ناس کورد-
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی 2003ەوە عێراق هەزار ملیار دۆلاری بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەستداوە و داواش دەکات هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دابمەزرێنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەرهەم ساڵح لە وتارێکی ڤیدیۆییدا سەبارەت بە گەندەڵی ئیداری و دارایی لە عێراق (23ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای "گێرانەوەی پارە و سامانی دزراو و بەتاڵانبراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات" ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کرد و ڕایگەیاند، پڕۆژەیاساکە چەند "هەنگاوێکی کردەیی و باشی تێدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی."
دەشڵێت، "پڕۆژەیاساکە چەند هەنگاوێکی تێدایە بۆ گەڕاندنەوەى پارەی گەندەڵی و هەروەها پشتگیری دامەزراوە دارایی و چاودێرییەکان و چالاککردنی ئامڕازەکانی."
بەرهەم ساڵح باسی لەوەشکرد، گەندەڵی ئیرادەی گەلی بۆ پێشکەوتن و بنیادنانەوە پەکخستووە، هەر ئەوەش بووەهۆی خۆپیشاندانی گەنجان و داواکردنیان بۆ پاککردنەوەى وڵات لەو دیاردەیە.
باسی لەوەشکرد، عێراق بەهۆی گەندەڵییەوە پارەیەکی بێشوماری لەدەستداوە، لە ساڵی 2003ەوە تائێستا هەزار ملیار دۆلاری لەدەستداوە، هەروەها 150 ملیار دۆلاریش لە گرێبەستە گەندەڵییەکاندا براوەتە دەرەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە کە پڕۆژەیاساکە هەوڵی گێڕانەوەى پارە دزراوەکان دەکات بەڕێگەی ڕێککەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، هاوکات داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی.
وتیشی، گەندەڵی ئابوریی سیاسییە بۆ توندوتیژی، پێویستە سەرجەم دام و دەزگاکان ڕێکاری توند و یەکلاییکەرەوە بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى، چونکە "مەترسی گەندەڵی هیچی لە مەترسی تیرۆر کەمتر نییە."
دەقی وتارەکە بە کوردی:
•رێوشوێنەكانی ئەم یاسایە هەموو ئەو بەرپرسانەی دەوڵەتی عێراق دەگرێتەوە كە لە ساڵی 2004 تاوەكو ئێستا، پۆستە باڵاكانیان لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژورتر گرتووەتەدەست، بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی ئەگەری تێوەگلانیان لە گەندەڵی لەوانی دیكە زیاترە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە داراییەكان لە لیستێكی متمانەپێكراودا ناوی ھەموو ئەو بەرپرسانە ئامادە بکەن کە لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا لە پۆستە باڵاکاندا بەرپرسیارێتیان وەرگرتووە.
•ئامانجی سەرەکی ئەم یاسایە گێڕانەوەی پارە بە قاچاخ و بە گەندەڵی و تاڵانبراوەكانی ناوەوە و دەرەوەی عێراقە: ئەو پارە و سامان و داهات و موڵك و ماڵانەی بەهۆی تاوانەكانی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، ھەروەھا ئەو قازانجەش كە لێیەوە بەدەستهاتووە، یان ئەو موڵك و ماڵانەی بەو داهاتانە كڕادراون یان مامەڵە و ئاڵوگۆڕیان پێكراوە یان بەمەبەستی سپیکردنەوە تێكەڵ بە موڵك و ماڵ و مامەڵەی دیكە كراون.
•لە دوای سێ مانگ لە دەرچوونی یاساكە، دەستەی دەستپاكی، لیستی ناوی بەرپرسانی خاوەن پلە و پایە باڵاكان و ئەندامانی خێزانەكانیان، ھەروەھا ئەو كەسانەش كە پەیوەندییەكی بەردەوام و تۆكمەیان لەگەڵدا هەبون دەداتە بانکی ناوەندی عێراق، لیستەكە ساڵانە تازە دەكرێتەوە، بانکی ناوەندی عێراق گشتاندن بۆ لیستەکە دەکات بە مەبەستی پیاچوونەوە و ووردبینیكردنی لە سەرجەم دامەزراوە داراییەكان.
•لەسۆنگەی ئەم یاسایەوە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی لەو پارە و سامانە دەکرێت کە بە گەندەڵی بەدەستھاتووە، لەلایەن کەسانی نزیک و ئەندامانی خێزانی بەرپرسەكان یان هاوڕێكانیان یان ھەموو ئەوانەی كە بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندی سیاسی یان بازرگانیان لەگەڵدا هەبوون، هەروەها ئەوانەش دەگرێتەوە كە لەو 17 ساڵەدا كەسانی خاوەن هەژموونبوون و كاریگەریان ھەبووە لەسەر بڕیارەکان لە ناو دەزگا و جومگە ھەستیار و گرنگەکانی دەوڵەتی عێراق.
•لە دوای دەرچوونی یاساكە، دەبێت بەرپرسان و خاوەن پۆست و پڵە باڵاكان لە ماوەی 60 رۆژدا، دەستنووسێك واژۆ بكەن و تیایدا رەزامەندی خۆیان نیشان بدەن كە دەستەی دەستپاكی و دادگاكانی عێراق، مافی ئەوەیان هەیە داوای زانیاری لەو دەوڵەتانە بكەن كە ئەو بەرپرسانە تیایدا خاوەن هەژماری تایبەتی بانکین، ئەو دەستنووسەش دانپێدانانی ئەو بەرپرسانە دەبێت بەوەی رەزامەندن كە مۆركی نهێنی و تایبەتی لەسەر هەژمارە بانکییەكانیان هەڵبگیرێت و زانیارییەكانیان بخرێنەبەردەست دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق و ئەو دەوڵەتانەی تیایدا خاوەن هەژماری بانکین، بە پێچەوانەوە دوای تێپەربوونی ئەو 60 رۆژە ئەگەر ئەو دەستنووسە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە پێشكەش نەکرێت، بە دەستلەكاركێشاوە ھەژمار دەكرێن و بەرپرسیارییەتەکەیان كۆتایی پێدێت.
•دەستەی دەستپاكی لەسەر بنەمای بەڵگەی تەواو و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و دیوانی چاودێری دارایی، بۆی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق پشكنین و بەدواداچوون بكات، سەبارەت بە مامەڵە داراییەكان و حەواڵەكان و ماڵ و موڵكی ئەو بەرپرسانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەو ئامانجەی سەرچاوەی ئەو سامان و موڵك و ماڵانە ئاشكرا بکرێت، ھەروەھا ئاست و مەودای كاریگەرییەکانی لەسەر بڕیاردان لەناو دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دامودەزگاكانی عێراق و راوەدووی هەموو ئەو گەندەڵكارانەش بکات كە لە دەرئەنجامی پڕۆسەكانی لێكۆڵینەوە و گەڕان و پشكنین تۆمەتی گەندەڵییان بەسەردا ساغ دەبێتەوە.
•تیمێكی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بە ھاوبەشی لە نێوان هەریەك لە وەزارەتی دەرەوە، دەزگای هەواڵگری، دەستەی دەستپاكی، بانکی ناوەندی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی پێكدێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان بە مەبەستی سۆراغكردن و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات و دۆزینەوەی گەندەڵكاران، هەروەها زانیاری و بەڵگەنامە كۆدەكاتەوە سەبارەت بە ماڵ و موڵك و سامان و پارەی عێراقییەكان لەو وڵاتانە كە پۆستی باڵایان لە رابردوو و ئێستا ھەیە.
•وەزارەتی دەرەوە، لە رێگەی باڵوێزخانە و دەزگا پەیوەندیدارەكان پلانێك دادەڕێژێت بە مەبەستی مۆركردنی رێككەوتننامەی دووقۆڵی لەگەڵ دەوڵەتان، بە ئامانجی گێرانەوەی پارە بە تاڵانبراوەكانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، ھەروەھا دەسبەسەراگرتن و گێڕانەوەی ھەموو ئەو قازانج و داهاتانەی لێیانەوە بەدەستهاتوون و دەستگیركردنی گەندەڵكاران و رادەستكردنەوەیان بە دەوڵەتی عێراق و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا و دادوەری.
•یاساکە رێگاخۆش دەکات بۆ مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەكان بەمەبەستی سۆراغكردنی پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق کە بەگەندەڵی بردراون بۆ دەرەوە، ھەروەھا کۆی ئەو داهاتانەی لێیانەوە بەدەستهاتوون.
•دەزگا و دامەزراوە داراییەكان، بانکی ناوەندی عێراق ئاگادار دەكەنەوە سەبارەت بەو لیستانەی ئامادە دەكرێن و تایبەتن بەو مامەڵە داراییانەی كە بەهاكەیان لە 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی زیاترە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە سەرچاوەكانیان.
•بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق، دامەزراوە داراییەكانی عێراق پابەند دەكرێن بە لێكۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەی ئەو کەسانەی خاوەن هەژماری بانکین و بڕەكەی لە یەك ملیۆن دۆلار زیاترە.
•هەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بەو گرێبەست و مۆڵەتانەی وەبەرهێنان كە لە رێگەی بەرتیلەوە یان بە سود وەرگرتن لە هەژموون و پێگە و بوونی بەرپرسیارێتی یان هەر رێكارێكی دیكەی گەندەڵییەوە ئەنجام دراون.
•بە گوێرەی یاساکە و بە مەبەستنی هاندان و پێدانی زانیاری لەسەر گەندەڵكاران، پاداشتێكی دارایی دەدرێت بەو كەسانەی زانیاری لەو بارەوە دەدەن بە دەزگا پەیوەندیدارەكان، بری ئەو پاداشتەش دەگاتە 5% بەهای ئەو پارەی دەدۆزرێتەوە و دەردەکەوێت لە رێگەی گەندەڵییەوە بەدەستهاتووە.
•ئەوانەی تۆمەتی گەندەڵیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە، سزای راگرتن و بلۆككردنی پارە و دەستبەسەرداگرتن و لێسەندنەوەی سەرجەم ماڵ و موڵكی گوازراوە و نەگوازراوەیان بەسەردا دەسەپێنرێت، هەروەها دەست بەسەر بەڵگەنامە و دیكۆمێنتە یاساییەكانیاندا دەگیرێت.
•ئەوانەی تۆمەتی گەندەڵیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە، بە مردنیان یان بە تەواوبوونی ماوەی داوا دادوەرییەكەیان بەرپرسیاریەتی تاوانەكەیان لەسەر لاناچێت و ناشبێت لێبووردنیان بۆ دەربكرێت، موڵك و ماڵ و سامانیشیان بە گوێرەی سزاكانی تاوانی گەندەڵی لەلایەن دەوڵەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.