گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو ڤیدیۆیەى سۆشیال میدیاى تەنیوە

’’نەزۆکى و مردن’’..دوو پزیشکى کورد رونکردنەوە لەسەر کاریگەرییەکانى ڤاکسین دەدەن

2021.05.04 - 13:24
App store icon Play store icon Play store icon
’’نەزۆکى و مردن’’..دوو پزیشکى کورد رونکردنەوە لەسەر کاریگەرییەکانى ڤاکسین دەدەن

ناس کورد-

 

دوو پزیشکى دیارى کورد رەتیدەکەنەوە ڤاکسینى کۆرۆنا ببێتە هۆى "نەزۆکى و مردن" و دەڵێن ئەو بۆچونانەى لەو بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە زانستى نین.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عارف گۆران و کامەران قەرەداغى لەبڵاوکراوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای پێنج مانگ لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکان و بەکارھێنانی پتر لە یەک بلیۆن برەژەمی ڤاکسین دەرکەووتوە، کە لێکەوتە خراپەکانی ڤاکسینەکان لە ماوەی کورت خایەن یەکجار کەمە.

 

دەشڵێن لە ھەفتەی رابردوو پتر لە سەد کەس کورتە ڤیدیۆیەکیان بۆیان ناردووە باس لە مەترسیەکانی ڤاکسینەکانی دژ بە کۆرۆنا دەکرێت لە ماوەی دوور خایەن "ئەوەی زۆر جێگای داخە کە بەرەی دژەڤاکسین بەشێکی ئەو ڤیدیۆیەیان تەرجومە کردووە بۆ زمانی کوردی، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی دلەراوکێ لای بەشێکی ئەو خەلکانە درووست بکات کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتوەو لەھەمان کاتدا بۆتە ساردکردنەوەی بەشێک لە خەلک کە بە نیازن ڤاکسین وەرگرن".

 

بەوتەى ئەو دوو پزیشکە، ئەو ڤیدیۆیەی سۆشیال میدیای تەنیوەتەوە، ئافرەتێکی  ئێرلەندیە بە ناوی دۆلۆریس کاھێل (Dolores Cahill) . کە ئەندامێکی کاریگەری پارتی سەربەستی ئێرلەندایە و بۆچوونەکانی زۆر دژ بە بە یەکێتی ئەوروپایە.

 

رونیشیان کردوەتەوە، ئەو ئافرەتە لە سەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆنا بۆچوونەکانی لەگەڵ ناوەندە زانستیەکانی جیھان جیاوازو نامۆ بوو، بە ھەموو شێوەیەک دژایەتی ئەوەی دەکرد کە ماسک بەکاربھێنرێت، دژی کارەنتینەکردن بوو. بە بۆچوونی ئەو کۆرۆنا ڤایرۆسێکی سادەیەو سیاسیەکان کۆرۆنا وەک ئامرازێک بەکاردەھێنن بۆ زەوتکردنی سەربەستی تاکە کەسی.

 

"لە ناوەراستی مانگی سێ زانکۆی دەبلن بە شێوەیەکی فەرمی پرۆفیسۆر کاھێلیان دوورخستەوە و رایانگەیاند، کە ئەو بەھیچ شێوەیەک تەعبیر لە زانکۆکەیان ناکات، ھەرچەندە ماف و بۆچوونی تاکەکەس زۆر گرنگە لە ئەوروپا ، بەلام ناوەندە زانستیەکانی ئایرلەندا بۆچوونەکانی ئەو پرۆفیسۆرە بە مەترسی دەزانن".

 

پرۆفیسۆر کاھێل لەو کورتە ڤیدیۆیەی، کە لە جیھان و کوردستان بلاوبۆتەوە باس لە مەترسیەکانی ڤاکسینەکان دەکات لە ماوەی دوورخایەن، باس لەوە دەکات کە ئەو کەسانەی ڤاکسین وەردەگرن تووشی نەزۆکی دەبن و تەنانەت دەڵێت  ڤاکسینەکان دەبنە ھۆی مردن و کەمککردنەوەی تەمەنی ئەو کەسانەی  وەریدەگرن.

 

دوو پزیشکە کوردەکە دەڵێن "کە ڤاکسینەکان تەنھا پێنج مانگە بەکارھێنراون، لە راستیدا بەھیج شێوەیەک ھیج لێکدانەوەیەک یاخود شیکردنەوەیەکی زانستی پشتگیری لە بۆچوونەکانی کاهێل ناکات".

 

جەختیشدەکەنەوە، بە درێژای مێژوو ھیچ کێشەیەک لە ڤاکسینەکان نەبینراوە لە ماوەی دوور خایەن، ھیچ لێکدانەوەیەکی زانستی نابینرێت، کە ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا جیاواز بن لەوانەی پێشووتر.