گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’نهێنیترین قەڵا’’ چۆن دروستکراوە و چى تێدایە؟

وێنە؛ ئیسرائیل لەژێر زەوییەوە شەڕى غەزەى بەڕێوەبردووە

2021.05.23 - 23:19
App store icon Play store icon Play store icon
وێنە؛ ئیسرائیل لەژێر زەوییەوە شەڕى غەزەى بەڕێوەبردووە

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکى ئەمریکى بڵاویکردووەتەوە، سوپاى ئیسرائیل لە بارەگایەکەوە کە لەژێر زەویدایە و تازە دروست کراوە شەڕى غەزەى بەڕێوە بردووە، بارەگاکە بە "قەڵاى سەهیۆنى" ناسراوە و یەکێکە لە نهێنیترین شوێنەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژنامەى "نیویۆرک تایمز"ى ئەمریکى (23ى ئایارى 2021) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە نوسەرەکانیان لەناو ئەو ڕۆژنامەنوسانەدا بووە کە ڕێگەیان پێدراوە بۆ یەکەمجار سەردانى ناوەندى "قەڵاى سەهیۆنى" بکەن، کە لەناو پێگەیەکى سەربازى نوێدایە و زۆر نهێنییە و بەتوندى دەپارێزرێت.

 

ڕونیشکراوەتەوە، مەبەست لە سەردانەکە ئەوە بوو کە ئیسرائیل هێزى سەربازیى و تەکنەلۆژى خۆى پیشان بدات، ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبونەوەى ئەو ڕەخنانەى لێى دەگیردرێت بەهۆى ئەو قوربانیانەى لە ڕیزى مەدەنییەکان کەوتووەتەوە لە کۆتا هەڵمەتى بۆ سەر کەرتى غەزە.

نوسەرەکەى نیویۆرک تایمز کە ناوى "ڕۆنن برگمان"ە باسى لەوەکردووە، کاتێک دەچنە ناو بارەگاکەوە کە دەکەوێتە ژێر زەویى هیچ ئاسەوارێکى جەنگ و شەڕ نابینرێت و لە بێدەنگییەکى تەواودا هەمووان بە تەواوەتى هۆشیارن و کارى خۆیان دەکەن.

 

قەڵاکە ژمارەیەکى زۆر ئامێرى تەکنەلۆژى و کۆمپیوتەر و هێڵى مۆبایل و هێڵى زەمینى و چەندین ئامێرى ترى پەیوەندى نادیارى تێدایە، زۆرینەى ئەوانەى کاردەکەن گەنجانى خوار تەمەن 25 ساڵن و جل و بەرگى سەربازییان لەبەردایە، بەتەمەنەکانیش جل و بەرگى مەدەنى، هەروەها چەندین ژوور و هۆڵى وەرزش و پەرستگا و کافتریاى تێدایە، ژمارەیەکى زۆریش کاتژمێر هەڵواستراوە کە هەریەکەیان کاتى وڵاتێک دەخوێننەوە.

 

سەبارەت بە کارى ناوەندەکە ڕونیکردووەتەوە، ناوەندەکە بەشێوەیەکى سەرەکى کارى ئەوەیە ڕێنمایى بۆ پرۆسە سەربازییەکان دەربکات کە پشت بە زانیارییەکى زۆر دەبەستن و پرۆسەکە لەلایەن گروپێکى بچوک یاخود هێزێکى تایبەتەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها زانیارى هەواڵگرى لە ئاژانسە هەواڵگرییەکانى ترەوە کۆدەکەنەوە.

لە درێژەى گێڕانەوەکەیدا رۆژنامەنوسەکە دەڵێت، لە بارودۆخى ئاساییدا 300 بۆ 400 کەس لەو شوێنە کاردەکەن و 24 کاتژمێر کار ناوەستێت، بەڵام کاتێک ئیسرائیل دەستى کرد بە پرۆسە سەربازییەکەى هەزارەها کەس پەیوەندییان بە شوێنەکەوە کرد، لەناویشیاندا ئەندامانى هەواڵگرى وەک مۆساد و شین بیت و شاباک و نوێنەرانى وەزارەتى دەرەوە و دەزگاى پۆلیس.

 

برگمان هێماى بۆ ئەوەشکردووە، دروستکردنى "قەڵاى سەهیۆنى" 10 ساڵى خایاندووە و لە قوڵایى زەویدا و لە هەر هەڕەشەیەک پارێزراوە لەوانەش هێرشى ئەتۆمى، بۆیە بەشى پێویست وزە و خۆراک و ئاوى تێدایە کە بەشى ماوەیەکى زۆر درێژ دەکات.