ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاند، لەم هەفتەیدا چەند بریارێک لەلایەن وەزارەتەکەیەوە جێبەجێ دەکرێت بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی پەلەوەر و ڕێگرتن لە ساغکردنەوەی بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ، جەختی کردەوە دوای 21 ئەم مانگە هەر بەرهەمێكی مریشك لە بازاڕەكان بەبێ ستیكەر هەبێت، خاوەنەکەى سزا دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانیی ئاوی هەرێم ( 16ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ" ناس کورد" ڕاگەیاند، "وەزارەتی کشتوکاڵ لەم هەفتەیدا چەند بڕیارێک دەردەکات کە ئامانج لێی پارێزگاریکردنە لە بەرهەمی ناوخۆیی، سەربڕخانەكانی پەلەوەری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی خستنە بازاڕی بەرهەمی مریشك و پارچەكانی فرێش و بەستووی مریشك".
وتیشی، "دوای 21ی ئەم مانگە پێویستە سەربڕخانەکان ستیكەر بەكار بهێنن، لە 25ی نیسانی مانگی ڕابردوو بە نووسرای فەرمی، سەرجەم سەربڕخانەكان لەو بڕیارە ئاگاداركراونەتەوە كە بۆ خستنە بازاڕی بەرهەمەكانیان بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر".
وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی ڕوونکردەوە، "لەدوای 21ی ئایار، هەر بەرهەمێكی خۆماڵی بەبێ ستیكەر وباركۆدی پەسندكراوی وەزارەت، لە بازاڕەكان بە ساختە هەژمار دەكرێت، بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ قەدەغەكردنی بەرهەمی بەبێ ستیكەر و باركۆدی پەسەندكراو."
وتیشی، "ئەو ڕێکارانە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و ڕێگریی لە فرۆشتنەوەی بەرهەمی بەستووی وڵاتان وساغکردنەوەیان لە هەرێمی كوردستان".