لەئەنجامی هیرشكردنی ژمارەیەک چەکدار کە هێزە ئەمنییەکان بە "داعش" ناویان دەبەن، بۆ سەر سوپای عیراق لە قەزای دوبز لە خۆرئاوای کەرکوک، سەربازێکی سوپا کوژراو دووانی تر برینداربوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەک لە فیرقەی دووی سوپای عیراق کە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیان لە ئەستۆیە، ڕوونیكردەوە، هێرشەکە کاتژمێر ۱۱ی شەوی رابردوو رویداوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ (6 ئایاری 2021) بەردەوام بووە و لای خۆشییانەوە هێزەكانی سوپای عیراق دەستیان بەبۆردومانی چەكدارە هێرشبەرەكان كردووە.
بەگوێری زانیارییەكانی "كەركوك ناو" هێرشەکە لە نزیک بەنداوی (نمرە 8)ی قەزای دوبز بووە و بەهۆیەوە لانیكەم سەربازێک کوژرا و دوو سەربازی تر برینداربون و هێشتا زیانەكانی كۆتایی هێرشەكە نەزانراون.
راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی لەناو كەركوكەوە ئاماژە بەوە دەكەن، ئەم شەو داعش پەلاماری شەش شۆینی داوە لە کەرکوک ودەوربەری، بەھۆی هێرشەكانیشەوە زیانی گیانی بەر ھێزی ئەمنی كەوتووە.
ئەم هێرشانە بەدوای ئەوەدادێت كە لەچەند ڕۆژی رابردوودا چەكدارانی داعش زنجیرەیەك چالاكییان لە شاری كەركوك و دەوروبەری ئەنجامدا، لەم میانەیەشدا دوێنێ وێنەی بەربانگی چەكدارەكانیان و پێشتریش وێنەی هێرشبەرانی سەر بازگەی هێزەكانی پێشمەرگەیان بڵاوكردەوە.
ئێوارەی چوارشهممه (5 ئایاری 2021) هێزێكی تایبەت كە لە 150 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکھاتبوو، لە بەغداوە ڕەوانەی شاری کەرکووک کراون و بەشێەک لەو ھێزە لە شارۆچکەی داقوق و بەشەكەی تر ڕەوانەی سهربازگهی کی وان كران لە شارەكە.