گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند پسپۆڕێک وەڵام دەدەنەوە

ئەو ڕاگەیاندنکارانەی دیمەنی خۆسوتاندنەکەیان گواستەوە تاوانبارن؟

2021.05.18 - 17:47
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو ڕاگەیاندنکارانەی دیمەنی خۆسوتاندنەکەیان گواستەوە تاوانبارن؟

ناس کورد-

گواستنەوەی ساتی خۆسوتاندنی گەنجێک لە شاری هەولێر کاردانەوەی گەورەی دروستکردووە و یاساناسان و مامۆستایانی بواری ڕاگەیاندن دەڵێن، بەگوێرەی یاسا ئەو کەسانە تاوانبارن، چونکە نەک ڕێگرییان لەو گەنجە نەکردووە، بەڵکو بە وێنەگرتنی هانیشیان داوە کە ئەو کارە بکات، مامۆستایەکی بواری یاسا و ڕاگەیاندنیش پێیوایە، گواستنەوەی هەموو بابەتێک وەک خۆی بەرپرسیارێتی یاسایی نییە و ئەو ڕاگەیەندنکارانە دەبوو وازیان لە مایک و کامێراکانیان بهێنایە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئایاری 2021، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەشاری هەولێر، گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم مایک و کامێرای چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەڵام پەیامنێرانی ئەو کەناڵانە بەردەوام بوون لە گواستنەوەی دیمەنەکە و ڕێگرییان لەو کارەی گەنجەکە نەکرد.

 

"بەپێی یاسا ئەو ڕاگەیەندنکارانە شەش مانگ زیندانی دەکرێن"

 

د. سامان فەوزی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە یاسای ڕاگەیاندن بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "مادەی (370) له ياساى سزاكانى عێراقيدا سزاى دياريكردووه بۆ ئه و كەسەى به بێ پاساو به فرياى ليقەوماو له ڕووداوێك يان تاوانلێكراوێك ناچێت كه سزاكەى بريتيیه له بەندكردن بو ماوەیەك كه له (6) مانگ زياتر نه بێت و پێبژاردنيك كه له دوو ملیۆن و 25 هەزار دينار زياتر نەببێت يان يەكێكيان.

 

وتیشی، "بەگوێرەی ئەو مادەیە، ئەو کەسە سزا دەدرێت بە زیندانیکردن کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت، یاخود پێبژاردن کە لە دوو ملیۆن و 25 هەزار دینار زیاتر نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕووداوە لێکدانەوەی زیاتر هەڵدەگرێت، بەتایبەت لەو خاڵەی کە ئەو کەسە ئەگەر پاساوێکی هەبێت سزا نادرێت."

 

"لەڕووی ئیتیکی کاری ڕاگەیەندنەوە"

 

لەڕووی ئیتیکی ڕۆژنامەوانییەوە، د. سامان فەوزی ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو میدیاکارانە به ئاشكرا پێشيلى ئيتيكى کاری ڕاگەیاندیان کرد له برى ئه وەى ريگا له خوسوتاندنى ئه و کەسە بگرن كه دەيانتوانى نەهێڵن خوى بسوتێنێت، بەڵام بەردەوام بوون لەسەر لێدوان وەرگرتن لێی، جگە لەوەی لەدوای ڕووداوەکەش بەردەوام بوون لەسەر وێنەگرتن، لەجێی ئەوەی مایک و کامێراکان دابنێن و هاوکاری بکەن."

 

ڕوونیشیکردەوە، "بۆ ئەو پرسە دوو قوتابخانەی ڕۆژنامەوانی هەیە، یەکێکیان پێیوایە، ڕۆژنامەنوس کاری گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییە وەک خۆی و کاری ئەو نییە بە هانای لێقەوماو و ئەو کەسانەوە بچێت کە پێویستیان بە هاوکارییە."

 

"قوتابخانەی دووەم، کە من لەگەڵیدام پێیوایە، کە ڕۆژنامەنوس پێویستە هەستی هەبێت و نابێت لایەنە مرۆڤایەتییەکان لە کاری ڕاگەیاندن دەربکرێت و پێویستە ڕاگەیاندنکار پێش کارەکەی ژیانی مرۆڤی بەلاوە گرنگ بێت."، د. سامان فەوزی وادەڵێت.

 

ئەو پسپۆڕەی یاسای ڕاگەیاندن باسی لەوەشکرد، "لەلایەکی دیکەوە گواستنەوە ئەو ڤیدیۆ و وێنانە بەبێ فلتەر بۆ بینەر، لادانە لە بنەماکانی کاری ڕاگەیاندن، چونکە دەروونی مرۆڤ تێکدەدات و ڕەنگە لەو کاتەدا منداڵ ئەو دیمەنە جەرگبڕانە ببینێت، واتە نابێت هەموو شتێک وەک خۆی لە میدیاکانەوە بگوازرێتەوە."

 

"شارێکی شێت" 

 

د. سامان فەوزی نمونەی فیلمێکی هێنایەوە بەناوی "شارێکی شێت" کە تیایدا ڕۆژنامەنوسێک کامێراکەی جێدێڵێت و دەچێت بە هانای کەسێکەوە کە بریندارە، بەڵام دواتر بەرپرسی دەزگاکەی ڕەخنەی لێدەگرێت کە کارەکەی بەجێهێشتووە و وتویەتی، "کارەکەی تۆ وێنەگرتنە، نەک بە هاناوەچوونی بریندار".

 

باسی لەوەشکرد، ناوی فیلمەکە بەناوی "شارێکی شێت" وەک ڕەخنەیەکە کە ئەو کەسانە پێویستە بەهای مرۆڤایەتی لەدەست نەدەن، بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی بینەر و گواستنەوەی هەواڵەکە وەک خۆی.

 

د. سامان فەوزی لەبارەی دۆخی میدیای کوردییەوە، باسی لەوەکرد، "ڕۆژانە پێشێلکاری یاسای و ئیتیکی لە میدیاکانەوە دەبینین، هەندێک هەواڵ بە وردەکاریی و ناوی تەواو و وێنەوە بڵاودەکرێنەوە و کە بەڕاستی زیانی زیاترە، ئەوەش بۆ بەدەستهێنانی ڵایک و بینەری زۆر. لەکاتێکدا نابێت تەنها ئەوە لەبەرچاو بگیرێت و پێویستە بەرژەوەندی گشتیی بخرێتە پێش بەرژەوەندی تایبەتەوە."

 

ئەوەشی خستەڕوو، " پێویستە دەزگا میدیاییەکان لە ئۆفیسەکانیاندا بنەما ئیتیکی و یاساییەکانی کاری ڕاگەیاندن هەڵبواسن، هەروەها لەو خولانەی بۆ ڕۆژنامەنوسان دەکرێنەوە وەک وانە بخوێنرێن و زیاتر ڕوونکردنەوەیان لەسەری پێبدرێت."

 

"ئەو ڕاگەیەندنکارانە بە دوو تاوان تاوانبارن" 

 

هاوکات هەر لەڕووی یاساییەوە، ئەندامێکی داواکاری گشتیی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ "ناس کورد" ڕوونیکردەوە، "لەو ڕووداوەدا ئەو ڕاگەیاندنکارانە دوو تاوانیان دەکەوێتە ئەستۆ، یەکێکیان ڕێگری نەکردنە لەو کارە کە بەگوێرەی یاسا رێگری نەکردن لە تاوانێک بە تاوان ئەژمار دەکرێت، هەروەها بە وێنەگرتن هانی کەسەکە دەدەن کە ئەو کارە بکات، کە ئەوەش دەچێتە قاڵبی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان."

 

باسی لەوەشکرد، "وەک داواکاری گشتیی سەرەتا کۆی بابەتەکە کۆدەکەنەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن و دواتر هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن لەوبارەیەوە."

 

لەتیف شێخ مستەفا: تاوانبار نیین

 

لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەدا، بۆچوونێکی دیکە هەیە کە ئەو ڕاگەیەندنکارانە هیچ بەرپرسیارێتیکیان نییە و بەرپرس نیین لە ڕزگارکردنی ژیانی ئەو کەسە بەگوێرەی یاسا.

 

لەتیف شێخ مستەفا، یاساناس و پسپۆڕی یاسایی بە "ناس کورد"ی وت، "ئەو کەسانە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان نییە و بەرپرس نین بەوەی ڕێگری لەو کارە بکەن، بۆیە هیچ سزایەک لەو ڕووەوە نایانگرێتەوە، بەڵکو ئەگەر پۆلیس یاخود ئاگرکوژێنەوە یاخود هەر لایەنێکی پەیوەندیداری حکومی بوونایە بەرپرس بوون بەوەی ڕێگری لێبکەن."