گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر بخوێنەوە

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: دەبوو ڕۆژنامەنووسەکان مایک فڕێ بدەن و باوەش بە گەنجەکەدا بکەن

2021.05.18 - 18:57
App store icon Play store icon Play store icon
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: دەبوو ڕۆژنامەنووسەکان مایک فڕێ بدەن و باوەش بە گەنجەکەدا بکەن

ناس کورد-
ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان نیگەرانى خۆى لە خۆسوتاندنی گەنجێك و ڕووماڵى ميدياكان دەردەبڕێت و ئەوەش دەڵێت، "هێشتا میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئێمە تەنها و تەنها بە دواى هەواڵەوەیە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (18ی ئایاری 2021) ئاماژەی بەوەکردووە، پاش ئەوەى ئەمڕۆ ژمارەیەک پەنابەرى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارى هەولێر کۆبوونەوە بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتى لە بێ وەڵام مانەوەى کەیس و داواكانيان، هاوڵاتییەکى ڕۆژهەڵات بە ناوى (بێهزاد مەحمودى) ناسراو بە (محەمەد) بەنزینى بە خۆیدا کرد و لە بەردەم چەند ڕۆژنامەنووسێک ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا.


ئەوەش راگەیەنراوە، بە داخەوە ئەو کەناڵ و ڕۆژنامەنووسانەى لە شوێنى ڕووداوەکە بوون، زۆر نابەرپرسانە خەریکى ڕووماڵى ڕووداوەکە بوون، بێ ئەوەى گوێ بدەنە ئەوەى کە دەبوو لە جیاتى گرنگیدان بە هەواڵى خۆسوتاندنەکەى، گیانى ناوبراویان ڕزگار بکردایە و نەیانهێشتایە خۆى بسوتێنێت و ئەوە دەبوە پیشەیيبوون و ئینسانیبوون و کارێکى مۆراڵى، کە دەیانتوانى ئەو کارە بکەن و نەیانکرد.

ئەم ڕووداوە پێماندەڵێت، هێشتا میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئێمە تەنها و تەنها بە دواى هەواڵەوەیە، نەک ناوەڕۆکى هەواڵ و ڕەهەند و لێکەوتەکانى، گەر وانییە، دەبوو ڕۆژنامەنووسەکان مایکەکان فڕێبدەن و باوەش بە گەنجەکەدا بکەن، ئەوە دەبوە هەواڵ و شانازى، نەک ئەوەى بە بەرچاوى ئەوانەوە ڕوویداوە و بێدەنگبوون.
ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان دەشڵێت، "ئێمە لە ئەنجومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان، سەرەڕاى هاوخەمى، نیگەرانى خۆمان لە خۆسوتاندنى ئەو گەنجە دەردەبڕین و هەرچى زوترە خوازیارى چاکبوونەوەین و لە هەمانکاتدا نیگەرانى خۆشمان لە پەیامنێرانى ئەو کەناڵانە ڕادەگەیەنین، کە دەبوو بە ئەرکى ئینسانى خۆیان هەستن، چونکە ڕۆژنامەنووس پێش هەر شتێک ڕێزگرتنە لە ئینسان و بەهاکانى مرۆڤایەتى".

 

ئەمڕۆ 18ی ئایاری 2021 لە دوای کاتژمیر 12 محەمەدی 25ی ساڵ کە پەنابەرێکی ڕۆژهەڵاتەو خەڵکی بۆکانەو ماوەی 4 ساڵە لە باشوری کوردستان دەژی و پیشەی کرێکاری دەکات لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر دەبەیک بەنزینی کرد بە خۆیداو لە پەخشی ڕاستەوخۆی چەند کەناڵێک خۆی سوتاندو دوای نزیکەی لە 30 خولەک کەوتنی لەسەر زەوییەکە لەلایەن ئەمبوڵانسێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.