گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ناردنی شاند بۆ نیازپاکییە’’

ئەندامێکی لیژنەی دارایی هۆکاری نەناردن و زیاتر دواکەوتنی پشکی هەرێمی ئاشکرا کرد

2021.05.16 - 16:14
App store icon Play store icon Play store icon
ئەندامێکی لیژنەی دارایی هۆکاری نەناردن و زیاتر دواکەوتنی پشکی هەرێمی ئاشکرا کرد

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تاوەکو دادگای فیدراڵی ئەو تانانە یەکلایی نەکاتەوە کە حکومەت لە یاسای بودجەی داوە بڕگەکانیی بودجە جێبەجێ ناکرێت و پشکی هەرێمیش ڕەوانە ناکرێت و دەڵێت، ناردنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا "بۆ نیشاندانی نیازپاکییە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نزیکەی دوو مانگ زیاترە کە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسەند کردووە، هەر دوای ئەوەش یاساکە لە لایەن سەرۆکۆمارەوە واژووی لەسەرکراوە و لە ڕۆژنامەی وقائیعی عێراقیشدا بڵاوکرایەوە، بەڵام حکومەت لەسەر دەستکاریکردنی پڕۆژەکە لەلایەن لیژنی دارایی پەرلەمانەوە ناڕازییە، بۆیە لە دادگای فیدراڵی تانەی لە چەند بڕگەیەکی بودجەکە داوە.


جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق (16ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "دەبێت حکومەتی هەرێم بەم نزیکانە شاندێکی هونەری ڕەوانەی بەغدا بکات، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار، یەکەم وەک نیشاندانی نیازپاکییەک کە هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەوانەی کە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، دووەم، بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو میکانزمەیە کە حکومەتی هەرێم و بەغدا مامەڵەی پێ دەکەن لەبارەی ناردنی پشک و داهاتەکان".

وتیشی، "لەئێستادا بەشێک لە لایەنەکانی ناو حکومەت دڵخۆش نین بەو ڕێککەوتنەی کە کراوە لە نێوان هەرێم و بەغدا و لە هەمانکاتیشدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی حکومەت چاوەڕێ هەڵە لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەن بۆئەوەی بیکەن بە هەرا و حکومەت بەکەمتەرخەم لە قەڵەم بدەن، بۆیە ناردنی شاندێک لەلایەن هەرێمەوە زۆر گرنگە".


ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕوونیشکردەوە، "نەناردنی پشکی هەرێم و هەڵپەساردنی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق پەیوەندی بەو تانانەوە هەیە کە حکومەتی عێراق لە دادگای فیدراڵی لە یاساکەی داوە، بۆیە تاوەکو دادگای فیدراڵی پرسەکە یەکلایی نەکاتەوە، بودجە بەهەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە وپشکی هەڕێمی کوردستانیش هاوشێوەی پشکی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕەوانە ناکرێت".


لەبارەی جۆری ئەو تانانەی کە حکومەتی فیدراڵی لە یاساکەی داوە، جەمال کۆچەر وتی، "ئێمە لە لیژنەی دارایی قەبارەی خەرجکردنی گشتیی حکومەتی فیدراڵیمان لە یاساکەدا لە 164 تریلیۆنەوە کەمکردەوە بۆ 134 تریلیۆن، ئەوەش ناڕەزایەتی حکومەتی لێکەوتەوە، بۆیە تانەی لە یاساکە داوە و بەو کەمکردنەوەی ڕازی نییە ودەیەوێت ژمارەکان بگەرێنێتەوە بۆ دۆخی پێشووی".

 

سەبارەت بەوادەی یەکلایی کردنەوەی پرسەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە کۆچەر وتی، "ئەو بابەتە پەیوەندی بە خودی دادگای فیدراڵییەوە هەیە، دیار نییە کەی ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام دواکەوتنی زیاتری جێبەجێنەکردنی بودجەی گشتی عێراق لە بەرژەوندی کەسدا نییە".