گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

لاهور شێخ جەنگی: وێنە هەڵواسین ئیشی ماستاوچییە

2021.05.23 - 11:11
App store icon Play store icon Play store icon
لاهور شێخ جەنگی: وێنە هەڵواسین ئیشی ماستاوچییە

ناس کورد-

پاش ئەوەى مەحمود ئەمین، پەرلەمانتار و بەرپرسێکی پێشووی گۆڕان لە فەیسبوکی ئاشکرای کرد کە لە ناحیەی عەربەت دارێک بڕاوەتەوە بۆئەوەى وێنەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی دەرکەوێت، لە بڵاوکراوەیەکی تریدا دەڵێت لاهور شێخ جەنگی تەلەفۆنی بۆ کردووە و وتوویەتی ئەو ئاگای لە هەڵواسینی ئەو وێنەیە نییە و "هەڵواسینی وێنە ئیشی ماستاوچییە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێ شەممە (22ی ئایاری 2021) مەحمود ئەمین لە نامەیەکی کراوەدا بۆ لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، بەهۆی وێنەیەکی ئەوەوە لە ناحیەی عەربەت، دارێکی گەورە بڕدراوەتەوە و وتی، "ئەگەر هاوسەرۆکی حیزبی سۆسیال دیمۆکرات دارێکی زیندوی جوان بکا بە قوربانی وێنەیەکی خۆی، ئەبێ بۆ خۆی چی بکا بە قوربانی؟"

 

ئەمڕۆ مەحمود ئەمین پۆستێکی تر کرد و رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی چارەکە سەعاتێک بەسەر داگرتنی پۆستەکەدا، ژمارەیەکی نە ناسراو پێوەندی کرد، خۆی ناساند کە لە نوسینگەی شێخ لاهورەوە پێوەندی ئەکا و زۆر تەئکیدی کرد کە دور و نزیک هاوسەرۆک و نوسینگەکەی نە ئاگاداری دانانی وێنە و نە ئاگاداری بڕینەوەی دار و نە ئەزانن کێ ئەو کارە ناشیرینەی کردوە.

 

دەشڵێت، "پاش تێپەڕینی 37 دەقیقە بەسەر داگرتنی پۆستەکەدا شێخ لاهور خۆشی پێوەندی کرد، سوێندی گەورەی خوارد کە ئاگا و عیلم و خەبەری لە شتی وا نییە و وتی، ڕەنگە ئیشی کەسێکی ماستاوچی بێ."

 

مەحمود ئەمین باسی لەوەشکرد، لە میانی قسەدا و لە ئەنجامی پێشنیازی من و دەسپێشکەری خۆیدا، ئەم بەڵێنانەی دا:

1- لێکۆڵینەوە ئەکا، ئەگەر ئیشی کەسێکی حیزبی بێ سزای ئەدا.

2- وێنەکەی عەربەت لێ ئەکاتەوە و لە باتی ئەو دارە، هەزار دار ئەڕوێنێ. یەکێکیان لە جێگەی دارە بڕاوەکەدا ئە بێ.

3- بڕیارێک دەر ئەکا بۆ رێکخستنەکانی یەکێتی، کەس وێنەی ئەو لەسەر شەقام و جادە گشتییەکان هەڵنەواسێ بە پێچەوانەوە سزا ئەدرێ.


4- پلانێکی هەیە بۆ لێکردنەوەی هەمو وێنەکانی سەر رێگا گشتییەکان، کەی پلانەکەی جێبەجێ بو، وێنەکان لێ ئەکرێنەوە.