گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دوو هیوا هەیە’’

پارێزەرێک باس لە ـ’’هیواکانى ئازادکردنى زیندانیکراوانى بادینان’’ دەکات

2021.05.06 - 23:18
App store icon Play store icon Play store icon
پارێزەرێک باس لە ـ’’هیواکانى ئازادکردنى زیندانیکراوانى بادینان’’ دەکات

ناس کورد-

سەبارەت بە بڕیارەکەى دادگاى پێداچوونەوەى هەرێمى کوردستان لەسەر پەسەندکردنى سزاى زیندانیکراوانى بادینان پارێزەرێک دەڵێت، هیوایەکى کەم ماوە ئەو سزادراوانە ئازاد بکرێن و دەبوایە دادگاى تەمیز ئەو بڕیارەى نەدایە و ئەو گومانانەى لەسەریەتى لایببردایە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کارزان فازڵ، پارێزەر و بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) سەبارەت بە بڕیارى دادگاى پێداچوونەوە لەبارەى پەسەندکردنى بڕیارى سزادانى چالاکوانانى بادینان (6ى ئایارى 2021) لە لێدوانێکى تایبەتدا بە "ناس کورد"ى وت،  "ئەمە لەکەیە و دەبوایە دادگاى پێداچونەوە ئەو کارەى نەکردایە و دەستەى فراوانى دادگاکە ئەو مەلەفى ببینیایە بۆ ئەوەى گومانەکان لەسەر خۆیان لاببەن، بەڵام ڕەتیانکردووەتەوە."

 

سەبارەت بەوەى کە سزادراوەکان هیچ هیوایەکیان ماوە بۆ ئازادکردن وتى، "هیواکە ئەوەیە وەک پارێزەرانى سزادراوانیش وتیان داواى ڕاستکردنەوەى بڕیارى جێبەجێکردن دەکەن، بەڵام ئەوەش هیوایەکى لاوازە، چونکە دەچێتە بەردەم هەمان ئەو دادوەرانە، هەروەها سەرۆکى هەرێم دەتوانێت لێبوردنیان بۆ دەربکات، ئەوەش بەهەمان شێوە ئەگەرێکى لاوازە."

 

لەلایەکى ترەوە رێكخراوی DHRD لەبارەی بڕیاری دادگای پێداچونەوەی ھەرێم لەسەر دۆسیەی سزادراوانی بادینان لە بەیاننامەیەکدا باسى لەوەکردووە، دادگای پێداچونەوە بڕیاردەدات هەمومان بێدەنگ بین.

 

جەختلەوەشکراوەتەوە، بڕیارەکە بەزۆرینە دەرچوە "واتە لەکۆی پێنج ئەندام سێ ئەندام پەسەندیان کردوەو دو ئەندام دژی بون" کە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە تەنانەت پێنج دادوەر ھاوڕا نەبون لەسەر بڕیارەکە چ جای بگات بەدەنگی ناڕازی ھەزاران کەسی دژی ئەم بڕیارە.



دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

 

بۆ ڕای گشتی

 

بەیاننامەی ڕێکخراوی DHRD سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچونەوەی ھەرێمی کوردستان لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان

 

دادگای پێــداچــونەوە بـڕیاردەدات ھەموان بـێ دەنگ بیــن

 

پاش ئەوەی دادگای تاوانەکانی دوەمی ھەولێر لەپرۆسەیەکی دادگاییکردندا کە سەرلەبەری مایەی سەرنج و ھەڵوەستە لەسەرکردن بو، ھەر لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بێ سەروشوێن بونیان بۆ ماوەیەکی زۆرو ڕێگەنەدان بە کەسوکارو پارێزەرەکانیان بۆ بینین و سەردانیکردن و ئامادەبون لەقۆناغەکانی لێکۆڵینەوە تا دەگاتە پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەخێرایی و کۆتاییھێنان بە دۆسیەیەکی ئاوا ھەستیار لەماوەی تەنھا دو ڕۆژو دەرکردنی بڕیار لەڕۆژی ١٦-٢-٢٠٢١ بەسزادانی ڕاگیراوان بۆ ماوەی ٦ شەش ساڵ زيندانيكردن. پاش ئەو ھەمو کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی لەسەر بڕیارەکە دروست بو، دواتر ھەمو چاوەکان چوەسەر دادگای پێداچونەوەی ھەرێم تاکو بەچاوێکی یاسایی وردترو تێگەیشتنێکی یاسایی تر لە چالاکی مەدەنی و داوای ماف و ئازادیيەکان بڕیار لەدۆسیەکە بدات، بەڵام بەداخەوە لەڕۆژی ٢٨-٤-٢٠٢١و بەبڕیاری ژمارە (٤٦٨/الھیئة الجزائیة-الثانیة/٢٠٢١) کە ئەمڕۆ بڵاوبویەوە، دەستەی سزایی دوەمی دادگای پێداچونەوە بڕیاری پەسەندکردنی سزادانی چالاکوانانی بادینانی بەزۆرینە پەسەند کرد. کە وێڕای نیگەرانیمان لەکۆی پرۆسەکەو مەترسی گەورەی ئەم بڕیارە لەسەر ئازادییە گشتیەکان و خەباتە مەدەنییەکانی داواکردنی ماف و ئازادییەکان، ھاوکات بەکورتی ئەم سەرنجانە لەسەر بڕیارەکەی دادگای پێداچونەوە دەخەینە ڕو:

 

١/ بڕیارەکە بەزۆرینە دەرچوە (واتە لەکۆی پێنج ئەندام سێ ئەندام پەسەندیان کردوەو دو ئەندام دژی بون) کە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە تەنانەت پێنج دادوەر ھاوڕا نەبون لەسەر بڕیارەکە چ جای بگات بەدەنگی ناڕازی ھەزاران کەسی دژی ئەم بڕیارە (جگە لەوەی ھەموان دەزانین کە ھەژمونی پارتی و یەکێتی بەسەر دادگاکان و دادگای پێداچونەوە چ ڕۆڵێکی ھەیە لەدەرچونی بڕیارەکان).

 

٢/ خاڵێک کە زۆر جێی لەسەر وەستانەو لەھەردو قۆناغی دادگایی کردن و پێداچونەوە جەختی لەسەرکراوەتەوەو وەک کردەیەکی تاوانکاری سزادراوان ئاماژەی بۆ کراوە سەردانی ئەو کەسانەیە بۆ کونسوڵگەری ئەمریکا لەھەولێر و وەرگرتنی ھاوکاری مادی بۆ دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە بەڕێوەچونی کۆی پرۆسەی سیاسی لەعێراق و ھەرێمی کوردستان و پێویستی بەپێدانی بڕی (٥٠٠٠ $ پێنج ھەزار دۆلاری ئەمریکی نیە بە شەش کەس بۆ دژایەتیکردنی ھەرێم و حوکمڕانیەکەی) .

 

٣/ یەکێکی تر لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ سزادراوان پەیوەندی کردنی سزادراوانە لەگەڵ ڕێکخراوی پارێزەرانی جیھانی، کە ناردنی وێنە و دۆکیۆمێنت بۆیان، کە جێی پرسیاری ھەموانە ئەبێت ڕێکخراوی پارێزەرانی جیھانی چ مەترسییەکی بۆ سەر ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان ھەبێت.

 

جگە لەھەمو ئەو وردەکارییە یاساییەی لەڕاپۆرتێکی شیکاری پێشتردا خستمانەڕو.

 

لەم کاتەدا ڕێکخراوی DHRD  وەک ڕێکخراوێکی تایبەتمەند لەبواری سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، نیگەرانی خۆمان لەم جۆرە بڕیارانە دەردەبڕین و بەکارھێنانی دادگا بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازی شەقام بەمەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئازادییەکان دەبینین و داواکارین لەسەرجەم ڕێکخراو و کەسایەتی و لایەنەکان بەردەوام بن لەدەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ئەم بڕیارە و دروستکردنی فشاری زیاتر بەئاراستەی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی.

 

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی ومافی مرۆڤ DHRD