گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڵگەکان دەخرێنەڕوو

بەڤیدیۆ؛ لەبارەی ’’داخستنی دەرمانخانەیەک بەهۆی هەرزانی نرخەکانی’’ ڕوونکردنەوە دەدرێت

2021.05.21 - 21:23
App store icon Play store icon Play store icon
بەڤیدیۆ؛ لەبارەی ’’داخستنی دەرمانخانەیەک بەهۆی هەرزانی نرخەکانی’’ ڕوونکردنەوە دەدرێت

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی داخستنی دەرمانخانەیەک لە هەولێر بڵاوکردەوە و ڕەتیدەکاتەوە، لەسەر هەرزانی نرخەکانی داخرابێت، دەشڵێت، دەرمانخانەکە دەرمانی حکومیی بە هاووڵاتیان فرۆشتووە بۆیە داخراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان (هەینی 21ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، "بەداخەوە لە چەند پەیج و ھەژمارێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی بڵاوبوونەوەی داخستنی دەرمانخانەیەک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە بە ھۆکاری ھەرزانی لە نرخی دەرمان داخراوە، بەڵام ئەم بابەتە دوورە لە راستی، بەڵكو ھۆکاری داخستنی ئەم دەرمانخانەیە دەگەڕێتەوە بۆ فرۆشتنی کۆمەڵێک دەرمانی حکومیی وەزارەتی تەندروستی  (MOH/IRAQ) کە بە خۆڕایی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ ھاووڵاتییان دابین دەكرێت و كرین و فرۆشتنی لەسەرنییە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەسەر سکاڵای ھاووڵاتیان لیژنەكانی چاودێریكردنی بازار سەردانی ئەم دەرمانخانەیان کرد،  دەرکەوت ئەم دەرمانخانەیە کۆمەڵێک دەرمانی (MOH) کە موڵکی گشتین بە شێوەیەكی نایاسایی دەستیان كەوتووە و  بە بڕە پارەیەکی زۆر بە ھاووڵاتیانی دەفرۆشن و ساخی دەكەنەوە کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و قەدەغەکراوە."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ھەروەک لە پارچە ڤیدیۆکە جۆری دەرمانەکان دەردەکەوێت و لۆگۆی (MOH/IRAQ) لەسەر دەرمانەکان دیارە، بۆیە دەرمانخانەکە داخرا و سەرپێچیکار رێکاری یاسای بەرامبەر دەگیرێتە بەر ."

 

زیاتر بخوێنەرەوە: داخستنی دەرمانخانەیەک لە هەولێر کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە

 

پێشتر سەرچاوەیەک لە دەرمانخانەکە بە "ناس کورد"ی وت، بەهۆی هەرزانی نرخی دەرمانەکانیان دەرمانخانەکە داخراوە و بوونی ئەو چەند دەرمانە حکومییە تەنها بیانووە، چونە تەنها پێنج دەرزیی ئەنسۆلینی لێبووە و ئەویش هاووڵاتییەک هێناویەتی و وتویەتی، بە خێر بیدەن بە کەسێک کە پێویستی پێبێت.