ناس کورد-
پارێزگارى هەولێر داوادەکات بە زووترین کات پەڕاوى لێکۆڵینەوە بکرێتەوە لەبارەى هێرشکردنە سەر خێزانێکى گەشتیارى شارەکە لە پارێزگاى مێرسینى تورکیا و هێرشبەران بە سزا بگەیەنرێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ئەمڕۆ هەینى لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، پەیوەندی بەو خێزانە و کەس و کاریانەوە کردووە و دڵنیایکردونەتەوە کە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵدەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاونباران و بەسزاگەیاندنیان.
وتیشى "ئێوە کەس و کاری ئێمەن و لهههر شوێن و جێگهیهك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بەهاوشاریانی خۆمان قەبوڵناکەین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین".
ئوێد خۆشناو دەڵێت لەبارەی ئەو کەیسەوە پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسڵی گشتیی وڵاتی تورکیا لەهەولێر کرد و سێ داواى ئاڕاستەکردوون:
یەکەم/ داوا دەکەین لەزووترین کاتدا پهڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێتهوه و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەێنن.
دووەم/ داو لەکونسڵخانەی گشتیی وڵاتی تورکیا لە هەولێر دەکەین، بەفەرمی بۆ ڕایی گشتی ڕوونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەکەیان ڕوونبکاتەوە.
سێیەم/ وەک پارێزگای هەولێر، بەهەمووشێوەیەک کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و بڕوبیانیویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییە و کارێکی نادروستە و بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت.