گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەبەرهێنانی هەرێم بڕیارەکانى لەبارەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون یەکلایی کردەوە

2021.05.05 - 12:28
App store icon Play store icon Play store icon
وەبەرهێنانی هەرێم بڕیارەکانى لەبارەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون یەکلایی کردەوە

ناس کورد-
دەستەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان بڕیارەکانى خۆى یەکلاکردەوە لەبارەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون و دوو بژاردەى خستووەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتى و پڕۆژەکان بۆ هەڵبژاردنى یەکێکیان، هەر پڕۆژەیەیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، گشتاندنێکیان ئامادەکردووە و ئاڕاستەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى وەبەرهێنانى دەکەن لە پارێزگاکان بۆ چارەسەرى کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون، دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار.



ڕونیشیکردەوە، لە گشتاندنەکەدا دوو بژاردە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى یەکێکیان، کە بریتین لەوەى قیستەکان درێژبکرێتەوە بەوەى نرخى دۆلار وەکو پێشوو هەژمار بکرێت و ئەو بڕەى ئێستا بۆ نرخەکە زیاد بووە بخرێتە کۆتایی و بەقیست وەربگیرێت.



محەمەد شوکرى باسى لەوەشکرد، بژاردەى دووەم ئەوەیە 100 دۆلار بە نرخى 120بۆ 130 هەزار دینار دیاری بکرێت.


جەختیشیکردەوە، پێویستە لەماوەیەکى دیاریکراودا بەڕێوەبەرایەتییەکان ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە، هەر کۆمپانیایەکیش پابەند نەبێت لێپێچینەوەى لەگەڵدا دەکرێت.



دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەرانبەر دینار، بەشێک لە دانیشتوانى پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون روبەڕووى گرفت بوونەتەوە، بەهۆى پێدانى قیستەکانیان بە دۆلار بە کۆمپانیاکان.



تا ئێستا چەند کۆمپانیایەک بڕیاریانداوە 100 دۆلار بەرانبەر بە 130 هەزار دینار بۆ وەرگرتنى قیست دیارى بکەن، بەڵام زۆربەى زۆرى کۆمپانیاکان هیچ نرخێکى نوێیان دیارینەکردووە و بە نرخى بازاڕ دۆلار وەردەگرن.



مانگى شوباتى ئەمساڵ حکومەتى هەرێم و پەرلەمان و یەکێتى وەبەرهێنەران لیژنەیەکى هاوبەشیان پێکهێنا، بۆ بڕیاردان لەبارەى کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون، دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.



هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکى لیژنەى ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانى پەرلەمانى کوردستان (4 ى شوباتى 2021) بە "ناس کورد" ى راگەیاند "90%ى پڕۆژەکان بە دینار مامەڵە دەکەن تەنها 10% کێشەیان هەیە لەو بارەیەوە، زۆر قسەمان کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەڵام نەگەیشتینە بڕیارێک، بەرمەبناى ئەو گرێبەستەى کراوە هەوڵدەدەین بگەینە چارەسەر".

 

هاوڕێ مەلا ستار باسى لەوەشکرد، کێشەکە ئەوەیە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان کراوە بۆ پێدانى قیستەکان بە دۆلار، بەڵام هەوڵدەدەن چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزنەوە.