گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەترسیی جێگیرکردنی لێبڕینی موچە لە بودجەی هەرێمدا هەیە

2021.05.02 - 11:42
App store icon Play store icon Play store icon
مەترسیی جێگیرکردنی لێبڕینی موچە لە بودجەی هەرێمدا هەیە

ناس کورد- 

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم ئامادەیە و لە ئەنجومەنی وەزیرانە، دەشڵێت، ئەگەر بەغدا پشکی هەرێم بنێرێت، لێبڕینی موچە نامێنێت، بەڵام ئەگەر نەینێرێت، ئەوا بەگوێرەی ئەو داهاتەی هەیە لیبڕین لە بودجەدا جێگیر دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەی چەند مانگێکە وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانانی هەرێم سەرقاڵی داڕشتنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستانن و چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەوبارەیەوە کردووە.

 

محەمەد سەعدالدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (یەکشەممە 2ی ئایاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "نوسینەوەی پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانان تەواو بووە و لەئێستادا ڕەشنوسی پڕۆژەکە نێردراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و سەرقاڵی تاووتوێکردنین."

 

وتیشی، "پڕۆژەکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و ناردنی پشکی هەرێم داڕێژراوە و چاوەڕوان دەکەین بەمنزیکانە بگاتە پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی پەسەندکردنی."

 

سەبارەت بە لێبڕینی موچە لە پڕۆژەکەدا، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر حکومەتی عێراق پشکی هەرێم ڕەوانە بکات و بودجە بە میکانیزمی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا پەسەندبکرێت، ئەوا هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ بەردەوامی لێبڕینی موچە و داهاتەکان بەشی تەواوی موچە دەکات."

 

باسی لەوەشکرد، "بەڵام ئەگەر بەغدا پشکی هەرێم نەنێرێت، ئەوا هەرێم بە میکانیزمێکی دیکە بودجە پەسەند دەکات کە پشت بە داهاتی خۆی دەبەستێت، ئەوکاتەش بەگوێرەی ئەو داهاتەی لەبەردەستدا دەبێت، بڕی لێبڕینی موچە دیاریدەکرێت و لە بودجەی 2021 جێگیردەکرێت."

 

دەربارەی کاتی ڕەوانەکردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ڕوونیکردەوە، "کاتێکی دیاریکراوە نییە، بەڵام لەکۆتا کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، وەزیری دارایی وتی، زۆرینەی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بوون و بەمزووانە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت."

 

لەبارەی نرخی نەوتەوە لە پڕۆژەکەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (شەممە 24ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە پڕۆژەکەدا نرخی نەوت هاوشێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە 45 دۆلار دیاریکراوە."  

 

ماوەی حەوت ساڵە هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بودجەی نییە و ئەوەش بووەتەهۆی قورسکردنی کارەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەکە و دواکەوتنی.