گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە لەسەر چی داخراوە؟

داخستنی دەرمانخانەیەک لە هەولێر کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە

2021.05.21 - 17:46
App store icon Play store icon Play store icon
داخستنی دەرمانخانەیەک لە هەولێر کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە

ناس کورد-

داخستنی دەرمانخانەی "سەروەران" لە شاری هەولێر کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و هاووڵاتیان دەڵێن، بەهۆی هەرزانی لە نرخەکانیدا داخراوە، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لەو پرسە دەڵێت، لیژنەکان بە بیانووی پێنج دەرزیی حکومی دەرمانخانەکەیان داخستووە، بەڵام ئەوە بیانووە و لە ڕاستیدا دەرمانخانەکە بەهۆی هەرزانی لە نرخەکانیدا داخراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێ پێنجشەممە 20ی ئایاری 2021، دەرمانخانەی "سەروەران" لە شاری هەولێر لەلایەن لیژنەکانی چاودێریی دەرمانخانەکان داخرا و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.

 

بەشێک لە هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێیانوایە بەهۆی هەرزانی نرخەکانی، دەرمانخانەکە داخراوە و دەڵێن، دەرمانخانەکە بەهۆی هەرزانی نرخی دەرمانەکانی سودێکی زۆری بە هاووڵاتیان گەیاندووە.

 

 

 

ناس کورد پەیوەندی کرد بە خاوەنی دەرمانخانەکە، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات و وتی، نایەوێت کێشەکە بۆ خۆی گەورەتر بکات.

 

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەرمانخانەکە بە "ناس کورد"ی وت، "ماوەیەک پێش ئێستا کەسێک پێنج دەرزیی ئەنسۆلینی هێنایە دەرمانخانەکە کە لە نەخۆشخانەی حکومی پێیان دابوو، بەڵام تەندروستیی باشببوو و پێویستی پێی نەمابوو، بۆیە وتی هەرکەسێک هات بە خێر بیدەنێ."

 

"دواتر لیژنەکان هاتن و بە بیانووی ئەو پێنج دەرزییە دەرمانخانەکەیان داخست، سەرەڕای هەموو ڕوونکردنەوەیەکیش کە بابەتەکە بەوشێوەیەیە، بەڵام ئەوان گوێیان نەگرت و دەرمانخانەکەیان داخست."، ئەو سەرچاوەیە وای وت.

 

باسی لەوەشکرد، "خاوەنی دەرمانخانەکە وتویەتی، "ئەگەر من ئەو کارە بکەم دەبێت دەرمانخانەکەم پڕبێت لە دەرمانی دیکەی حکومی، بگەڕێن بزانن لەو پێنج دەرزییە هیچی دیکە دەدۆزنەوە"، بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر داخستنی دەرمانخانەکە.

 

لەماوەی 45 ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمە دووەمین جارە ئەو دەرمانخانەیە دادەخرێت، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، "لە هەموو هەولێردا هیچ شوێنێکی دیکە نییە لەماوەی 45 ڕۆژدا دووجار دابخرێت، ئەوە بەڵگەیەکی تەواوە کە هەرزانی نرخەکانی دەرمانخانەکە زیانی لە شوێنی دیکە داوە و ئەوان شکاتییان کردووە، بەڵام تەندروستی ناوێرێت بە ئاشکرا بڵێت لەبەر هەرزانی نرخەکانی دەرمانخانەکەیان داخستووە."

 

ناس کورد پەیوەندی کرد بە وتەبێژی تەندروستیی هەولێر، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.