گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ئاماژەكانی كاندیدانی هەڵبژاردن لە سلێمانی: هەڵبژاردنێكی ئارام

2021.05.12 - 20:10
App store icon Play store icon Play store icon
ئاماژەكانی كاندیدانی هەڵبژاردن لە سلێمانی: هەڵبژاردنێكی ئارام

ناس كورد-

پاش زیاتر لە 10 ڕۆژ مشتومڕ و گریمانە، سەرەنجام لیستی ناوی 65 كاندیدی پارێزگای سلێمانی بۆ هەر پێنج بازنەكە بڵاوكرایەوە لەنێویشیاندا كاندیدانی هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان كە لای سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی حزبەكەش (یەكێتی) مایەی ناكۆكی و لێدوانی جیاجیان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شاردنەوەی كاندیدانی یەكێتی

 

بەگوێرەی بەدواداچوونی ناس، ناوی كاندیدانی یەكێتی دوا پاڵاوتنیان لەلایەن هاوسەرۆكەكانەوە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بۆ كراوە، تەنها ئەوانیش كۆتا رێكخستن و دابەشكردنی ناوەكانیان كردووە لەدەمی رادەستكردنی بۆ كۆمسیۆن، ئەمەش لەلایەك لەبەر ئەو هەستیارییەی بەهۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ گۆڕان دروست بووە و مقۆمقۆی لەناو هەندێ ئۆرگانی یەكێتی و ناڕازی گۆڕاندا دروستكردووە، لەلاكەیتر لەبەر سروشتی دابەشكاریی ئەمجارەی كاندیدەكان كە بەجۆرێك دابەشكراون جۆرێك لە گرەنتی تێدابێت و ئەوەی وەك كاندید ڕادەگەیەنرێت لەئێستاوە وەك پەرلەمانتار تەماشا دەكرێت بەوپێیەی وەك جاران فرە كاندیدی نییە و بەقەدەر ژمارەی دەنگ و كورسییە چاوەڕوانكراوەكانی یەكێتی كاندید پێشكەش كراون.

 

ڕكابەرییەكی لاواز

 

هەندێ چاودێری سیاسی ئەوەیان بۆ "ناس كورد" ڕوونكردەوە، دابەشكاری كاندیدەكان لەنێوان یەكێتی و گۆڕان كە لەچوارچێوەی "هاوپەیمانێتی كوردستان"، ئەگەرچی جێگای ناڕەزایی هەندێك لە كادیرانی هەردوولایە، بەڵام لە هەڵبژاردنەكاندا بەشێكی زۆری ململانێ لە زۆنی سلێمانی كەم دەكاتەوە بەو پێیەی هەردوو جەمسەری یەكێتی و گۆڕان بەریەك ناكەون و پێكەوە وەك هاوپەیمان دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمەش پێچەوانەی كەشی هەڵبژاردنەكانی پێشووە كە بەریەككەوتنی هەردوولا شەقامی سلێمانی بەسەر دوو كەمپینی گەرمی هەڵبژاردندا دابەشكردبوو بەر لەوەی ڕووداوەكانی ئەلبیسەكە (2014) و گرژییەكانی گردی زەرگەتە (2018)ی بەسەردا بێت.

 

لەدەرەوەی ئەم دوو لایەنە سەرەكییەش یەكێتی لەبازنەی هەڵەبجە و شارەزوور و پێنجوێن تەنها ژنێكی كاندید كردووە بۆ كێبەركێ لەسەر كورسی كۆتا لەكاتێكدا لەو بازنەیە دەوروبەری 25 هەزار دەنگی هەبووە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو، ئەمەش وەك دەرفەت ڕەخساندن بە دوو كاندیدی كۆمەڵ و یەكگرتوو (ئەحمەدی حاجی ڕەشید و د. موسەننا ئەمین) لێكدەدرێتەوە كە لەو بازنەیە (ژمارە سێ) خۆیان كاندید كردووە و ركابەرەكەیان بەنەوەی نوێ (ئاریان تاوگۆزی) دەمێنێتەوە. لەو بازنەیەشدا لەسەر كورسی كۆتا تەنها پارتی و یەكێتی دەكەونە كێبەركێ كە كاندیدی پارتی ئەشواق جافەو  ئامادەییەكی بەرچاوی لە رێكخستنەكان و لەناو دەنگەكانی پارتی هەیە.

 

دابەش بوونەكانی هیوا لەسلێمانی

لە ڕیزی كاندیدەكانی پارێزگای سلێمانیدا چوار ئەندامی هاوپەیمانێتی هیوا بەسەر بازنەی جیاجیادا دابەش بوون، رێبوار كەریم لە بازنەی باكوری سلێمانی و سەركەوت شەمس لە بازنەی باشوور، بەڵام لەبازنەی گەرمیان دووان لە پەرلەمانتارانی هیوا دەكەونە بازنەی پێنجەمی گەرمیانەوە و هێندە هەیە كە ڕەنگە یوسرا ڕەجەب لەسەر كورسی كۆتا ڕكابەری بكات. هەر لەم بازنەیەشدا پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان غالب محەمەد و كاندیدێكی ئێستای گۆڕان هوشیار عومەر لە ڕكابەریدا دەبن و جگە لە لایەنە كوردییەكان لیست بەناوی (قادمون) و (الوئام العراقی) پێشكەش كراون و حیزبی سۆسیالیستیش كاندیدی خۆی هەیە.