گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

ناوەندێکى ڕاگەياندنى تايبەت بە هەڵبژاردن داوايەك لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان دەكات

2021.05.03 - 09:00
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەندێکى ڕاگەياندنى تايبەت بە هەڵبژاردن داوايەك لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان دەكات

ناس کورد-

ناوەندى ڕاگەياندنى ئەلكترۆنى لە عێراق داوا لە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان دەكات، ئەو ڕيكلامە سياسيانەى پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردن بڵاودەكرێنەوە لاببرێن و بەپێويستيشى دەزانێت دوو ڕێگە بگرنەبەر.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ناوەندى ڕاگەياندنى ئەلكترۆنى (3ى ئایارى 2021) لە بەياننامەيەكدا بڵاويكردووەتەوە، لەسەر كۆمپانياى گۆگڵ و تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان پێویستە كە لە عێراق ژمارەيەكى زۆر بەكارهێنەريان هەيە دوو هەنگاوى گرنگ بنێن بۆ ڕێگەگرتن لە سەرلێشێوانى دەنگدەران.

 

ئەوەش هاتووە، هەنگاوى يەكەم ئەوەيە كە ڕيكلامە سياسيەكان لەو تۆڕانە تا پێش مانگێك لە هەڵبژاردن بسڕنەوە، ئەوەش لەپێناو ئەوەى فەزاى ئەلكترۆنى و تۆڕەكان بەكارنەهێنرێن بۆ خستنى ڕكابەرەكان و سەرلێشێوانى دەنگدەر و بڵاوكردنەوەى درۆ.

 

ناوەندەكە هێماى بۆ ئەوەش كردووە، پێويستە  ڕيكلامە سياسييەكان لەلايەن كۆمپانياى فەيسبوكەوە بسڕدرێنەوە نەك ڕێگە بە بەكارهێنەر بدرێت كە خۆى ئەو ڕيكلامانە  بوەستێنێت لەكاتى دەركەوتنيان، باشترين كار ڕێگەگرتنە لێيان.

 

ئەوەش هاتووە، هەنگاوى دووەم بريتييە لەوەى كە تيمە مرۆييەكان زياد بكرێن بۆ چاودێرى ناوەڕۆكى هەواڵەكان لە عێراق پێش هەڵبژاردنەكان و سڕينەوەيان، هەروەها ئەوەش پەيجە سەرپێچيكارەكانى هەواڵى سياسى تايبەت بە هەڵبژاردنەكان بگرێتەوە.

 

ناوەندى ڕاگەياندنى ئەلكترۆنى جەختيلەوەشكردووەتەوە، چەندين كۆمپانيا و تۆڕى كۆمەڵايەتى لەكاتى هەڵبژاردنەكەى كۆتايى ساڵى ڕابردوو لە ئەمريكا ڕيكلامە سياسيەكانيان وەستاند، ئەوەش لەپێناو مسۆگەركردنى ڕێگەگرتن لە ياريكردن و بەكارهێنانيان لەلايەن هێزە سياسيەكانەوە كە پڕوپاگەندەى سياسييان هەيە بۆ دروستكردنى كاريگەرى لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنەكان.

 

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەم (10) ی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 بەرێوەدەچێت كە 18 پارێزگای لە عێراق دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت. جگە لەوەش كاندیدەكان جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك بەشداری دەكەن.

 

ژمارەی گشتی كاندیدان: 3 هەزار و 523 كەس 

سەربەخۆكان 887 كاندید

حیزبەكان 1002

هاوپەیمانێتی: 2560 كاندید

 لەڕووی جێندەرییەوە 2 هەزار و 560 كاندید لەڕەگەزی نێرن و 963 یان لەڕەگەزی مێ. 

 

بازنەكانی هەرێمی كوردستان 

 

كورسییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك 46 كورسییە و دابەشكراون بەسەر 12 هەڵبژاردن. 

 

 لە پارێزگای هەولێر 53 كاندید كێبڕكی لەسەر 15 كورسی دەكەن ( 35 نێر و 18 مێ).

 

لە پارێزگای سلێمانی 65 كاندید كێبەركێ لەسەر 18 كورسی دەكەن (41 نێر و 24 مێ).

 

لە پارێزگای دهۆك 28 كاندید كێبڕكی لەسەر 12 كورسی دەكەن (21 نێر و 7 مێ).

 

 

لەپاش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، 4 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 2005 و 2010 و 20214 و 2018 بوون، پێشتر سیستمەكانی هەڵبژاردن، "نوێنەرایەتی رێژەیی بوون" بەپێی سیستمی سانت لیگۆی هەمواركراو لە 18 بازنەی عێراق كە هاوتای ژمارەی پارێزگاكان بوون، بەڵام بۆ 2021 بووە بە "زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە" لە 83 بازنەی هەڵبژاردن.