ناس کورد-
لەشاری دهۆک بەهۆی هەبوونی دەرمانی بێ ناونیشان و نایاسایی سێ دەرمانخانە داخران و کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانیش هۆشداری بە دەرمانخانەکان دەدات کە خۆیان بەدوور بگرن لەو جۆرە دەرمانانە، بەپێچەوانەوە رووبەرووی سزای توند و دادگا دەکرێنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا دامەزراوەی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی (سێشەممە 18ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، " لە هەڵمەتێکدا بۆ گەڕان بەدوای دەرمانی بێ سەرچاوە و نایاسایی سێ دەرمانخانە داخران بەهۆی بوونی دەرمانی نایاسایی و بێ سەرچاوە، دەست بەسەر دەرماناکاندا گیرا و سزای پێبژاردنیشیان بۆ کرا، هەروەها لە بەشی یاسایی بەرێوەبەرایەتیەکەمان بەڵیننامەی یاساییان پێ پرکرایەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لێرەوە گشت شوێنە دەرمانسازییەکان، دەرمانخانە، کۆگای دەرمان، نەخۆشخانەی تایبەت و کۆمپانیاکانی دەرمان ئاگادار دەکەینەوە کە خۆیان بە دوور بگرن لە دەرمانی بێ سەرچاوە، بەپێچەوانەوە رووبەرووی سزای توند و دادگا دەکرێنەوە."
ئەوەش هاتووە، " هەروەها دڵنیایی تەواو دەدەینە هاووڵاتیانمان کە تیمەکانمان بەردەوام دەبن لە گەڕان و بەدواداچوونەکانیان بۆ رووبەروو کردنەوەی سەرپێچی کاران بەرانبەر بە یاسا."