گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

400 هەزار کارمەند!

کۆمسیۆن: ئامێرەکانی هەڵبژاردن متمانەیان هەیە و ڕێگری لە ساختەکاری دەکەن

2021.05.08 - 10:57
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمسیۆن: ئامێرەکانی هەڵبژاردن متمانەیان هەیە و ڕێگری لە ساختەکاری دەکەن

ناس کورد-

سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، نزیکەى 400 هەزار فەرمانبەر سەرپەرشتى بەڕێوەبردنى پڕۆسەى هەڵبژاردن دەکەن و ئەو ئامێرانەشى بۆ پڕۆسەکە بەکاردەهێنرێن متمانەى پێیان هەیە و ڕێگرى لە ساختەکارى دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەلیل عەدنان خەڵەف، سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەمیانەى کۆبونەوەیەکیدا لە نوسینگەى نیشتیمانى سەر بە دەزگاکەى لە بەغدا (8ى ئایارى 2021) ڕایگەیاند، نزیکەى 400 هەزار فەرمانبەر لە وەزارەت و دەزگا دەوڵەتییەکان پڕۆسەى هەڵبژاردنى 10ى تشرینى ئەمساڵ بەڕێوە دەبەن و متمانەى تەواویشیان بەو ئامێرانە هەیە کە لە پڕۆسەکەدا بەکاردەهێنرێن.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، کۆمسیۆن بەوردى کارى کردووە بۆ نوێکردنەوەى ناوى دەنگدەران و هەروەها هەڵبژاردنى ئەو کۆمپانیایەى کە پشکنین بۆ پڕۆسەکە دەکات لەسەر ڕێنماى نەتەوە یەکگرتووەکان و دانانى پلان بۆ هاندانى دەنگدەران لەبەشدارى کردنیان لە پڕۆسەکە کە وابڕیارە 10ى مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.

 

خەڵەف دەشڵێت، کۆمسیۆن بانگهێشتنامەى ئاڕاستەى ژمارەیەک لەوڵاتانى جیهان کردووە بەمەبەستى ڕەوانە کردنى چاودێرەکانیان ئەوەش بۆ گەڕانەوەى متمانە بەکۆمسیۆن و ئەنجومەنە نوێیەکەى و هەروەها کار دەکات بۆ ناردنى پەیامێک بۆ هەموو عێراقیەکان بەمەبەستى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکە، بە تایبەت ئەوانەى کە هەڵبژاردنى 2018 بایکۆتیان کرد.

 

لەبارەى گرێبەستەکانیشەوە، خەڵەف ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، هەموو گرێبەستەکان کە کۆمسیۆن دەیانکات خولییە و جێبەجێکارە سەرەکییەکەى وەزارەتى دەرەوە و بازرگانى و پلاندانان و هەواڵگرییە و خراونەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و دوا ڕەزامەندیش لەوێووە دەردەچێت.


سەرۆکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان باسى لەوەش کردووە، ئەو کۆمپانیایەى کە پشکنین بۆ ئامێرەکانى هەڵبژاردنەکە دەکات، کۆمپانیاى (هانس لەدى) ئەڵمانیە و کۆمپانیایەکى خاوەن ناوبانگ و کارى نمونەیە لەوڵاتان و ئەویش وەکو قازییەک متمانەى تەواوى بەو ئامێرانە هەیە.

 

لەسەر لیستى تۆمارى دەنگدەرانیش خەڵەف وتووشیەتى، لەگەڵ تۆڕى میدیایى عێراقیدا بۆ چاپکردنى ڕێکەوتوون ئەگەر چاپخانەیەکى پێشکەوتوویان هەبێت بۆ ئەوەى پارەکە بۆ خەزێنەى دەوڵەت بگەڕێتەوە و بۆ چاپکردنى کارتى دەنگدانیش خەریکە لەگەڵ کۆمپانیایەکى فەڕەنسیدا ڕێکدەکەون.