گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

هنداوی: زاواكانی مالیكی جەعفەرییان كانسڵ كردەوە

2021.05.07 - 21:00
App store icon Play store icon Play store icon
هنداوی: زاواكانی مالیكی جەعفەرییان كانسڵ كردەوە

ناس کورد-

شێخ محەمەد هنداوی ئەمینداری گردبوونەوەی ڕاپەڕینی شەعبانی ڕایگەیاند دەركەوتنی زاواكانی مالیكی و دەستپێوەندەكەی زۆر سەركردەی وەك جەعفەری و عەلی ئەدیبیان لە حیزبی دەعوە كانسڵ كردەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هنداوی كە هاوپەیمانی مالیكی و نوێنەری ڕەفحاوییەكانە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (7 ئایاری 2021) باسی لەوەكرد لەخولی یەكەمی سەرۆكایەتی وەزیرانی مالیكی زۆر سەركردەی دەعوە هەبوون لەچەشنی ئیبراهیم جەعفەری و عەلی ئەدیب و وەلید حلی، بەڵام هێزی كەسایەتی مالیكی و دەركەوتنی زاوا و دەستپێوەپێوەندەكەی ئەوانی وردە وردە سڕییەوە لە گۆڕەپانەكە.

 

هنداوی وتیشی هەبوونی خەڵكی بەتەمەن و ئەزمووندار لەحیزبدا هیچ عەیبە نییە و پێویستیشە، بڕوانن چۆن مالیزیا گەڕانەوە بۆ مەهاتیر محەمەد كە تەمەنی 95 ساڵە چونكە لەدوای ئەو كەوتنە قەیران.

 

نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامی هاوپەیمانێتییەكی تایبەتی دروستكردووە لەژێر ناوی دەوڵەتی یاسا بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن كە ژمارەیەك قەوارەی جیا لەخۆی دەگرێت كە دیارترینیان بزوتنەوەی ئیرادەی حەنان فەتلاوییە.  

 

بەگوێرەی لیستی هاوپەیمانێتییەكانی هەڵبژاردن كە فەرمی بڵاوكراوەتەوە و "ناس كورد" لەسەرچاوەكانی حیزبی  دەعوەی ئیسلامی پشتڕاستی كردووەتەوە ( 1 ئایاری 2021)، هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10 ئۆكتۆبەری 2021  لەچەند قەوارەیەك پێكدێت كە گرنگترینیان بریتین لە: 

 

ـ بزوتنەوەی ئیرادەی پەرلەمانتاری پێشوو حەنان فەتلاوی (بابل) 

 

ـ بزوتنەوەی ئیسلامی توركمانی عێراق (كەركوك) 

 

ـ حیزبوڵڵای عێراق 

 

ـ بزوتنەوەی بەشائیری گەنجان كە زاواكەی مالیكی پەرلەمانتار (یاسر صخیل) سەرۆكایەتی دەكات.  

 

 

لەلایەكیترەوە،ڕاپۆرتی مۆنیتەرینگی ڕۆژانەی هەڵبژاردن هەینی (30 نیسانی 2021) كە حسێن هنداوی راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ هەڵبژاردن بڵاوی دەكاتەوە، لەزاری سەرچاوەكانی ناو هاوپەیمانێتی فەتحی حەشدی شەعبییەوە ئاشكرایكردووە كە ناكۆكییەكانیان لەبارەی كاندید و لیست كۆتایی پێهاتووە و ئامادەن بۆ هەڵبژاردن.   

 

هەروەها ئەوەشی باسكردووە عەمار حەكیمی رێبەری ڕەوتی حیكمە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو پێكەوە دەبن، لەدەرەوەی هێزە سیاسییە ناسراوەكانیش حیزبە نوێیەكانی پاش خۆپیشاندان ئامادەییان دەربڕیوە بەشداری بكەن بەڵام ترسی چەك و میلیشیایان هەیەو بڕیاری بەشدارییەكەیان بەكراوەیی هێشتوەتەوە تا دڵنیا دەبنەوە.    

 

بەپێی دوا داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن تا ڕۆژی پێنج شەممە (29 نیسان) كە ڕۆژێك بەر لە كۆتا وادەبووە 265 حیزب مۆڵەتیان وەرگرتووە 51 حیزبیتر چاوەڕێی مۆڵەت وەرگرتنن و 124 حیزبیتر ئارەزووی خۆیان پیشانداوە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردن و 38 هاوپەیمانێتی بەفەرمی تۆماركراون بۆ هەڵبژاردنی 10 ئۆكتۆبەری 2021، سبەی شەممە (1 ئایاری 2021) دوا مۆڵەتە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندید و بە گوێرەی پێداگرییەكانی كۆمسیۆن قابیلی درێژكردنەوەش نییە.