گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

كۆمسيۆن کۆى کاندیدە بەشداربووەکانى هەڵبژاردنە پیشوەختەکەى ئاشکرا کرد 

2021.05.03 - 08:38
App store icon Play store icon Play store icon
كۆمسيۆن کۆى کاندیدە بەشداربووەکانى هەڵبژاردنە پیشوەختەکەى ئاشکرا کرد 

ناس کورد- 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەختلەوەدەكاتەوە، پابەندن بەو كاتەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان دانراوە و ژمارەى کاندیدانیشى بۆ هەڵبژاردنەكە ئاشكرا كرد.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژابردنەكان (3ى ئايارى 2021) لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرايكردووە، پابەندن بەو كاتەی دانراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت كە 10ی تشرینی یەكەمی 2021ە و پاشگەزبونەوە نییە لێی، لەهەمان كاتدا لە هەنگاوەكانیان بەردەوامن بۆ قۆناغی داهاتوو كە دەنگدانە، ئەوەش دوای كۆتایی هاتنی ماوەی نوێكردنەوەی لیستی دەنگدەران و ڕاگرتنی تۆماری بایۆمەتری.

 

جەختلەوەشكراوەتەوە، هەنگاوى دواتر ئەوەيە دەست دەكەن بە ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران و چاپكردنى، هەروەها چاپكردنی كوڕاسەی پاڵێوراوەكان و پۆستەری تۆماری دەنگدەران، دواتر لەگەڵ كۆمپانیایەكی متمانەپێكراودا گرێبەست دەكرێت بۆ چاپكردنی كاغەزی دەنگدان و فۆڕمی هەڵبژاردن و پێويستييەكانى تر.

 

كۆمسيۆنى هەڵبژاردنەكانى عێراق هێماى بۆ ئەوەشكردووە، لە يەكى ئايار ماوەى تۆماركردنى هاوپەيمانێتييە سياسيەكان و حزبەكان و کاندیدان كۆتايى هات، دەستدەكرێت بە لێكۆڵينەوە لەوەى ئايا کاندیدەکان كە ژمارەيان زياتر لە 3500 کاندیدن شايستەن بۆ بەشداريكردن ياخودنا، ئەوەش بە هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوە پەيوەنديدارەكان.

 

ئەوەش هاتووە، لەلايەكى ترەوە لە چوارچێوەى ئامادەكارييەكان بۆ پرۆسەى دەنگدان، كۆمسيۆن ليژنەى ناوەنديى بۆ دياريكردنى كارمەندانى پرۆسەى هەڵبژاردنەكە دروستكردووە، ليژنەكە جەختلەوەدەكاتەوە كە ئاليەتى دياريكردنى كارمەندەكان بە دادپەوەريى و شەفافيەت و سەربەخۆ دەبێت و لە فەرمانبەرانى دەوڵەت هەڵدەبژێردرێن، بەڵام نابێت لاى كۆمسيۆن وەك پاڵێوراو ياخود بریکارى حزبى ياخود چاودێر ناويان هەبێت.

 

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەم (10) ی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 بەرێوەدەچێت كە 18 پارێزگای لە عێراق دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت. جگە لەوەش كاندیدەكان جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك بەشداری دەكەن.

 

ژمارەی گشتی كاندیدان: 3 هەزار و 523 كەس

سەربەخۆكان 887 كاندید

حیزبەكان 1002

هاوپەیمانێتی: 2560 كاندید

 لەڕووی جێندەرییەوە 2 هەزار و 560 كاندید لەڕەگەزی نێرن و 963 یان لەڕەگەزی مێ.

 

بازنەكانی هەرێمی كوردستان

كورسییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك 46 كورسییە و دابەشكراون بەسەر 12 هەڵبژاردن.

 لە پارێزگای هەولێر 53 كاندید كێبڕكی لەسەر 15 كورسی دەكەن ( 35 نێر و 18 مێ).

لە پارێزگای سلێمانی 65 كاندید كێبەركێ لەسەر 18 كورسی دەكەن (41 نێر و 24 مێ).

لە پارێزگای دهۆك 28 كاندید كێبڕكی لەسەر 12 كورسی دەكەن (21 نێر و 7 مێ).

 

لەپاش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، 4 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 2005 و 2010 و 20214 و 2018 بوون، پێشتر سیستمەكانی هەڵبژاردن، "نوێنەرایەتی رێژەیی بوون" بەپێی سیستمی سانت لیگۆی هەمواركراو لە 18 بازنەی عێراق كە هاوتای ژمارەی پارێزگاكان بوون، بەڵام بۆ 2021 بووە بە "زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە" لە 83 بازنەی هەڵبژاردن.