ناس کورد-
فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان هۆکارى گۆڕانکاریی لە خشتەى موچە دەگەڕێنێتەوە بۆ "نەگەڕانەوەى بەشى زۆرى داهاتى ناوخۆیی دوو پارێزگا".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێشەوا هەورامانى وتەبێژى فراکسیۆنەکە ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆبوونەوەى پەرلەماندا ئاماژەى بەوەکرد، تا ئێوارەى دوێنێ 30% داهاتى دوو پارێزگا رەوانەى حکومەت کراوە، بۆیە خشتەى موچە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
وتیشى پارەى پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشکردنى موچە.
پێشەوا هەورامانى داوایکرد لیژنەکانى دارایی و ناوخۆ رابسپێردرێت بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوە بکرێت لەبارەى نەگەڕانەوەى داهاتى بەشێک لە پارێزگاکان بۆ حکومەت.
وەزارەتى دارایی حکومەتی هەرێم ڕۆژی دووشەممە دەستپێکردنی مووچەی ڕاگەیاند و جیاواز لە مانگەکانی پێشوو بەهەمان شێوازی چوار مانگ پێش ئێستا دابەشکردنی مووچەی تەنها وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیاند ئەویش لەماوەی 2 ڕۆژدا.
تائێستا وەزارەتى دارایی هیچ ڕوونکردنەوەیەکى نەداوە لەو بارەیەوە، هەروەها دیار نییە پێش کۆتایی ئەم مانگە موچەى سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت یاخود نا.
ئەوەى لە سیستمى ئەم مانگەدا جێگیرە بۆ دابەشکردنى موچە، تەنها ئەوەیە کە بەلێبڕینى 21% دابەشدەکرێت، هاوشێوەى مانگەکانى پێشوو.
لاى خۆیەوە، حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی بۆ ناس کورد وتی، "لێبڕینی موچە بەهەمان شێوەی مانگی پێشوو 21% دەبێت و بۆ پلە باڵاکان 50% دەبێت".
بەپێی بڕیارى حکومەتى هەرێم، ماوەى چوار مانگ موچەى فەرمانبەران لەنێوان 25-30 ى مانگدا دابەشکرا و هەر 30 رۆژ جارێک موچە دابەشکرا.
حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچە بە لێبڕینى 21% پێویستى بە پێویستی بە 707 ملیار دینارە و بەوتەى بەرپرسانى حکومەت داهاتى ئێستا بەشى ئەوەناکات موچەى تەواوەتى دابەشبکرێت.