ناس کورد-
وڵاتانى ئیسلامى بەرێگەى جیاجیا لە رۆژانى 29ى رەمەزاندا چاودێرى بینینى مانگ دەکەن بۆ دیاریکردنى جەژن، بەڵام چاودێرى پرۆسەکە لەسعودیە لەلاى بەشێکى زۆر موسڵمان زیاتر جێگەى متمانەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موسڵمان ساڵانە بۆ دیاریکردنى یەکەم رۆژى رەمەزان و یەکەم رۆژى جەژن پشت بە بینینى مانگ دەبەستن، بەو پێیەى بینینى مانگ سەرەتا و کۆتایی مانگى عەرەبی دیاریدەکات و سەرچاوەى دیاریکردنى وادەى زۆربەى بۆنە و مەراسیمە ئاینییەکانە.
دەستپێکى چاودێریکردنى هیلالى رەمەزان دواى خۆرئاوابوونى 29 ى مانگى شەعبان دەستپێدەکات، هەروەها هیلالى جەژن لە 29ى رەمەزاندا چاودێریدەکرێت بۆ بینینى هیلالى شەوال و دیاریکردنى جەژن.
ئەگەر مانگ ببینرێت ئەوکاتە رەمەزان دەبێتە 29 رۆژ و رۆژى دواتر دەکرێتە جەژن، ئەگەریش نەبینرا رەمەزان 30 رۆژ تەواو دەکات.
دەرکەوتنى مانگ لەماوەیەکى کورتدا دەبێت و مانگ لەمەودا بینینیدا نزیکەى نیو کاتژمێر دەردەکەوێت، هەروەها دواى 12 کاتژمێر لەلەدایکبوونى مانگى نوێ بە تەلسکۆب دەبینرێت، بەڵام بەچاوى ئاسایی دواى 15 کاتژمێر دەبینرێت.
هەندێ لە وڵاتان پشت بە بینینى مانگ بە چاو دەبەستن کە پێیان وایە ئەوە رێگە شەرعییەکەیە، هەندێکى تریان پشت بە بینینى دەبەستن بە تەلسکۆب و دوربین.
تەلسکۆبى سلسترۆن دیارترین تەلسکۆبە کە بەکاردەهێنرێت کە بە کۆمپیوتەر ئاڕاستە و چاودێرى دەکرێت.
هەندێکجار بەهیچ یەکێک لە رێگاکان ناتوانرێت مانگ ببینرێت ئەوەش بەهۆى بوونى هەورى زۆر لە ئاسمان، بۆ دورخستنەوەى ئەو ئەگەرەش شارەزایان دەڵێن باشترە لەو شوێنانەى لەئاستى رووى دەریاوە زۆر بەرزن و بە چیا دەورە نەدراون و شێیان زۆر نییە چاودێرى بینینى مانگ بکرێت.
گوندى حوتە سدێر لە سعودیە ئەو شوێنەیە کە ساڵانە لەوێوە چاودێرى بینینى مانگ دەکرێت کە دەکەوێت باکورى ریاز، تيمێكى زانستى شارەزاى گەردونناسی لە زاکۆى مەلیک سعود لەوێ چاودێرى بینینى مانگ دەکەن کە 780-930 مەتر لەئاستى رووى دەریاوە بەرزە.