گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

خشتەى موچە لە هەرێم چوار مانگ گەڕایەوە دواوە

2021.05.24 - 23:28
App store icon Play store icon Play store icon
خشتەى موچە لە هەرێم چوار مانگ گەڕایەوە دواوە

ناس کورد-

وەزارەتى دارایی هەرێم جارێکى تر گەڕایەوە سەر خشتە کۆنەکە بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران، دواى چوار مانگ لە دابەشکردنى بەپێی خشتەیەکى جێگیر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە سەرەتاى ئەمساڵەوە وەزارەتى دارایی رۆژى 25ى هەموو مانگێکى بە دەستپێکى دابەشکردنى موچە دیاریکرد بەپێی خشتەیەکى دیاریکراو کە لەماوەى پێنج ڕۆژدا دابەش دەکرا.

 

بەڵام وەزارەتى دارایی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ دابەشکردنى موچەى ئەم مانگە تەنها وادەى دابەشکردنى موچەى کارمەندانى وەزارەتى تەندروستى ڕاگەیاند ئەویش لەماوەى دوو ڕۆژدا.

 

بەپێی خشتەى چوار مانگى ڕابردوو، مانگانە رۆژى 25ى مانگ موچەى چوار وەزارەت لەیەک ڕۆژدا دابەش دەکرا، تەنانەت هەندێ وەزارەت مانگى شوبات لە ڕۆژى هەینیدا موچەیان پێدرا، بەڵام بەپێی خشتەکەى ئێستا ڕۆژانى سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه تەنها موچەى کارمەندانى تەندروستى دابەش دەکرێت.

 

تائێستا وەزارەتى دارایی هیچ ڕوونکردنەوەیەکى نەداوە لەو بارەیەوە، هەروەها دیار نییە پێش کۆتایی ئەم مانگە موچەى سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت یاخود نا.

 

ئەوەى لە سیستمى ئەم مانگەدا جێگیرە بۆ دابەشکردنى موچە، تەنها ئەوەیە کە بەلێبڕینى 21% دابەشدەکرێت، هاوشێوەى مانگەکانى پێشوو.

 

ناس کورد پەیوەندى بەوەزارەتى دارایی و چەند ئەندامێکى لیژنەى داراییەوە کرد، بەڵام ڕەتیان کردەوە هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکەن.

 

لاى خۆیەوە، حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی بۆ ناس کورد وتی، "لێبڕینی موچە بەهەمان شێوەی مانگی پێشوو 21% دەبێت و بۆ پلە باڵاکان 50% دەبێت".

 

بەپێی بڕیارى حکومەتى هەرێم، ماوەى چوار مانگ موچەى فەرمانبەران لەنێوان 25-30 ى مانگدا دابەشکرا و هەر 30 رۆژ جارێک موچە دابەشکرا.

 

حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچە بە لێبڕینى 21% پێویستى بە پێویستی بە 707 ملیار دینارە و بەوتەى بەرپرسانى حکومەت داهاتى ئێستا بەشى ئەوەناکات موچەى تەواوەتى دابەشبکرێت.

 

ڕێباز حەملان یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ کاروبارى دارایی (19ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان باسى لەوەکرد، سەرۆک وەزیران وەزیرى دارایی سەرپشککردووە کە ئەگەر داهات بەشى تەواوى موچە بکات، بێ لێبڕین دابەشی بکات، ئەگەریش بەشى نەکرد ڕێژەکە کەم بکرێتەوە.



باسى لەوەکرد، هێشتا دیار نییە چەند بڕە پارە لەبەغداوە ڕەوانەى هەرێم دەکرێت، هەفتەی داهاتوو شاندى هەرێم دەچنە بەغدا و میکانیزمەکەى دیاری دەکەن دواتر پارەکە رەوانە دەکرێت.