ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو پڕۆژەیاسایەی لەلایەن وەزیری داراییەوە واژۆ کراوە و ڕوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە پاشەکەوت و لێبڕینی موچەی تێدا نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت (12ی ئایاری 2021) بۆ "ناس کورد" باسی لەو پڕۆژەیاسایە کرد کە ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن وەزیری داراییەوە واژۆ کراوە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوەو وتی، "لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان لە هیچ بڕگەیەک و خاڵێکی باس لە پاشەکەوت و لێبڕینی موچەی فەرمانبەران نەکراوە".
لەبارەی ئەوەی ئایا لە دوای پەسەندکردنی بودجەی هەرێم بۆ ئەمساڵ پاشەکەوت و لێبڕینی موچە نامێنێت، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاشکرایکرد، لە هیچ یاسایەکی پێشتریش باس لە لێبڕین و پاشەکەوت نەکراوە بەڵام لەناچاری و بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی هاتووەتە پێشەوە ئەو لێبڕینە دیاریکراوە بۆ ئەمجارەش یاساکە بەوجۆرە کە پاشەکەوت و لێبڕین نەبێت بەڵام ئەگەر دۆخی دارایی ڕێگەنەدات ئەو کات دەبێت چارەسەر بکرێت.
پێشتر بەپرسانی حکومی و پەرلەمانی هەرێم وتیان کە دوو کۆپی پڕۆژەیاساکە ئامادە دەکرێت یەکێکیان تایبەتە بە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و ناردنی پشکی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەوی تریان تایبەت دەبێت بە حاڵەتێک کە هەلادولا نەگەیشتنە ڕێککەوتن.
لەبارەی ئەوەی ئەو پرۆژەیەی لەلایەن وەزیری داراییەوە واژۆ کراوەو ڕوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە پشتی بەکام لە گریمانە بەستووە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ئەوە لە دواتر گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت بەڵام پڕۆژەیاساکە بەوجۆرە دیاریکراوە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پشکی هەرێم ڕەوانە بکرێت.
وەزارەتى دارایى (11ى ئایارى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کردو ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
حکومەتى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2013ەوە بەواتاى هەشت ساڵ بودجەى نەبووە و لەدواى ئەو چەند ساڵە ئەمە یەکەمین بودجە دەبیت کە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ئامادەکراوە و ئاراستەى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت بۆ پەسەندکردنى.