ناس کورد-
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، تایبەت بە بڕیاری پەسەندكردنی دادگای پێداچوونەوە بۆ پێنج دەستگیرکراوەکەی بادینان و حوکمدانیان بە شەش ساڵ، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند نابێت یاسا ببێتە ئامرازی سەرکوتی ئازادییە سیاسی و شارستانیەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، " جەخت لە گرنگی خواستی بەڕێز رێکخەری گشتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسایی و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان بە ئاراستەی رێزگرتن لە مافی ئازادی رادەربڕین و دەستەبەرکردنی عەدالەت لە کەیسی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان دەکەینەوە."
دەقی پەیامەکە...
بڕیاری پەسەندكردنی دادگای پێداچوونەوە بۆ پێنج
دەستگیرکراوەکەی بادینان و حوکمدانیان بە شەش ساڵ زیندانی پێشینەیەکی مەترسیدارە
بزوتنەوەی گۆڕان، وەک پێشتر ھەڵوێستی فەرمی، لەرێی پشتیوانی فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان و ژوری قانونی روون و رەوان بووە، بە ئامانجی پارێزگاری لە ناو و پێگەی ھەرێمی کوردستان و متمانەی ھاوڵاتیان بە دادگاکان. نابێت یاسا ببێتە ئامرازی سەرکوتی ئازادییە سیاسی و شارستانیەکان. روئیای نەگۆڕی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە:-
یەکەم: ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی پایەیەکی دیموکراسیە کە قابیلی زەوتکردن نییە.
دووەم: بەڵگەکانی ئەم کەیسە و گیراوەکانی دیکە نەسەلمێنراون و لاوازن.
سێیەم: دیپلۆماتکاران کارێکی سەرەکیان دیدارە لەگەڵ رۆژنامەنووس و چالاکوانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی. تێوەگلاندیان لەم کەیسە نیشانەی نەبوونی بەڵگە و پێشینیەکی مەترسیدارە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان.
چوارەم: بەهۆی ئەم کەیسە هەموو نوێنەرایەتیەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و دەوڵەتانی دیکە رووبەڕووی گۆشەگیری ئەبنەوە.
بۆ رێگری لە زیانی گەورە لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی جەخت لە گرنگی خواستی بەڕێز رێکخەری گشتی لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی قانونی و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان بە ئاراستەی رێزگرتن لە مافی ئازادی رادەربڕین و دەستەبەرکردنی عەدالەت لە کەیسی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان دەکەینەوە.
دلێر عەبدولخالق
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان
٦ی ئایاری ٢٠٢١