گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕووداوێکی ڕاستەقینە

هەرێم؛ کچێک پارەی لە ماڵەوە دزیوە بۆ ئەوەى کوڕێک وێنەکەى بڵاونەکاتەوە

2021.05.02 - 10:36
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم؛ کچێک پارەی لە ماڵەوە دزیوە بۆ ئەوەى کوڕێک وێنەکەى بڵاونەکاتەوە

ناس کورد-

پسپۆڕێکی پزیشکی دادوەری لە هەرێمی کوردستان باس لە چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەکات کە تێیدا کچێک کەوتووەتە داوی سۆشیاڵ میدیا و بەهۆی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەى وێنەکانی لەلایەن کوڕێکەوە، ناچار بووە پارە لە ماڵەوە بدزێت تاوەکو بیداتە کوڕەکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دکتۆرە دیلمان ئازاد حەسەن، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی (2ی ئایاری 2021) لە بابەتێکیدا بە ناوی "دوبارە سۆشیال میدیا و کارەساتی بەکارهێنانی" ڕایگەیاند، "چەندین جار ئاماژەم کردووە بە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی سۆشیال میدیا لەسەر مندالەکانمان، لەبەر زۆری ڕێژەی ئەو کێشانەی ڕۆژانە دەیانبینین کە چ کارەساتێک ڕودەدات لەنێو کۆمەلگا، بەگشتی لە چینی هەرزەکار و کچان بەتایبەتی."

 

دکتۆرە دیلمان باس لە چیرۆکیکی ڕاستەقینە دەکات و دەڵێت، لەم ڕۆژانە دایک و کچێکی هەرزەکار لەگەڵ پۆلیسێک هاتنە پزیشکی دادوەری و بە پەڕاوی فەرمی دادوەریان پێبوو بۆ پشکنینی پەردەی کچینی.

 

دەشڵێت، "دوای دانیشتن و پرسیارکردنمان لە دایکی کچەکە کە ئاخۆ کێشەکە چییە؟؟ لە وەڵامدا وتی، کچەکەم لە سناپ کوڕێکی ناسیوە و کەوتووەتە قسەکردن لەگەڵی و کوڕە کچەکەمی فریو دا و بەقسەی خۆش و درۆی هاوسەرگیرییەوە، وێنەی لە کچەکەم کردبوو، ئەویش تەنها وێنەی خۆی بۆ ناردبوو، کوڕەکە زانیبووی کچەکە تەمەنی گەورە نییە بە کچەکەمی گوتبوو یان پارەم بۆدەهێنی لەماڵەوە یا بە باوکت دەڵێم کە وێنەت بۆ ناردووم!."

 

دکتۆرە دیلمان بەردەوام دەبێت و دەیگێڕێتەوە، "لە ئەنجامی ترسی ئەم وێنەیە کچەکە بڕە پارەیەکی زۆر زۆری لە ماڵەوە دزی بوو و دابوویە دەستی کوڕەکە، کە لە ماڵ هەستیان کردبوو و زانیان چۆن ئەم پارە ونبووە و دوای ئاشکرابوونی بابەتەکە و قسەکردنی کچەکە لەلای پۆلیس سکالایان کرد و دوای بەدواداچوون کوڕەکە دەست بەسەر کرا."

 

دکتۆرە دیلمان بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، ئێستا ڕەنگە پرسیارتان لا دروست ببێت بۆچی ئەو کچە دێتە پشکنین ؟؟ کچەکە لەم حاڵەتە بۆیە دێتە پشکنین چونکە دادوەر دەیەوی دڵنیابێت کە کچەکە دەستدرێژی نەکراوەتە سەر،
دایکەکە باری دەروونی زۆر خراپ بوو، بە ڕاستی هەستم بە ئازاری دایکەکە کرد بەڵام تاوانی ئەوانیشی تێدابوو، چونکە منداڵ بە ئارەزووی خۆی سناپ دابنی برادەری تێدا دابنی بێ ئەوەى دایکەکە ئاگاداری بێت.

 

دکتۆرە دیلمانش دەڵێت، لێرەدا چەند پرسێک دەکرێت گەنگەشە بکرێ:


١-بۆچی دایک و باوکان سۆزی تەواوەتی نادەن بە منداڵەکانیان بۆئەوەی لەم حاڵەتانە کچەکان بەدرۆی کوڕی بێگانە هەڵنەخەڵەتێن و منداڵان فێر بکەن کە هیچ شتێک نەشارنەوە لە دایک و باوک لە بەر وشەی ترس.


٢- بێکاری دەردێکی گەورەی کۆمەڵگایە، خۆ ئەگەر مرۆڤ کاری هەبێ و سەرقاڵبێت پێیەوە کەمتر کاتی دەبێ سۆشیال میدیا بقۆزێتەوە بۆ کاری نەشیاو و هەڕەشە و تێکدانی شیرازەی هەر خێزانێکی تر.


٣- بێ پلان و بەرنامەیی لەبەکارهێنانی سۆشیال میدیا، زۆرجار بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بەبێ بوونی ئامانجێکی دیاریکراو ئینتەرنێت بەکاردێنن، ئەم بێ پلانییە چارەنوسی گەنجەکانمان بەرەو ئاقارێکی هەڵەدا دەبات، کە کۆمەڵگەی کوردی دوای چەند ساڵێکی دیکە ئەو مەترسیانە بەخۆوە دەبینێت.


٤-ناهۆشیاری گەنجەکانمان، لەوەی کە سۆشیال میدیا چییەو بۆچی و چۆنی بەکاربێنن، و چ کاتێک بەکاری بێنن، ئایە فەیسبووک و ئینستا و سناپ و تیکتۆک و هتد...) تەنها بۆخۆشی و کات بەسەربردنە.؟ یان هۆکارێکی خۆبەرەوپێشبردن و خۆسەلماندن بەکەسایەتیەکی دیاریکراوە، ئایە نابێت بپرسین هاوڕێ و فرێند و فۆڵۆوەرەکانمان کێن و ڕاددەی ناسراوی و کرانەوەمان بۆیان تاچەندبێ.؟


٥-دوبارە دایک و باوکەکان بەرپرسیاری یەکەمن، نەفامییە دایبابێک شانازی بکا بەوەی مۆبایلێکی ئاخیرمۆدێل و ئینتەرنێتێکی بێ سنوور بخاتە دەستی منداڵەکەی و لێپرسینەوە و چاودێریکردنێک نەبێت لەوەی کوڕەکەی یا کچەکەی خەریکی چییە و چی دەکات.