گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ براوەیە؟

بە ژمارە و داتا؛ ئەمانە ئەنجام و جەردی زیانەكانی شەڕی ئیسرائیل و غەزەن

2021.05.22 - 12:18
App store icon Play store icon Play store icon
بە ژمارە و داتا؛ ئەمانە ئەنجام و جەردی زیانەكانی شەڕی ئیسرائیل و غەزەن

ناس كورد-
لەپاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە، سەرەكیترین پرسیار لە ناوەندی سیاسی و میدیایی عەرەبی و جیهانی ئەوەیە كە كێ براوەی جەنگەكەیە؟ لەمبارەیەشەوە دەكرێت ئاماژە بەچەند ڕاستییەك بكرێت بۆ تێگەیشتن لەبارودۆخی پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نوسەر و میدیاكاری ناسراوی لوبنانی سەمیر عەتەڵڵا لە شیكارێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (22 ئایاری 2021) هەڵوێستە لەسەر چەند پێدراوێكی سیاسی دەكات لەشێوەی دەرەنجامدا:
ـ حەماس چوار هەزار موشەكی هاویشتە ناوخۆی ئیسرائیل
ـ ئیسرائیل وێرانكارییەكی زۆری گەیاند بە كەرتی غەززە
ـ میسر گەڕایەوە بۆ پێگەی دیبلۆماسی جارانی خۆی و ستایشی زۆركرا
ـ ئێران وەك حوسییەكان حەماسی گرتە ئامێزی خۆی و هاتەناو گۆڕەپانەكە.

لەسەر ئاستی زیانە گیانییەكانیش ئەم ئامارانە تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاستكراونەتەوە:

زیانەكانی فەلەستین:
بەپێی ئامارەكانی تەندروستیی فەلەستینی، 232 هاوڵاتی كوژراون كە 65 یان منداڵن و 39 كوژراویتر ژنن، جگە لەوەش 1910 كەس برینداربوون كە 560 یان منداڵن.


نزیکەى 75 هەزار فەلەستینی ئاوارەبوون و لەماڵ و حاڵی خۆیان هەڵكەنراون بەگوێرەی ئاماری ئۆنروا.


بەگوێرەی ئاماری فەرمی 1041 خانوو بەتەواوی وێران بوون، 768 خانوو زیانی زۆریان پێگەیشتووە، 13500 خانوو پارچەیان بەركەوتووە.


زیانی زۆر بە ئاوەڕۆ و جادە و بان و خوێندنگا و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی غەزە گەیشتووە.

 

زیانەكانی ئیسرائیل:

زیانە گیانییەكانی ئیسرائیل 12 كوژراو و 335 بریندارن بەپێی ئاماری پۆلیس.


زیانە ئابوورییەكانی ئیسرائیل بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت، راگرتنی كێڵگەی غاز، زیانی بۆرسە بە ڕێژەی 30% بووە و هەندێ میدیای ئیسرائیلی بە سەروو دوو ملیار دۆلار مەزەندەی دەكەن.


بەگوێرەی مەعاریفی ئیسرائیلی بەرپەرچدانەوەی هێرشی هەر موشەكێكی حەماس بۆسەر ئیسرائیل 50-100 هەزار دۆلار كەوتووە، لەكاتێكدا تێچوونی موشەكەكە لەسەر حەماس 300-800 دۆلار بووە.


میدیا ئیسرائیل و شیكاروانەكان و سیاسییەكانی وڵات توڕەن لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و پێیانوایە شێواز و جۆرەكەی شكستی تێدابووە، هەروەها ئیسرائیل شكستیهێناوە لە ئاشكراكردنی توانای حەماس بۆ تێكدانی ئاسایش و زەخیرەكردنی تەقەمەنی لەژێر زەوی.

 

میدیای ڕەخنەگری ئیسرائیلی پێیانوایە لەمەودای كورتدا نەتەنیاهۆ براوەبووە و تەمەنی حكومەتەكەی درێژ كردەوە، بەڵام پرسیار و گومان و ڕەخنەی زۆر لەسەر ئایندەی سیاسی ئەو دروست بووە بەهۆی ئەو شۆكە گەورەیەی لە ئیسرائیل دروست بوو لەئەنجامی هێرشەكانی حەماش.

 

حكومەتی ئیسرائیل و سوپاكەی باس لەوە دەكات زیانی گەورەی داوە لە ژێرخانی ئابووری و سەربازی حەماس و چەندین ساڵ تواناكانی غەزەی بردووەتەوە دواوە.


سوپای ئیسرائیل باس لە كوشتنی پۆلێك سەركردەی حەماس دەكات لەگەڵ وێرانكردنی چەندین تۆڕ تونێل كە ساڵانێكی زۆرە كاری تێدا دەكرێت لە كەرتی غەزە.


لای خۆشییەوە حەماس سەركەوتنی ڕاگەیاندووە و پاش ئەو هاوسۆزییە گەورەیەی بەدەستیهێنا خۆی وەك براوەی جەنگەكە دەداتە قەڵەم بەتایبەت كە شەڕی قودسی كردووە و توانیویەتی بگاتە ناوخۆی ئیسرائیل.