گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

شیكار: هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی كێشای بە دیواری دادگادا

2021.05.09 - 20:07
App store icon Play store icon Play store icon
شیكار: هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی كێشای بە دیواری دادگادا

ناس كورد-

ئەو كەشە ئەرێنییە سیاسەی لەسەروبەندی سەردانەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ لای حیزبە سیاسییەكانی هەرێم هاتە ئاراوە بەتایبەت بۆلاى هاوسەرۆكانى یەكێتی، ماوەی چەند ڕۆژێكە بەهۆی شەڕە پەیامی پەیوەست بە چالاكە سزادراوەكانی بادینان گرژی و ئاڵۆزی تێكەوتووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی زانیارییەكانی "ناس كورد" كە لەچەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە كۆی كردووەتەوە، جموجوڵەكانی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی خستنەوەسەرپێی پڕۆسەی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی كێشەو ناكۆكی هونەریی زۆری بۆ هاتوەتەپێش، بەتایبەت لەبارەی پێكهاتەی لیژنەی نووسینەوە و ژمارەی ئەندامەكانی و مەرجەعیەتی كاركردنی، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەنگاوێك پەیوەندی چەقبەستووی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی بردووەتە پێشەوە بەر لەوەی جارێكیتر ئاڵۆزی باڵی بەسەردا بكێشێتەوە بەهۆی شەڕە لێدوان و شەڕە بەیاننامەوە.

 

سەرچاوەكانی "ناس كورد" ئاماژە بەوەدەكەن جوڵاندنەوەی دۆسیەی دەستور لەم كاتەدا كە وەرزی هەڵمەتی هەڵبژاردنی عێراق و كێبەركێیەو قۆناغێكی ڕاگوزەرە، شیكار و لێكدانەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت؛ هەندێ پێیانوایە زیاتر بۆ ڕوونكردنەوەی پێگەی سەرۆكی هەرێم و خودی نێچیرڤان بارزانییە كە ئایا سەرۆكایەتییەكەی لە كوردستان دەسەڵاتەكانی چی دەبن و شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یان جەماوەری دەبێت؟، هەندێكیتر ئەو جموجوڵە بە بەدیهێنانی خواستی دێرینی پارتی دەبینن بۆ بەدەستوریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت كە لەدەستی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە و بەنیازیشە هەر لای خۆی بمێنێتەوە، ئەمە جگە لە سیاسەتە عێراقی و ئیقلیمییەكانی بۆ دروستكردنی هەرێمێكی دەستوری كە خۆی تێیدا زۆرترین جومگەی دەسەڵاتی لەدەستدا بێت بەحوكمی زۆرینەی هەڵبژاردن و پێگە جوگرافییەكەی و سروشتی ئەو زۆرنەی تێیدا باڵادەستە.

 

ناس كورد زانیویەتی لە كۆبوونەوەكەكانی ئەمدواییە، پارتی و یەكێتی جیاوازبوون لەبارەی ئەوەی لیژنەی دەستور لە پەڕلەمان بێت یان پسپۆڕانی یاسا، ژمارەیان چەند بێت و لە كێ دروست بكرێن، لەوبارەیەشەوە گۆڕان بەهەمانشێوە پشكی چەند دەبێت لە لیژنەكە وەك بەشداری سەرەكی ئەم كابینەیە، جگە لەوەش هێشتا ئەوە یەكلایی نییە سنوری كوردستانی چۆن تێدا دەكرێت لەكاتێكدا ناوچە كێشە لەسەرەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا چەقیان بەستووە.

 

جكە لەمەسەلەی دەستور نێچیرڤان بارزانی لە پێگەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، هەوڵیداوە دروشمی سفركردنەوەی كێشەكانی ناوخۆ و دەرەوە بەرز بكاتەوە وەك كارەكتەرێكی سیاسی كاریگەر كە هێشتا توانای مانۆڕی جومگەیی و گرنگی هەیە، لەم میانەیەشدا لینكی لەگەڵ هەموو ڕكابەرەكانی پارتی دروستكردووە لە ناو یەكێتی و كۆمەڵ و تەنانەت لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانیش، بەڵام لەوەتەی بڕیارەكەی دادگای تەمیز دەرچووە، هێرشكدرنە سەر یەكتر و یەكترتۆمەتباركردن باڵی بەسەر كەشی سیاسیدا كێشاوە و یەكێك لەراوێژكارە میدیاییەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، (ئاریان فەرەج)، لەمبارەیەوە نیگەرانی و دەردەدڵی لە شیكارێكدا دەربڕیوە كە "ناس كورد" بینیویەتی و باس لەوەدەكات تێكچوونی ئەو كەشە ئەرێنییە لە بەرژەوەندی هیچ لایەك نییە.

 

سەرچاوەكانی ناس ئاماژە بەوەدەكەن هێشتا ئەوە ساغ نەبووەتەوە بڕیارەكەی دادگای تەمیز بۆ چەسپاندنی سزای چالاكەكانی بادینان، لەم كاتەدا و بەوشێوەیە بەمەبەست بۆ لێدانی هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم، یان هەر پەرەسەندنی ئاسایی ڕەوتی كەیسەكەیە، بەڵام ئەوە ساغ و یەكلایی بووەتەوە لەمپەر بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم دروست دەكات لەكاتێكدا بەشێك لەو هەوڵانە بۆ ڕوونكردنەوەی پێگەی خۆیەتی لە هاوكێشەی هێز و دەسەڵات لەهەرێمی كوردستان لەكاتێكدا لەچەند مانگی داهاتوو جەمگەیتری وەك سەرۆكایەتی كۆمار و نوێنەرایەتی كورد لە بەغدا لەپێشە.