گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

یەکەم کاردانەوەى حکومەت دژى ئەو میدیایانەى خۆسوتاندنى گەنجەکەیان گواستەوە

2021.05.18 - 15:13
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم کاردانەوەى حکومەت دژى ئەو میدیایانەى خۆسوتاندنى گەنجەکەیان گواستەوە

ناس کورد-

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم لەسەر پەخشى راستەوخۆى خۆسوتاندنی گەنجێکی ڕۆژهەڵات لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر هاتە دەنگ و دەڵێت، ڕێککاری یاسایی دەگرنە بەر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شیروان عەبدوڵڵا  بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (18ی ئایاری 2021) وتی "دوای ئەوەی لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە میانی پەخشی ڕاستەوخۆداو بە ئامادەبوونی پەیامنێرو وێنەگری چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن گەنجێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سوتاندو ئەوان ڕێگرییان نەکردو ڤیدیۆکەشیان بڵاوکردووەتەوە، وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێککاری پێویست دەگرینە بەر".

 

باسی لەوەشکرد، لەسەر داواکاری وەزیری ڕۆشنبیری لە ئێستادا گەڕاونەتەوە بۆ دەوام تاوەکو ڕێککاری پێویست لەگەڵ ئەو دەزگایانە بگیرێتەبەر کە ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە، چونکە لە ڕۆژانی ڕابردوو بە نوسراو ئاگاداریان کردوون لەوەی ڕێگری بکەن لە دیمەنی توندوتیژی و خۆ کوشتن.

 

شیروان عەبدوڵڵا  داواشیکرد، هەرچی زووە داواکاری گشتی بێتە دەنگ و سکاڵا دژی ئەو پەیامنێرو وێنەگرانە تۆمار بکات کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و ڕێگرییان نەکردووە.

 

جەختی لەوەشکردەوە، هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڤیدیۆی خۆسوتاندنی ئەو گەنجەی بڵاوکردبێتەوە بەپێی یاساکان ڕێککاری یاسایی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر.

 

بەپێی گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە "ناس کورد" بینیویەتى دەردەکەوێت پەنابەرەکە لەبەردەم کامێراى کەناڵەکانى راگەیاندن وەستاوە و چەرخێک و دەبەیەک بەنزینى بەدەستەوەیە و ئاگر لەخۆى بەردەدات.  

  

پەنابەرەکە لەماوەیەکى کورتدا کەوتە سەر زەوى و کەسێک کە لەگەڵیدا بوو بەخێرایی کوژاندییەوە.  

  

دواى ماوەیەک مانەوەى لەسەر زەوى، پەنابەرەکە کە بەشێکى جەستەى سوتابوو بە یارمەتى چەند کەسێکى دیکە هەستایەوە سەرپێ و بە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتنى نەتەوەیەکگرتووەکان گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.  

  

پەنابەرەکە ناوى محەمەد و خەڵکى بۆکانە و ماوەى چوار ساڵە لەهەرێمى کوردستانە.