گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بۆ وەرگرتنى ناوى کاندیدەکانى کابینەکەى مەسرور بارزانی کەى سەردانى سلێمانى دەکات؟

2019.06.14 - 16:17
بۆ وەرگرتنى ناوى کاندیدەکانى کابینەکەى مەسرور بارزانی کەى سەردانى سلێمانى دەکات؟
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح پاش ئەوەى بە فەرمى مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ ڕاسپێردرا، بڕیارە بۆ وەرگرتنى ناوى کاندیدەکانى کابینەکەى سەردانی سلێمانی بکات، هەرچەندە میدیاکانى پارتى باس لەوە دەکەن لە هەفتەى داهاتوودا مەسرور بارزانى سەردانى سلێمانى دەکات، بەڵام ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لە سلێمانی و هەڵەبجە تا ئێستا وادەی ئەو سەردانە نازانێت. . عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە ناس کوردی وت: "تائێستا ڕانەگەیاندراوە کاک مسرور کەی سەردانی سلێمانی دەکات، بەڵام لە پڕۆژەی ئەودا هەیە وەک عورفێکی سیاسی سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێى حکومەت". . وتەبێژەکەی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەى بەوەشکرد: "سازانی سیاسی پێشوەختە لەنێوان هەرسێ لایەنە سەرەکییەکە کراوە، هەر لایەنێکیش بەپێی بەرکەوتەى هەڵبژاردن پشکەکانی لە حکومەتی نوێدا دیاریکراوە". . لەبارەى ئەوەى ئایا گۆڕان و یەکێتى کاندیدەکانیان یەکلا کردووەتەوە بۆ ئەوەى ناوەکانیان ڕادەستى مەسرور بارزانى بکەن لەکاتى هاتنی بۆ سلێمانى؟ عەتا شێخ حەسەن ئاشکرایکرد: "پارتی کاندیدەکانی خۆی یەکلاکردووەتەوە بەم نزیکانەش ناوەکان ڕادەستی سەرۆکی حکومەتی دەکات، بەپێى زانیارییەکانی ئێمە بزوتنەوەی گۆڕانیش کاندیدەکانی تاڕادەیەک ساغکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی تائێستا ساغ نەبووەتەوە کاندیدەکانی یەکێتییە ئەوەش پەیوەندی بە ناوماڵی یەکێتییەوە هەیە". . بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە تا ئێستا وەک گرێکوێرەى نێوان یەکێتی و پارتی تەماشادەکرێت، لەگەڵ هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەت ئەو پرسە و تەواوى پرسەکانى ترى نێوان ئەو دوو حیزبە بڕیارى یەکلاکردنەوەیان لەسەر دەدرێت. . . .