گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

بەریتانیا خول بۆ دادوەرانى هەرێم دەکاتەوە

2021.05.10 - 21:26
App store icon Play store icon Play store icon
بەریتانیا خول بۆ دادوەرانى هەرێم دەکاتەوە

ناس کورد-

کونسوڵگەرى گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى دادەوەریی هەرێم کۆبووەوە و بڕیاری دا خول بۆ دادوەران و ئەندامانى داواکارى گشتى بکاتەوە بەمەبەستى ڕاهێنانکردن لەسەر کەیسە جیاجیاکان تا دەگاتە قۆناغى حکومدان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو کۆبوونەوەیە یەکەم کۆبوونەوەى نێوان کونسوڵگەرى وڵاتێکى بیانییە لەگەڵ ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم، دواى ئەو ناڕەزاییە بەرفراوانەى لەبارەى پەسەندکردنى سزاى سزادراوانى بادینان لەلایەن دادگاى پێداچوونەتەوە سەریهەڵدا کە بەشێکى پەیوەستە بە پەیوەندى سزادراوان لەگەڵ کونسوڵخانەکان.

 

ئەنجومەنى دادوەرى ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئاماژەى بەوەنەکردووە کە ئایا لە کۆبوونەوەکەدا باسى ئەو پرسە کراوە یاخود نا، بەڵام دەڵێت به‌رده‌وامیدان به‌ هه‌ماهه‌نگی و كاری پێكه‌وه‌یی به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی خوله‌كانی مه‌شق و ڕاهێنان كه‌ له‌لایه‌ن كۆنسوڵی به‌ریتانیا ئه‌نجام ده‌درێن دووپات كرایه‌وه‌.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، كۆنسوڵی به‌ریتانیا ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕیوە بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ كردنه‌وه‌ی خول بۆ دادوەران به‌‌ تایبه‌ت ڕاهێنان له‌سه‌ر تاوانه‌كانی تیرۆر و رێكاره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌و زانیاری پێویست له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ تا ده‌گه‌نه‌ قۆناغی حوكمدان.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕیار درا خولێكی دیكه‌ له‌ مانگی حوزه‌یران بۆ ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و ئه‌ندامی داواكاری گشتی و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی دادوه‌ری بكرێته‌وه‌.

 

ئەو کۆبوونەوەیە دواى چوار ڕۆژ دێت لەپەسەندکردنى سزاى شەش ساڵ زیندانى سەر سزادراوانى بادیناندا کە بەشێک لە کونسوڵخانەکانى وڵاتانى بیانى لەهەرێمى نیگەران کردووە، بەتایبەت کە بەشێک لە تۆمەتەکان پەیوەستن بە پەیوەندى سزادراوان لەگەڵ کونسوڵخانە بیانییەکان.