گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دژە تیرۆر ’’تەکنیکى نوێ’’ بۆ پێکانى گەورە بەرپرسانى داعش بەکاردەهێنێت

2021.05.14 - 18:45
App store icon Play store icon Play store icon
دژە تیرۆر ’’تەکنیکى نوێ’’ بۆ پێکانى گەورە بەرپرسانى داعش بەکاردەهێنێت

ناس کورد-

 

وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان و سوپاى عێراق لەدژى چەکدارانى داعش تەکنیکى نوێییان بەکارهێناوە و بەمدواییانەش زیانى زۆریان بەرکەوتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیوا یەحیا  ڕەسوڵ وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق (14ى ئایارى 2021) ڕایگەیاندووە، بەپشتبەستن بەفەرمانێکى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان هێرشێکى ورد کراوەتە سەر چەند شانەیەکى نوستووى سەر بەچەکدارانى داعش.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، چەند ئۆپەراسێۆنێک لەناوچە جیاوازەکانى سەڵاحەدین و نەینەوا و ئەنبار ئەنجامدراوە و سوپاى عێراق و وەزارەتى ناوخۆ و حەشدى شەعبیش بەشداریان تێدا کراوە و هێزى ئاسمانیش پاڵپشتى ئۆپەراسیۆنەکانى کردووە.

 

یەحیا ڕەسوڵ باسى لەوەش کردووە، هێزەکانى دژە تیرۆر چالاکیەکى پێشکەوتوویان لەدژى تیرۆریستان ئەنجامداوە و گورزى گورچکبڕیان لێداوون کە کوژران  و دەستگیر کردنى چەند کەسیان لێکەوتووەتەوە لەناویاندا سەرکردەى ئەو گروپانەى تێدایە.

 

ئەوەشى خستووەتە ڕوو، چەند هەوڵێکى یەکگرتووە دەزگاى هەواڵگریش هەیە بۆ بەدواداچوون و ڕەگوڕیشە دەرهێنانى ئەو شانە نوستانەى سەر بەچەکدارانى داعش کە پاڵپشتى لۆجستى بۆ تیرۆریستان دابین دەکەن.

 

وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان دەشڵێت، هێزە ئەمنیەکان تەکنیکى نوێیان بۆ لێدانى چەکدارانى داعش لەڕووى ئاسمانى و زەمیینەوە بەکارهێناوە و کار کردنیش بۆ دەستگیرکردن و دەستخستنى بەڵگەنامەى گرنگى شانە نوستووەکان بەردەوامە.