گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى ڕۆشنبیری سزای ئەو دەزگایانە دەدات کە دیمەنی خۆسوتاندنی گەنجەکەیان بڵاوکردەوە

2021.05.18 - 17:36
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتى ڕۆشنبیری سزای ئەو دەزگایانە دەدات کە دیمەنی خۆسوتاندنی گەنجەکەیان بڵاوکردەوە

ناس کورد-

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گواستنەوەی ڕاستەوخۆی ڕووداوێکی خۆسوتاندن لە هەولێر لەلایەن چەند کەناڵێکەوە دەچێتە خانەی "هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتن" بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەناڵانە دەگیرێتەبەر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (18ی ئایاری 2021) دەڵێت، بۆ بەدواداچوونى ئەو "ڕووداوە دڵتەزێنەى ئەمڕۆ ڕوویدا" کە گەنجێک لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارى هەولێر خۆى سوتاند و چەند کەناڵێکى ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا ڕاستەوخۆ گواستییانەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانى وەزارەت کۆبوونەوە."

 

دەشڵێت، "دۆخی ئێستاى ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا لە هەرێمى کوردستاندا لە ڕووى ئیتیکى ڕۆژنامەوانى و بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتییەوە بە دۆخێکى نالەبار و خراپ وەسف دەکەین."

 

وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان "لە ڕێی بەرێوەبەرایەتیى گشتى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە، وێڕای ڕێنمایی ژمارە (1)ى ساڵى 2014 بەتایبەتیش بڕگەى سێیەم، هەروەها ئاگادارینامەیەکى لە 5ی شوباتی 2021دا داوە بەهەموو کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشکردنى ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەى دەچنە خانەى بڵاوکردنەوە و هاندانى توندوتیژى و کوشتن و خۆکوشتن، کە لە ڕووى دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن."

 

وەزارەتەکەش دەشڵێت، لە ئەگەرى پابەندنەبوونیان بەو ڕێنماییانەوە، لە ڕێی دەستەى داواکارى گشتى و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کورستان، ڕێکارى یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت."

 


ئەوەى ئەمڕۆش ڕوویدا "دەچێتە هەمان خانەوە، وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان جگە لە جێبەجێ کردنى ئەرکى وەزارەت بە پێی ئەو ڕێنماییانەى ئاماژەیان پێکراوە، داوا لە دەستەى سەرۆکایەتى داواکارى گشتى دەکات، هەموو ڕێکارێکى یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەى سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەى کە ڕووماڵى ڕووداوەکەیان کردووە، وەربگرێت."