گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری لە ژووری چاودێری چڕەوە

بێهزاد مەحمودی ’’مەترسی لەسەر ژیانی هەیە’’.. پێشتر کەسی کوشتووە؟

2021.05.22 - 15:09
App store icon Play store icon Play store icon
بێهزاد مەحمودی ’’مەترسی لەسەر ژیانی هەیە’’.. پێشتر کەسی کوشتووە؟

ناس کورد-
بێهزاد مەحمودی، ئەو گەنجەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سوتاند تەندروستی باش نییە و لە ژێر ئۆکسجینی دەستکردایە، پزیشکەکان ماوەی 8 بۆ 10 ڕۆژیان بۆ داناوە، بەرپرسی ئەندامانی خەبات لە هەولێریش دەڵێت، "نەتەوەیەکگرتووەکان وەکو پێویست بەدەنگییەوە نەهاتوون".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەفسانە ڕەحیمی، بەرپرسی ئەندامانی خەبات لە هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (22ی ئایاری 2021) وتی، "تەندروستی بێهزاد زۆر خراپە و لە ئێستادا خراوەتە ژێر ئۆکسجینی دەستکرد، خوێن هەڵهێنێتەوەو پزیشکەکان ماوەی 8 بۆ 10 ڕۆژیان بۆ دیاریکردووە."

 

باسی لەوەشکرد، ئەگەرچی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایانگەیاندبوو هەموو هاوکارییەک پێشکەشی بێهزاد دەکەن "بەڵام بەداخەوە تەنها یەک جار هاوڵیان پرسیوە و وەکو پێویست بەدەنگییەوە نەبوون."

 

سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی بێهزاد مەحمود کرا گوایە لە ڕۆژهەڵات گەنجێکی کوشتووە و هەڵاتووە، ئەفسانە ڕەحیمی وتی، "ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و هەوڵی "ڕژێمی ئێرانە بۆ ناو زڕاندنی کوردانی ڕۆژهەڵات،" چونکە دایکی ئەو کوڕەی کوژراوە ڕایگەیاندووە لە 2018 کوڕەکەی کوژراوە لەکاتێکدا بێهزاد لە 2017 پێشمەرگەی ئێمە بووە".

 

لەبارەی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەدەنگەوە هاتنی کوردانی ڕۆژهەڵات لە دوای خۆسوتاندنی بێهزاد لەبەردەم بارەگاکەیان بەهۆی وەڵامنەدانەوەیان و بەدەنگەوە نەهاتنیان و خۆپیشاندانی رۆژی پێنجشەممەی کوردانی رۆژهەڵات و هەڵدانی خێوەت لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەەکان، ڕایگەیاند، بەفەمی هیچ نەکراوە تەنها بەڵێندراوە کێشەکان چارەسەر بکەن و بەدەنگ کوردانی ڕۆژهەڵاتەوە بێن.

 

ڕۆژی دووشەممە (18ی ئایاری 2021) لە دوای کاتژمیر 12:00 "بێهزاد مەحمودی" 26 ساڵ، لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر دەبەیەک بەنزینی کرد بە خۆیدا و لە پەخشی ڕاستەوخۆی چەند کەناڵێکدا خۆی سوتاند و دوای نزیکەی 30 خولەک لە کەوتنی لەسەر زەوییەکە لەلایەن ئەمبوڵانسێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.