گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

لەدوای کۆبوونەوەکەى کازمی.. بەغدا شاندێکى سەربازى ڕەوانەى هەرێم دەکات

2021.05.03 - 21:20
App store icon Play store icon Play store icon
لەدوای کۆبوونەوەکەى کازمی.. بەغدا شاندێکى سەربازى ڕەوانەى هەرێم دەکات

ناس کورد-

وەزارەتى پێشمەرگە ڕاگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکى سەربازى بەغدا سەردانى هەرێمى کوردستان بکات بۆ تاوتوێکردنى پرسی کاراکردنى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پرسی کاراکردنى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش یەکێک بوو لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەى باڵاى ئەمنى عێراق بەسەربەرشتى مستەفا کازمى و بەشدارى نوێنەرانى وەزارەتى پێشمەرگە کە شەوى رابردوو بەڕێوەچوو.

 

جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە کە بەشدارى کۆبووەکە بوو ئەمڕۆ دووشەممە (3ی ئایاری 2021) بە "ناس کورد"ى راگەیاند، کۆبوونەوەکە بەگشتى بۆ تاوتوێکردنى ڕەوشى ئەمنى بوو دواى ڕووداوەکانى ئەمدواییە.

 

وتیشى، یەکێک لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە پرسی سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەشى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بوو، سەرۆک وەزیران لیژنە تایبەتمەندەکانى ڕاسپارد کارەکانیان لەو بارەیەوە دەستپێ بکەن.

 

جەبار یاوەر ئاشکرایکرد، هیچ وادەیەک دانەنراوە بۆ کاراکردنى سەنتەرەکان، بەڵام بڕیارە بەم نزیکانە شاندێک لەبەغداوە بگاتە هەولێر بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە.

 

پێکهێنانى ئەو سەنتەرانە ساڵى ڕابردوو بەپێی رێککەوتنى پێشمەرگە و سوپا بڕیارى لێدرا، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە، ئەوەش بەهۆکارى هێرشەکانى ئەم دواییەى داعش دادەنرێت لە ناوچە جێناکۆکەکان.

 

ماوەیەکە داعش سود لە بۆشایی ئەمنی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دەبینێت و شەوانە هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمنییەکان، كاتژمێر 21:30ی شەوی هەینی (30ی نیسانی 2021)، چەكدارانی داعش لە میحوەری ڕۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركوك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون.

 

هەر دوای هێرشەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد دەستبكرێت بە دروستكردنی هێزی هاوبەش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بەهێزبوونەوەی داعش لەو ناوچەیەدا.

 

وتیشی، "ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا."

 


سەرۆکى هەرێمی کوردستان جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات "بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا."