گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دژە تیرۆر چاودێرییان کردووە’’

دەقی کوردی ڕاپۆرتی وردەکاری کوشتنی سولەیمانی و ’’بەشداری دژە تیرۆری کوردستان’’

2021.05.09 - 14:25
App store icon Play store icon Play store icon
دەقی کوردی ڕاپۆرتی وردەکاری کوشتنی سولەیمانی و ’’بەشداری دژە تیرۆری کوردستان’’

ناس کورد-

ماڵپەڕی یاهۆ نیوزی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی نوێی لەبارەى کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوکردووەتەوە کە شەوی 3ی کانونی دووەمی 2020 لە فڕۆکەخانەى بەغدا کوژران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یاهۆ نیوز لە ڕاپۆرتەکەیدا سودی لە چاوپێکەوتنی 15 بەرپرسی باڵای سەربازی و ئیداری و هەواڵگریی ئێستا و پێشووی ئەمریکا بینیوە کە تێیدا ڕۆڵی دەزگای دژە تیرۆری کوردستان (دژە تیرۆری یەکێتی) لە چاودێریکردن و کوشتنی ناوبراو ئاشکرا دەکات، هەرچەندە دژە تیرۆر ڕەتی دەکاتەوە.

 

دەقی کوردیی ڕاپۆرتەکە بە ناوی ("پیلانگێڕی سەختە".. وردەکاری پلانی نهێنی ئیدارەی ترەمپ بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی) بخوێنەوە کە "ناس کورد" وەریگێڕاوە؛

 

کانونی دووەمی 2020، سێ تیمی سەر بە هێزی تایبەتی دەلتا (بەناوبانگترین و بەهێزترین هێزی تایبەتی سوپای ئەمریکایە) لە چەند شوێنێکی نهێنییەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە دوربینەکانیان چاودێری دەکەن و چاوەڕێی نێچیرەکەیان دەکەن کە قاسم سولەیمانییە، بەهێزترین فەرماندەی سەربازیی ئێران.

The commander of the Iranian Revolutionary Guard's Quds Force, General Qassem Soleimani, attends celebrations marking the 37th anniversary of the Islamic revolution on February 11, 2016 in Tehran. (STR/AFP via Getty Images)

کارمەندەکانی هێزی دەلتای ئەمریکی جلی کرێکاری چاککەرەوەیان لەبەردا بوو، خۆیان لە چەند بینا و ئۆتۆمبێلێکی کۆنی ئەملاولای ڕێگای فڕۆکەخانەکەدا حەشار دابوو.

 

شەوێکی هەوراوی و فێنک بوو، ئەمریکییەکان بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی فڕۆکەخانەیان داخستبوو بەهۆی بوونی ئاگادارییەک کە مەشقی تایبەتی سەربازیی هەیە، هەر واش بە حکومەتی عێراق وترابوو. سێ تیمی قەناس بەدەست لە دوری 600 یارد (548 مەتر) بۆ 900 یاردەوە (822 مەتر) لە "ناوچەی کوشتن" جێگیرکرابوون بۆئەوەى هەرکاتێک نێچیرەکەیان فڕۆکەخانەی بەجێهێشت بە ئامانجی بگرن، دوربینی یەکێک لە قەناس بەدەستەکان کامێرایەکی لەسەر جێگیرکرابوو کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دیمەنەکانی دەگواستەوە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کە فەرماندەیی زەمینی هێزی دەلتای تێدایە لەگەڵ تیمێکی پشتیوانی.

 

تیمەکانی هێزی دەلتا نەیانویست تەنها پشت بە گریمانەکان ببەستن لەڕێگەی دووربینێکی مەودادرێژەوە کە چەندین هۆکاری ژینگەیی، بە تایبەت با، کاریگەری هەیە لەسەری، بۆیە پشتیان بە چەند ئەندامێکی هێزی دژە تیرۆری کوردستان (دژە تیرۆری یەکێتی) بەست کە پەیوەندییەکی قوڵی لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا هەیە، هاوکاری تیمەکانی دەلتایان کرد مەودای گریمانەکان بۆ دیاریکردنی نێچیرەکە کەم بکەنەوە.


دواجار و لە درەنگانێکی شەوی 3ی کانونی دووەمی 2020، گەشتی فڕۆکەکەی سولەیمانی لە دیمەشقی سوریاوە بەڕێکەوتبوو لە بەغدا نیشتەوە، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک دواکەوتن. لە ئاسمانەوە سێ فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمریکی چاودێرییان دەکرد. کاتێک فڕۆکەکە نیشتەوە و بە خاوی دەرۆشت لە ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکەدا، یەکێک لە کارمەندانی دەزگای دژە تیرۆری کوردستان (دژە تیرۆری یەکێتی) کە جلی پشکنەری فڕۆکەکەیان لەبەردابوو ڕێنمایی فڕۆکەکەى کرد تاوەکو بچێتە بەشی داخراوی فڕۆکەخانەکە، کاتێک نێچیرەکە لە فڕۆکەکە هاتەخوارەوە، تیمێکی تری دژە تیرۆری کوردستان کە جلی کرێکاری بارکردنیان لەبەردا بوو لەوێ بوون بۆ ناسینەوەى تەواوەتی نێچیرەکە و دڵنیابوونەوەى کە خۆیەتی.

 

قاسم سولەیمانی لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی بەغدا، خۆی و ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون چوونە ناو دوو ئۆتۆمبێلەوە و دەرچوون بەرەو "ناوچەی کوشتن"، لەو شوێنەی کە قەناس بە دەستەکانی هێزی دەلتا چاوەڕێی هاتنیان دەکرد.


هەردوو ئۆتۆمبێلەکە کە یەکێکیان قاسم سولەیمانی تێدا بوو چوونە سەر ڕێگای دەرچوون لە فڕۆکەخانە، هەر سێ تیمە قەناس بەدەستەکەى هێزی دەلتا ئامادە بوون، دەستیان لەسەر پیتکەی چەکەکانیان بوو، لە سەریشەوە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چاودێرییان دەکرد، دووان لە فڕۆکەکان موشەکی "هێڵ فایەرییان" پێوەبوو.


شەش کاتژمێر پێش ئەوەى گەشتەکەى لە دیمەشقەوە دەستپێ بکات، قاسم سولەیمانی سێ جار مۆبایلی گۆڕیوە، ئەوەش بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا. لە شاری تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیلیشەوە، تیمێکی ئەمریکا لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشە تایبەتەکان لەگەڵ هاوتا ئیسرائییەکانی کاریان دەکرد بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەى مۆبایلەکانی قاسم سولەیمانی. ئیسرائیلییەکان کە ژمارە تەلەفۆنەکانی قاسم سولەیمانییان هەبوو، زانیارییان لەسەر ئەو مۆبایلە داوەتە ئەمریکییەکان کە ناوبراو لە گەشتەکەیدا بۆ بەغدا بەکاریهێناوە (بەڵام باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتۆن هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەوە نەداوە).


بەرپرسێکی تری سەربازی دەڵێت، تیمێکی هێزی نهێنی کە بە "Task Force Orange" ناسراو ئەو شەوە لە بەغدا بوون کە چەند شارەزایەکی تایبەتیان لەگەڵدا بووە بۆئەوەی زانیاری تەکنیکی لەسەر ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنیانە بدەنە تیمەکە کە قاسم سولەیمانی پێی بووە.


هەر کە دوو ئۆتۆمبێلەکەی قاسم سولەیمانی چوون بەرەو ناوچەی کوشتن، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان تەقەیان لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سولەیمانی کردووە، دوو موشەکی هێڵفایەر دای لەو ئۆتۆمبێلەی کە قاسم سولەیمانی تێدابوو و تەواو پەرش و بڵاوی کردووە بە شەقامەکەدا، شۆفێری ئۆتۆمبێلی دووەمیش بەنزینی دەداتێ بۆئەوەى هەڵبێت، شۆفێرەکە نزیکەى 100 یارد (91 مەتر) دور دەکەوێتەوە بەڵام قەناس بەدەستەکانی هێزی دەلتا دەستێوەردان دەکەن و تەقەی لێ دەکەن، کاتێک ئۆتۆمبێلەکە دەوەستێنرێت، لە ئاسمانەوە موشەکێکی تری هێڵفایەری پێوە دەنرێت و دەتەقێنرێتەوە.

A photo released by the Iraqi Prime Minister Press Office shows a burning vehicle at the Baghdad International Airport following an airstrike, in Baghdad, Iraq, early Friday, Jan. 2, 2020. (HO, Iraqi Prime Minister Press Office, via AP)

هەر دوای بۆردومانەکە، یەکێک لە کارمەندەکانی دەزگای دژە تیرۆری کوردستان بە جلی ئەفسەرێکی سوپای عێراقەوە چووەتە لای ئۆتۆمبێلەکەى سولەیمانی و چەند وێنەیەکی گرتووە و نمونەیەکیشی لە DNAی سولەیمانی هەڵگرتووەتەوە بۆئەوەى دڵنیا بن کە لە بۆردومانەکەدا کوژراوە.

 

ئێستا زیاتر لە ساڵێک لەسەر کوشتنی قاسم سولەیمانیدا تێپەڕبووە کە بە دووەم کەسی ئێرانی دادەنرێت لەدوای ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە، دەرئەنجامەکانی ئەو بۆردومانە هێشتا بەردەوامە، هەروەها چەندین وردەکاری پشتی ڕووداوەکان کە بووەهۆی کوشتنی بە نهێنی ماونەتەوە.


ڕاپۆرتەکە، کە پشتی بە چاوپێکەوتنی 15 بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریکی بەستووە، وردەکاری نوێ ئاشکرا دەکات لەبارەى بۆردومانکردنی قاسم سولەیمانی و مشتومڕە دورودرێژەکانی ئیدارەی ترەمپ لەبارەى کوشتنی ئەو جەنەڕاڵە ئێرانیە و بەرپرسانی تری ئێرانی و هاوپەیمانەکانی (ئەبومەهدی موهەندیس). ئەوەش وێنای ئۆپراسیۆنێک دەکات کە زۆر ئاڵۆزە، هەروەها خەڵکێکی زیاتریش کراونەتە ئامانج بۆ کوشتنیان، هەروەها باس لەو هەڕەشانە دەکات کە ڕووبەڕووی بەرپرسانی ئەمریکا بووەتەوە بەهۆی بۆردومانەکەوە.


چاک بێت یاخود خراپ، کوشتنی سولەیمانی یەکێک بوو لە بڕیارە مشتومڕاوییەکانی سیاسەتی دەرەکی ئیدارەی ترەمپ کە بۆ چەندین ساڵ کاریگەری دەبێت لەسەر ستراتیژی کارکردنی سەرۆک بایدن لە ناوچەکە.


لە گرتەیەکی دەنگیدا کە نیسانی ڕابردوو دزەی پێکرا، محەمەد جەواز زەریف، وەزیری دەرەوەى ئێران دەڵێت، کوشتنی سولەیمانی بۆ ئێران وێرانکەرتر بوو لەوەى ئەگەر ئەمریکا تەواوی شارێکی ئێران وێران بکات.

 

بەرپرسێکی باڵای دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) کە پشتگیری کوشتنەکە دەکات دەڵێت، "ئەو ڕووداوە دووبارە دروستکردنەوەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە لە 50 ساڵی ڕابردوودا بینیمان، ئەوەش لە چەند کاتژمێرێکدا ڕوویدا، بەڕاستی ئەوە گۆڕینی یارییەکە بوو."

 

هەواڵی مردنی سولەیمانی تەواوی جیهانی شۆک کرد، بەڵام پلانی کوشتنی ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەستبەکاربوونی ئیدارەى ترەمپ، پێشتر مایک پۆمپیۆ کە سەرۆکى سی ئای ئەی بوو و دواتر بووە وەزیری دەرەوەى ئەمریکا لە ئیدارەى ترەمپ، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەزگاکە کە بەرپرسی ناوەندی دژە تیرۆر و هەروەها بەرپرسی ناوەندی چالاکییە تایبەتەکانیش بەشداربوون، مەبەستی کۆبوونەوەکەش بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر سڕینەوەى قاسم سولەیمانی لە مەشهەدەکەدا، ئەوەش بە قسەى بەرپرسێکی باڵای پێشووی سی ئای ئەی.

Mike Pompeo, U.S. secretary of state, listens during a House Foreign Affairs Committee hearing in Washington, D.C., U.S., on Friday, Feb. 28, 2020. (Sarah Silbiger/Bloomberg via Getty Images)

هەر بە قسەى ئەو بەرپرسەی پێشووی سی ئای ئەی، بەرپرسانی دەزگاکە ویستوویانە ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەستی نەبێت لە ئۆپراسیۆنێکی لەو شێوەیەدا، بەڵام گفتوگۆی چەندین پلانیان کردووە بۆ کوشتنی سولەیمانی.

 

بەڵام هەمان ساڵ، مایک پۆمپیۆ لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادا باسی لە پلانی کوشتنی سولەیمانی کردووە کە سوپای ئەمریکای تێدا بەشدار بێت، بەڵام بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا دژی ئەوە بوون کە سوپا بەشداری لەو ئۆپراسیۆنەدا بکەن چونکە نیگەران بووە لە دەرئەنجامەکانی کوشتنی ناوبراو.


بەڵام پۆمپیۆ وتوویەتی، "نیگەرانی ئەوە مەبەن کە ئایا یاساییە یاخود نا، ئەوە بابەتێکی پەیوەندی بە پارێزەرەکانەوە هەیە"، بەپرسانی سی ئای ئەی زۆر بە جدی مشتوموڕ و گفتوگۆکانیان وەرگرتووە چونکە زانیویانە کە پۆمپیۆ زۆر نزیکە لە سەرۆکەوە (ترەمپ)، لە کۆتاییدا سی ئای ئەی پلانێکی ورد و نهێنیان بۆ کوشتنی سولەیمانی داناوە.


لە ناو کۆشکی سپیشدا، گفتوگۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2018ەوە دەستیپێکرد، ڕێک ئەو کاتەى کە ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند دەکشێنەوە لەو ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەردەمی ئۆباما لەگەڵ ئێران و دووبارە سزاکانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندەوە و سیاسەتی "ئەوپەڕی فشاری" لەدژی تاران بەکارهێنا. لەو کاتەشدا، ئەنجومەنی ئاسایشیی ئەمریکا دەیانویست یەکە تایبەتەکانی پنتاگۆن لەو پلانەدا بەشدار بن نەوەک کارمەندانی تایبەتی سی ئای ئەی یاخود بەکرێگیراوەکانیان.

US President Donald Trump answers questions from reporters after making a video call to the troops stationed worldwide at the Mar-a-Lago estate in Palm Beach Florida, on December 24, 2019. (Nicholas Kamm/AFP via Getty Images)

هێشتا ناڕەزایەتی هەبوو لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ڤیکتۆریا کۆوتس، جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، سەرۆک "داوای بژاردەى کرد، بەڵام هەمیشە لەلایەن پنتاگۆنەوە بابەتەکە خاو دەکرایەوە، چونکە پنتاگۆن هەمیشە ئەو کارەی دەبەستەوە بە شەڕی ئەتۆمی، یاخود بوونی پەرچەکردارێک توند."


ڤیکتۆریا کۆوتس دەشڵێت، بابەتەکە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی 2019 گەرمتر بوو، بە تایبەت دوای ئەوەى ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیادیان کرد، بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە سەرەوە پەیوەندییان پێوەکرا بۆئەوەى بزانن ئایا بژاردەکان بۆ کوشتنی سولەیمانی لەو کاتەدا گونجاوە و دەتوانن ئامانج بپێکن.

 

کۆوتس جەخت دەکاتەوە کە "ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێری سولەیمانیمان دەکرد، ئەو نیازی هەبوو گەشت بکات بۆ شوێنێک، هەروەها خەریک بوو هەندێک شتی خراپ ڕووبدات بۆ ئەمریکا."

 

بۆیە ڤیکتۆریا کۆوتس و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایش کە ڕۆبێرت برینی ڕاوێژکاری و مات پۆتینگەری جێگری و ڕۆبێرت گرینوەی، بەڕێوەبەری باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و براین هوک، نێردەى تایبەتی وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و کیس کیلۆگ، جێگری مایک پێنسی جێگری سەرۆکى ئەمریکای تێدا بەشدار بوون بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی کوشتنی سولەیمانی، پلان و بژاردەکانیش نێردران بۆلای ترەمپ لە کۆشکی سپی کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی موشەکی گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق لە کۆتاییەکانی کانونی دووەمی 2019 کە تێیدا کارمەندێکی گرێبەستی ئەمریکی کوژرا لە کەرکوک.

 

مردنی هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە دەستی ئێران هێڵی سور بوو بۆ ترەمپ و هاوکاریش بوو بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کوشتنی سولەیمانی، ئەوەش بەپێی قسەى فەرماندەیەکی باڵا لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا کە چوار بژاردەیان دابوویە ئەنجومەنی ئاسایشیی نیشتمانی بۆ کوشتنی ناوبراو کە بریتی بوون لە؛ لێدان بە قەناسی دورمەودا لە دورەوە، یاخود دانانی تیمێکی تایبەت و شارەزا بۆ لێدانی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی، یاخود تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلەکەى بە مادەیەکی تەقاندنەوە، یاخود بۆردومانکرنی ئۆتۆمبێلەکەى.

 

 

هەرزوو بەرپرسان بژاردەی بۆردومانکردنیان هەڵبژارد، ئەوەش بەپێی قسەى بەرپرسێکی باڵای سەربازی و بەرپرسی پێشووی ئیدارەى ئەمریکا. بابەتی ئەوەى شوێنی لێدانەکەى کوێ بێت یاخود هەر لە عێراق بێت گفتوگۆی زیاتری هەڵگرت و کاتێکی زیاتری پێچوو بەراورد بە شێوازی لێدانەکەی.

 

بەرپرسێکی پێشووی دەزگای سی ئای ئەی دەڵێت، هەرچەندە بە گشتی بەرپرسانی دەزگاکە لەگەڵ بیرۆکەی کوشتنی سولەیمانی بوون، بەڵام نیگەران بوون لە پەرچەکرداری گەورە و فراوانی ئێرانییەکان، سی ئای ئەی لە ئێران خۆی نەدەترسا، بەڵکو لەوە دەترسا کە ئەو کارە ببێتەهۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی کێشەکان وەک لە چارەسەرکردنیان.

 


بەرپرسێکی تر دەڵێت، "نیگەرانییەکە لەوە فراوانتر بوو، بە تایبەت ئەگەر سوپای قودسی ئێرانی هەوڵی کوشتنی ئەندامێکی باڵای خێزانی شاهانەی سعودیە یاخود ئیمارات بدات، یاخو هێرش بکاتە سەر ژێرخانە نەوتییەکان، یاخود هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا بدات لە هەندێک ناوچە لەدوای مردنی سولەیمانی. هەندێک لە بەرپرسانی سی ئای ئەی پێیان وایە کە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی داوە گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا زیاد بکات، چونکە ئەوە ڕێگە بە ئەمریکا دەدات بۆردومانی زیاتر ئەنجام بدات دژی تاران.


بە قسەى کریس میڵەر، جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەرچەندە ئەگەر ئامانجەکەش دروستکردنی بارگرژی نەبوو، بەڵام هەڵمەتەکە ئامانجی زیاتری هەبوو وەک لەوەى تەنها جەنەڕاڵێک بکوژێت، چونکە ئەمریکا لیستێکی تری هەبوو کە پنتاگۆن پلانی کوشتنی دانابوون لەو شەوەدا.


میڵەر کە شەوی بۆردومانەکە نزیک بوو پۆستێکی باڵا لە پنتاگۆن وەرگرێت بە یاهۆ نیوزی وت کە ئەو ئاگاری ژمارەی تەواوی ئەو بەرپرسە سەربازیی و هەواڵگرییانەی ئێران نییە کە لەو شەوەدا کرانە ئامانج.


چەند بەرپرسێکی تری ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، هەمان ئەو شەوەى قاسم سولەیمانی تێدا کوژرا، ئەمریکا هەوڵی داوە عەبدولڕەزا شەهلای، بەرپرسی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە یەمەن بکوژێت بەڵام ڕزگاری بوو، (بۆردومانەکەى سەر شەهلای سەرەتا لەلایەن واشنتۆن پۆستەوە ئاشکرا کرا)، بەرپرسانی ئەمریکا زۆر مەبەستیان بوو شەهلای بکوژن، چونکە ناوبراو لە ساڵی دوو هەزارەکانەوە بە بەردەوامی لە نێوان ئێران و عێراقدا گەشتی کردووە و ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە پڕچەککردنی گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق کە دەستیان بە کەلوپەلی دروستکردنی بۆمب بگات کە بەهۆیەوە دەیان سەربازی ئەمریکی لە عێراق کوژراون.

بەمدواییەش شەهلای سەرپەرشتی هەوڵەکانی ئێرانی دەکرد بۆ پشتگیریکردنی حوسییەکانی یەمەن.


بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکا دەڵێت، شەهلانی تەنها کەسێک نەبوو ئەو شەوە کرایە ئامانج، ئەمریکا دوو هێرشی تری جیاوازی کردە سەر بەرپرسانی گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق کە سەر بە حەشدی شەعبی بوون، بەپرسێکی تریش دەڵێت چەند کردەیەکی تر لە سوریا ئەنجام دراون.

 

لە ژووری ئۆپراسیۆنەکاندا، بەرپرسانی بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخەکەیان دەکرد، ئەوان گوێبیستی هەموو قسەکانی تیمەکانی سەر زەوی بوون، ڤیکتۆریا کۆوتس، جێگری ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، "لەو کاتە تف لە قوڕگ وشک دەبێت، تەنها بە بێدەنگی چاودێری دەکەیت."

 

لەو کاتە ترەمیش گوێی لە هەموو گفتوگۆکانی تیمەکان گرتووە و چاودێری تایبەتی کردەکەی کردووە، بەپێی گرتەیەکی دەنگی کە دواتر لە سی ئێن ئێنەوە دزەی پێ کرا؛ ترەمپ وتوویەتی "ئەوان پێکەوەن"، دیارە مەبەسیت سولەیمانی و مەهدی موهەندیس بووە.

 

لە تۆمارە دەنگییەکەدا دیارە کە تیمەکە دەڵێت، "گەورەم ئەوان دوو خولەک و 11 چرکەیان هەیە، گەورە تەنها دوو خولەک و 11 چرکەیان لە ژیاندا ماوە، گەورەم ئەوان لە ئۆتۆمبێلەکەدان، گەورەم ئەوان لە ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕدان، گەورەم ئەوان تەقریبەن یەک خولەکیان لە ژیاندا ماوە، گەورەم تەنها 30 چرکەیان ماوە.. 10، 9،8…. پاشان لەناکاودا بووووم."


"ئەوان مردن گەورەم"، تۆمارە دەنگییەکە دەڵێت.