گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ڕێکارەکانى دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوە

پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران کەى دەستپێدەکاتەوە؟ [تایبەت]

2019.06.14 - 15:14
پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران کەى دەستپێدەکاتەوە؟ [تایبەت]
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح پاش چوار ساڵ، لە 8ى ئازارى ئەمساڵ، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى سیستمى پاشەکەوتى مووچە ڕاگەیەندرا، بەو بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیران سیستمەکە هەڵوەشێندراوەیەوە، بەڵام فەرمانبەرانى هەرێم چاویان لە دەرچونى بڕیارى دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوەیە. . سەرۆکى یەکێتى فەرمانبەرانى هەرێم بڵاویکردبووە، قوباد تاڵەبانى نوسراوێكی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی كردووه‌، داوای کردووە پله‌ی وه‌زیفی مووچه ‌خۆران ڕێکبخرێتەوە و پلەبەرزکردنەوە(ترفیع) دەستپێبکاتەوە. . لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "وەزراەتەکەیان ئاگادارى نوسراوێکى لەو جۆرە نییە، بەڵام وەزارەتی دارایی پێش دوو مانگ ڕاستەوخۆ دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشکەوتی مووچە، داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردبوو دەستبکرێتەوە بە ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، بەڵام تائێستا ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی نەداوینەتەوە". . . میکانیزمەکانى پلەبەرزکردنەوە لە ئەگەرى دەستپێکردنەوەى چۆن دەبێت؟لەبارەى ئەو ڕێکار و میکانیزمانەى وەزارەتى دارایی دەیانگرێتەبەر لە ئەگەرى دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێم، سەرچاوەکەى وەزراەتى دارایی وتى: "لەئێستادا گرنگە بڕیارەکە دەربکرێت، کەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بڕیارى پلەبەرزکردنەوەى دەرکرد، ئەوکات وەزارەتی دارایی وردەکارى جێبەجێکردنى بڕیارەکە بە ڕێنمایی دەردەکات، فەرمانبەرانیشی لێ ئاگاداری دەکرێتەوە". .   عیزەت سابیر، ئەندامی پێشووی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، کە هاوکات شارەزاى بوارى ئابورییە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ناس کورد، وتی: "پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران مافێکی وەزیفی خۆیانە، چۆن بەهۆی قەیرانی داراییەوە مووچەکانیان پاشەکەوت کرا و بەرزکردنەوەی پلەکانیان ڕاگیرا، ئێستاش دەبێت ئەو مافەیان بۆ بگەرێتەوە". . لەبارەى دانانى میکانیزم بۆ جێبەجێکردنى پلەبەرزکردنەوە، عیزەت سابیر ئاماژەى بەوەکرد، ئەو پرۆسەیە هیچ میکانیزمێکى ناوێت، هەر بڕیارەکە لەلایەن حکومەتەوە دەرکرا، ڕاستەوخۆ جێبەجێدەکرێت، ئەوەشى خستەڕوو: "هەرفەرمانبەرێک لە فەرمانگەکەی خۆی ڕاژەکەی دیاری کراوە، بەشی ژمێریاری و خۆیەتی لە فەرمانەگەکانیان هەموو زانیارییەکانیان لەلایە". . سەبارەت بەو مافەى فەرمانبەران کە بەهۆى ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى دەیکەوێتە لاى حکومەت، عیزەت سابیر ئاماژەى بەوکرد: "شێوازی دانەوەی پارەی پلەبەرزکردنەوە، دەبێت لە دەقی بڕیاری دەستپێکردنەوەی سیستمەکە بە ڕێنمای دیاریبکرێت، ئایە حکومەت هەموو پارەکە بەسەر یەکەوە خەرج دەکات، یان تەنها لەو بەروارەوە هەژمارەی دەکات کە بریارەکەی تێدا دەرکردووە؟". . . پەرلەمان چاوەڕێى پێکهێنانى کابینەى نوێیە بۆ ئەوەى پرسەکانى تایبەت بە مووچە بخاتە بەرباس لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ئیستادا سەرقاڵی هەموارکردنەوەی یاسای سیستمی  پلەبەندی مووچەی فەرمانبەرانە، پرۆژەکە بەجۆرێکە یەكسانی لەنێوان ئەو فەرمانبەرانە دروستدەكات، كە خاوەن هەڵگری هەمان بروانامە و ناونیشانی هونەری و كارگێڕین لە سەرجەم وەزارەتەكاندا هاوتا بکرێن، ئەو جیاوازییەی لەنێوان وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی تردا هەبوو نەمێنێت. . لەبارەى گەڕاندنەوەى مافى مووچەخۆرانى حکومەت و دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوە، شیرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا چاوەڕێی پێکهێنانی کابینەی نویێ حکومەتین، بۆ ئەوەی بتوانین لێپرسینەوە لەسەر ئەو پرسە دەستپێبکەین" . . شێرکۆ جەودەت ئاشکراشیکرد: "پڕۆژەمان لە پەرلەمانى کوردستان ئامادەکردووە بۆ هاوتاکردنی مووچەکانی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ فەرمانبەرانی  عێراق، هەروەها  دەستکردنەوە بە بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەران، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتەوە ئەو پرۆژەش دواکەوتووە". . حكومەتی هەرێم جگە لە پاشەكەوتی 24 مانگ، هەشت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم قەرزارە كە دەكاتە حەوت تریلیۆن ‌و 120 ملیار دینار، بەپێی رێكکەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند، بەغداد مانگانە بڕی زیاتر لە نیو ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات، تا بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرجبكرێت، بەرامبەر بە پابەند بوونی هەرێم بە ڕادەستکردنى نەوت بە  کۆمپانیایی سۆمۆ. . لە ئێستادا حکومەتى هەرێم لە ساڵى 2019دا، سەرقاڵى دابەشکردنى مووچەى مانگى سێی فەرمانبەرانە، هێشتا چارەنوسى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە نێوان هەرێم و بەغداد نادیارە. . .