گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

چیرۆکى ئەو کچە نەخۆشەى لە نەخۆشخانەیەکى هەولێر ’’زیندانیکراوە’’

2021.05.18 - 13:41
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکى ئەو کچە نەخۆشەى لە نەخۆشخانەیەکى هەولێر ’’زیندانیکراوە’’

ناس کورد-

 

ئیسرا محەمەد بەهیواى چارەسەرى نەخۆشییەکەى پەناى بردە بەر نەخۆشخانەیەکى تایبەت لە هەولێر، بەڵام ماوەى دوو هەفتەیە نەخۆشخانەکە "بووەتە زیندان بۆى"، بەهۆى نەبوونى پارەوە، ئەوەش بەوتەى هاوەڵى نەخۆشەکە، بەڵام نەخۆشخانەکە و بەرپرسانى شارەکە هیچ رونکردنەوەیەک نادەن لەو بارەیەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئیسرا کە خەڵکى کەربەلایە و کارمەندى کۆمپانیایەکە، مانگێک لەمەوبەر بۆ چارەسەرى کون بوونی بۆری هەناسەدانی و قورگی لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت لە هەولێر خەوێندرا و چارەسەرى پێویستى بۆ کرا، بەڵام وەک هاوەڵەکەى باسیدەکات دوو هەفتەیە رێگەیان پێنادرێت نەخۆشخانەکە جیبهێڵن بەهۆى نەبوونى پارەوە

 

ڕزگار محەمەد هاوەڵی نەخۆشەکە لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (18ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند "لە نەخۆشخانەکە پێیان وتین یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزاری پێویستە بۆ چارەسەرکردنی و ئەو بڕەپارەیەمان تەسلیم کردووە".

 

وتیشى "دواتر بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی براوەتە بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانەکە و بەهۆی چارەسەرکردنی بڕی 18 هەزار دۆلاری دیکەیان داواکرد بەڵام ئەو بڕە پارەیەمان پێ نەبوو بیدەین".

 

"لە ئیستادا نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەکە ماوەتەوەو ڕێگری چوونە دەرەوەی لێدەکەن و خواردنیشی نادەنێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ئێمە داوامان لە دەستەی کارگێڕی نەخۆشخانەکە کردووە مانگانە پارەکە بدەین بەڵام ئەوان داوای تەواوی پارەکە دەکەن"، ڕزگار وایوت.

 

بەپێی نامەیەکى کەسە نزیکەکانى نەخۆشەکە کە ئاڕاستەى پارێزگارى هەولێر کراوە تا بەدەنگیانەوە بچێت، ئەوان چەندین ئۆفەریان پێشکەشیان کردوە بۆ نەخۆشخانەکە تا کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردووەتەوەو داوادەکەن هەموو بڕی پارەکە بەجارێک پێیان بدرێت.

 

ناس کورد پەیوەندى بەرپرسانى نەخۆشخانەکەوە کرد کە ناوەکەى لاى ناس کورد پارێزراوە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکەن.

 

هەروەها ناس کورد پەیوەندى بە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە کرد لەوبارەیەوە بەڵام هیچ قسەیەکى لەو بارەیەوە نەکرد.