ناس کورد-
وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئومێدیان بەگەیشتنى چارەسەرى یەکلاکەرەوەى سیاسى نێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، دەشڵێت دیموکراتى بۆ ئیسرائیل و دەوڵەت بۆ فەڵەستین تەنها ڕێگاى چارەسەرن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەنتۆنى بلێنکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا (24ى ئایارى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ (سى ئێن ئێن)ى ئەمەریکى ڕایگەیاند، دەبێت چارەسەریەک هەبێت و ئەوەش بیرى هەردوولا دەخاتەوە کە دەبێت ئەوان ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ شکاندنى ئەو بەستەڵەکە چونکە ئەگەر بێتو ئەوە نەکەن ئەوا ڕوداوەکان بەشێوەیەکى گەورەتر دووبارە دەبنەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد "بە ئەرکی سەرشانی هەموومانی دەزانم کە هەوڵ بدەین دەست بە بونیاتنانی شتێکی ئەرێنی تر بکەین، ئەوەش بەو مانایەى کە فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان وەک یەک دەبێت لە ژیانی ڕۆژانە و ڕۆژانەی خۆیاندا بە یەکسانی هەست بە ئاسایش و کەرامەت بکەن".
بلێنکن باسى لەوەش کرد، دەبێت بۆ لەمەودوا هەندێ هیواى ڕاستەقینە بەدی بێت و ژیانێکى نوێتر دەستپێبکات هەروەها ڕێگەى جدیتر بۆ چارەسەر لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا بکەنەوە.
پێشتریش لەمیانەى لێدوانێکى تردا وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا ئاماژەى بۆ ئەوە کردبوو، پێویستە بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ کۆتایهاتن بەتوندوتیژییەکان لەماوەیەکى کەمدا.
بەگوێرەى وتەکانى بلێنکن، تەنها چارەسەر بۆ ئیسرائیل ڕێگاى دیموکراتیەتە بۆ پاراستنى ئایندەى ئەو وڵاتە وەکو وڵاتێکى جووى دیموکراتى و هەروەها ڕێگاى نمونەیەش بۆ فەڵەستینیەکان بوونى دەوڵەتێکە و مافى ئەوەیان هەیە.
وتەکانى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لەدواى چەند ڕۆژ لەئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس دێت کە نزیکەى دوو هەفتە جارێکى تر شەڕو پێکدادانیان دەستپێکردەوە و سەدان کوژراویشى لێکەوتەوە.