گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

نەخۆشخانەى پار: هیچ سەرکردەیەک تێچووى کچە نەخۆشەکەى نەگرتۆتە ئەستۆ 

2021.05.20 - 14:13
App store icon Play store icon Play store icon
نەخۆشخانەى پار: هیچ سەرکردەیەک تێچووى کچە نەخۆشەکەى نەگرتۆتە ئەستۆ 

ناس کورد- 

نەخۆشخانەى پارى پزیشکى لە شارى هەولێر لەسەر دابینکردنى تێچووى چارەسەرى کچێکى نەخۆشى بەڕەگەز عەرەب لەلایەن لاهور شێخ جەنگیی، هاوسەرۆکى یەکێتییەوە لەبەرامبەر "ئازادکردن"ى لەنەخۆشخانەکە هاتە دەنگ و دەشڵێت، هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تێچووی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشە بەرەگەز عەرەبەی نەگرتۆتە ئەستۆ.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نەخۆشخانەکە (20ى ئایارى 2021) لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەگەر هەر کەس و لایەنێکی سیاسی نیازی خزمەتکردن و چارەسەرکردنی خەڵکی هەیە، دەکرێ ئەو لایەنانە پارەکانیان لەخزمەتی کەسوکارى شەهیداندا سەرف بکەن، نەک هەوڵدان بۆ لێدان لە کەس و بە سیاسی کردنی بابەتەکە.

 

لەکۆتایى ڕاگەیەنراوەکەشیدا ئەو نەخۆشخانەیە، دەشڵێت، ماوە ماوەش بۆ مەرامی سیاسی دەیانەوێ هێرش بکەنە سەرمان، بەڵام موزایەدەکانیان تەمەنیان کورتە و وەک بڵقی سەر ئاو کۆتاییان دێت.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، دواى ئەوەى نەخۆشخانەکە ئەوەى ڕاگەیاند، بەهۆى پێنەدانى خەرجى نەخۆشییەکانیەوە ئەو نەخۆشە گلدراوەتەوە تاڕادەستکردنى پارەکەى، میدیاکانى نزیک لە لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ناوبراو ئامادەیى پیشانداوە تێچووى ئەو نەخۆشە دابین بکات بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە.



دەقى ڕوونکردنەوەى نەخۆشخانەکە

روونکردنەوەیەک لە نەخۆشخانەی پاڕ-ەوە

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە بابەتی نەخۆشێکی نەخۆشخانەکەمان بووەتە بابەتی میدیایی چەند کەناڵێکی ئاراستەکراو، ئەو کەناڵانەی تا ئێستاش داهاتەکانیان ڕوون نییەو نازانرێ لەکوێوە ئاراستە دەکرێن و بەشێک لە ئامانجەکانیان تێکدانی کۆمەڵگاو گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکانە.

 

ئێمە لەنەخۆشخانەی پاڕ لە ڕوونکردنەوەی پێشووشمان راستی ئەم بابەتەمان خستەڕوو، بەشێکیش لە کەناڵە میدیاییەکان پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکە کرد، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە کراوەتە بابەتێکی سیاسی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەکە بشێوێنن و شکست و ئابڕووچوونە سیاسییەکانی خۆیانی پێ داپۆشن، لێرەوە بەم چەند خاڵە رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، کە:

 

یەکەم: هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تێچووی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشە بەرەگەز عەرەبەی نەگرتۆتە ئەستۆ، خۆ ئەگەر هەر کەس و لایەنێکی سیاسی نیازی خزمەتکردن و چارەسەرکردنی خەڵکی هەیە، ئەگەرچی ئێمە لە نەخۆشخانەی پاڕ پێویستمان بەوە نییە و بەگوێرەی توانا لەخزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەران بووینە، بەڵام دەکرێ ئەو لایەنانە پارەکانیان لەخزمەتی ئەوانە سەرف بکەن، نەک هەوڵدان بۆ لێدان لە کەس و بە سیاسی کردنی بابەتەکە.

 

دووەم: تیمی پزیشکی نەخۆشخانەکەمان لە سەرەتاوە هاوەڵی ئەم نەخۆشەیان ئاگادار کردەوە کە ئەگەر ئەم نەخۆشە لە نەخۆشخانەکەمان بمێنێتەوە تێچووی هەیە، بەڵام هاوەڵی نەخۆشەکە رایگەیاند کە ئامادەیە هەموو تێچووی چارەسەرەکە بگرێتە ئەستۆو ئێمە وەک نەخۆشخانە هاوکاری بووین و ئەو بڕەی کەوتۆتە سەر نەخۆشەکە تەنها هەقی پزیشک و مەساریفەکانی چارەسەرە.

 

سێیەم: لەڕۆژی چوارشەممە ١٩/٥/٢٠٢١ بە ئەمبوڵانسی تایبەتی نەخۆشخانەکەمان و تیمی پزیشکیەوە ئەم نەخۆشە براوەتە نەخۆشخانەی حکومی و لەدوای ماوەیەکی کەم خۆی گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەکەمان و ئامادە نەبووە لەوێ چارەسەر وەرگرێت.

 

چوارەم: هاووڵاتیانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لە سەرەتای دروستبوونییەوە نەخۆشخانەی پاڕ بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشەکانی کردووەو باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش کردوون، ماوە ماوەش بۆ مەرامی سیاسی دەیانەوێ هێرش بکەنە سەرمان، بەڵام موزایەدەکانیان تەمەنی کورتەو لەکۆتاییدا راستی و راستگۆیی سەردەکەوێت و موزایەدەچییەکان ووک بڵقی سەر ئاو کۆتاییان دێت.

 

نەخۆشخانەی پاڕ