گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارتى متمانەى تەواوى پێی هەیە

مەسرور بارزانى چۆن مامەڵە لەگەڵ مەلەفى نەوت و خاک و مووچە دەکات؟ [تایبەت]

2019.06.13 - 14:24
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانى چۆن مامەڵە لەگەڵ مەلەفى نەوت و خاک و مووچە دەکات؟ [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- وریا حسێن پارتى بڕواى وایە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم پەنجەرەیەکى نوێ بەڕوى "دۆخى دارایى و پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق" دەکاتەوە، بەڵام ڕایەکى پێچەوانەش هەیە کە ئەم کابینەیە لەژێر بارى "مەلەفى نەوت و خاک" دا دەرناچێت. . ڕۆژى چوارشەممە 12ى ئایارى 2019، مەسرور بارزانى دواى دەستنیشانکردنى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ لەلایەن پەرلەمانەوە، نێچیرڤان بارزانى بە مەڕسومێکى هەرێمى ڕایسپارد بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ لەماوەى مانگێکدا. . بەگوێرەى وتەى بەرپرسانى پارتى بۆ ناس کورد، مەسرور بارزانى کەمتر لە نیو مانگ کابینەکەى پێشکەشى پەرلەمان دەکات، هاوکات بەرپرسانى یەکێتى جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە گەر پارێزگارى کەرکوک یەکلایى نەکرێتەوە ئەوان بەشدارى کابینەکەى ناکەن، ئەوەش ڕێگر دەبێت لەپێکهێنانى حکومەت، بەڵام ئەوەى ساغ بووەتەوە لەم نێوەندەدا ئەوەیە "مەسرور بارزانى لەماوەى چاوەڕوانکراودا کابینەکەى دروستبکات". .     . لە مەلەفى نەوت و مووچەدا پێشبینییەکان بۆ کابینەى نۆ چین؟ . ڕێبوار عەبدولڕەحیم، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنى پارتى، بڕواى وایە کابینەى داهاتوو بەراورد بە کابینەى هەشتەمى نێچیرڤان بارزانى سەرکەوتووتر دەبێت، بەپشت بەستن بە چەند هۆکارێک ئەو بڕوایەى بۆ دروستبووە، کە خۆى دەبینێتەوە لەوەى "ئەم کابینەیە بنکەفروان نییە، رێککەوتن لەسەر ئەوەکراوە دەسەڵاتى کابینەکە سیاسى بێت و هەموو کوردستان بگرێتەوە و هاوکات لەنێو پەرلەمانى کوردستانیشدا فراکسیۆنەکان پێکەوە هەماهەنگن بۆ کارى پێکەوەیى و دەرفەتى باشتر لەبەردەم ئەم کابینەیەدایە سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد". . "سەبارەت بە مەلەفى نەوت و مووچە ئەم کابینەیە سەرکەوتووتر دەبێت لەکابینەى پێشوو"، ڕێبوار عەبدولڕەحیم واى وت. . بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە کۆتایى ساڵى 2017 ئاڕاستەى پەرلەمانى کوردستان کردووە، هەرێم 28 ملیار دۆلار قەرزى ناوخۆیى و بیانى لەسەرە، ئەمە جگە لەوەى هیچ توانایایەکى بەردەوامیدان بە (وەبەرهێنانى ناوخۆى نییە)، بەڵام لەساڵى 2018 تا سەرەتاى ئەمساڵ هەرێمى کوردستان نزیکەى 4 ملیار قەرزى بیانى و بەشى زۆرى قەرزى تورکیا و قەرزى دانەغازى ئیماراتى داوەتەوە، ئەوەى گرێکەیە ئایا عێراق و هەرێم چۆن لەسەر نەوت و بودجە ڕێکدەکەون؟ . بێستون سابوراوەیى، ماستەر لەزانستى ئابورى و بەڕێوەبردن جیاوا لە ڕوانگەى پارتى باوەڕەى وایە بارى ئەم کابینەیە زۆر قورس دەبێت، چونکە پێشبینییەکانى کارکردن تێیدا ئاسان نیە، لەناوخۆشدا ژیانى هاوڵاتیان قورسە و پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد ئاڵۆزە و دڵەڕاوکێ هەیە، تایبەت بە ناس کوردی وت: "ئەم دۆخە کاریگەرى خراپى لەسەر بازاڕ و ئابورى دروستکردووە". . بێستون سابوراوەیى کە کادرى باڵاى یەکێتییە، بڕواى وایە لەبارە سیاسییەکەدا ڕوانگەى حکومەت دیار نییە بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکانى، ئاماژەى بەوەکرد: "جێبەجێکردنى ئەرکەکان بەلاى کابینەى داهاتووەوە تەنها بەقسە نابێت، بەتایبەت ئەگەر پارتى لەگەڵ یەکێتى نەگاتە ڕێککەوتن ئەوا حکومەتێکى فاشل دەبێت". . لەبارەى ئەو مەترسییانەى کە چالاکوانانى مەدەنى باسی دەکەن تایبەت بە بەرتەسککردنەوەى ئازادى ڕادەربڕین لە سەردەمى کابینەکە نوێکەدا، کادیرەکەى یەکێتى دەڵێت: "سلێمانى لەهیچ بارێکدا ناچێتە ژێر بارى بەرتەسککردنەوەى ئازادى ڕادەبڕین". . بێستوون سابوراوەیى پێشى وایە، لەهەولێر ئازادى ڕادەربڕن گەشەى بەرفروانى نەکردووە، وتى: "بەپێچەوانەى ئازادى ڕادەبڕین ئازادى کەسى و کۆمەڵایەتییەوە، دەسەڵات لەوێ بێسنور چەکى بەخشیوەتەوە بۆ ئەوەى خەڵک سەرقاڵ بێت بەکێشەى خۆیەوە نەک کێشەى دەسەڵات". . . کابینەى نۆ و پرسی ماددەى 140: . هیچ چاوەڕوانیەکى بەهێز نیە کابینەى نۆهەمى مەسرور بارزانى، کێشەى ماددەى 140 چارەسەربکات، کە وەکو کێشەى خاک لەنێوان (هەولێر و بەغداد) وێنا دەکرێت و ململانێیەکى زۆرى لەسەرکراوە. . کاکە ڕەش سدیق سەرۆکى لیژنەى ماددەى 140ى تایبەت بەئاسایکردنەوەى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان لە کەرکوک، پێشبینى ئەوە ناکات کابینەى داهاتوو لەماوەى چوار ساڵى تەمەنى خۆیدا هیچى بۆ ئەو ناوچانەى پێبکرێت، بە ناس کوردى وتى: "لەماوەى چوارساڵى داهاتودا ماددەى 140 ڕەنگە جوڵەى تێبکەوێت، بەڵام یەکلایى ناکرێتەوە". . سەرۆکى لیژنەى ماددەى 140 باوەڕى وایە ئەو ماددەیە پرسێکى زۆر ئاڵۆزە و پێویستى بە پارە و کات و تێگەیاندنى خەڵک هەیە، وتى: "ئەو ماددەیە کارى زۆر دەوێت و بەم کابینەیى هەرێم و عێراق یەکلا ناکرێتەوە". . ڕێبوار عەبدولڕەحیم، هەمان ڕاى سەرۆکى لیژنەى ماددەى 140ى هەیە و دەڵێت، مەلەفى ماددەى 140 و خاک، یەکێکە لەو مەلەفانەى قورسە ئەم کابینەیە بتوانێت یەکلایی بکاتەوە. . ڕەنگە چوار ساڵى ئایندەى مەسرور بارزانى ڕۆژانێکى جیاواز لەسەردەمى نێچیرڤان بارزانى پیشان بدەن وەک پەرلەمانتارە پارتییەکە ئاماژەى پێکرد، بەڵام پێشبینى بەهێزیش هەیە، ئەم کابینەیە لەژێر بارى کۆمەڵێک مەلەفى سوتێنەردایە، ئەگەرى دەربازبوونى گەورە نییە ئەگەر گونجان لەگەڵ عێراق دروست نەکات. . .