ئیبراهیم خەلیل ناگەڕێتەوە خەزێنەى حکومەت، ئەوەش کێشەى گەورەى دروستکردووە.

 

کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان مشتومڕى توندى بەخۆوە بینى لەنێوان پەرلەمانتاراندا لەبارەى موچە، دواى ئەوەى وەزارەتى دارایی گۆڕانکاریی لە خشتەکەدا کرد و دابەشکردنى موچەى یەک وەزارەتى لەدوو رۆژدا راگەیاند.  

 

پێشەوا هەورامانى وتەبێژى فراکسیۆنەکە ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆبوونەوەى پەرلەماندا ئاماژەى بەوەکرد، تا ئێوارەى دوێنێ 30% داهاتى دوو پارێزگا رەوانەى حکومەت کراوە، بۆیە خشتەى موچە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.  

  

وتیشى پارەى پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشکردنى موچە.  

  

پێشەوا هەورامانى داوایکرد لیژنەکانى دارایی و ناوخۆ رابسپێردرێت بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوە بکرێت لەبارەى نەگەڕانەوەى داهاتى بەشێک لە پارێزگاکان بۆ حکومەت.  

  

وەزارەتى دارایی حکومەتی هەرێم ڕۆژی دووشەممە دەستپێکردنی مووچەی ڕاگەیاند و جیاواز لە مانگەکانی پێشوو بەهەمان شێوازی چوار مانگ پێش ئێستا دابەشکردنی مووچەی تەنها وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیاند ئەویش لەماوەی 2 ڕۆژدا.    

  

تائێستا وەزارەتى دارایی هیچ ڕوونکردنەوەیەکى نەداوە لەو بارەیەوە، هەروەها دیار نییە پێش کۆتایی ئەم مانگە موچەى سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت یاخود نا.      

  

ئەوەى لە سیستمى ئەم مانگەدا جێگیرە بۆ دابەشکردنى موچە، تەنها ئەوەیە کە بەلێبڕینى 21% دابەشدەکرێت، هاوشێوەى مانگەکانى پێشوو.      

  

لاى خۆیەوە، حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی بۆ ناس کورد وتی، "لێبڕینی موچە بەهەمان شێوەی مانگی پێشوو 21% دەبێت و بۆ پلە باڵاکان 50% دەبێت".      

  

بەپێی بڕیارى حکومەتى هەرێم، ماوەى چوار مانگ موچەى فەرمانبەران لەنێوان 25-30 ى مانگدا دابەشکرا و هەر 30 رۆژ جارێک موچە دابەشکرا.      

  

حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچە بە لێبڕینى 21% پێویستى بە پێویستی بە 707 ملیار دینارە و بەوتەى بەرپرسانى حکومەت داهاتى ئێستا بەشى ئەوەناکات موچەى تەواوەتى دابەشبکرێت.