گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی کازمی!

ڕاپۆرتێكی لەندەنی پەیوەندییەكانی سەدر و ئەمەریكا ئاشكرا دەكات

2021.05.01 - 16:01
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاپۆرتێكی لەندەنی پەیوەندییەكانی سەدر و ئەمەریكا ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە كە موقتەدا سەدر و ئەمەریكییەكان لەرێگەی جەعفەر سەدری باڵیۆزی عێراقەوە لە لەندەن كەناڵێكیان بۆ گفتوگۆ و بیروڕا گۆرینەوە كردووەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە (1ی ئایاری 2021) كە "ناس كورد" بینیویەتی، كۆدەنگی هەیە لەسەر ئەوەی سەدر خۆی نایەوێت سەرۆكایەتی حكومەت یان بەشداری سیاسی ڕاستەوخۆ بكات، بەڵام خوازیارە وەك كاریگەر و ئاڕاستەكەری قۆناغی داهاتوو دەربكەوێت، بەرامبەر بەمەش ئەمەریكییەكان هیوایان هەیە لەرێگەی سەدرەوە بگەنە حكومەتێكی بەهێزی شیعە لە عێراق.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دوور نییە سەدر متمانە بداتەوە بە كازمی، هەروەها ئێستا لەوە دڵنیایە كە ڕكابەرە شیعییەكان لەلاوازی و پەرتەوازەییدان و لەئێستاشدا سەدر لە ڕێگەی كەناڵی تایبەتەوە پەیامی ئەوەی ناردووە بۆ ئەمەریكییەكان كە ئەو جێگرەوەی گونجاوی شیعە توندڕەوەكانی دۆستی ئێرانە.

 

لە لایەکی ترەوە، مۆنیتەرینگی ڕۆژانەی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردن ئاشكرایكرد، قسەیەك هەیە پارتی و سەدر هاوپەیمانێتی پێكبهێنن و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش بەرامبەر مانەوەی لە پۆستەكەی پشتیوانیان بكات، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لە سەرۆك وەزیران بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن ڕەت دەكەنەوە.

 

ڕاپۆرتی مۆنیتەرینگی ڕۆژانەی هەڵبژاردن هەینی (30 نیسانی 2021) كە حسێن هینداوی، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ هەڵبژاردن بڵاوی دەكاتەوە باسی لەوەكردووە، هەرچەندە ئەو هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەی پارتی و سەدر و كازمی باسی هەیە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیران رەتیكردەوە بەهیچ جۆرێك كازمی نیازی بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری داهاتووی هەبێت.

 

هەروەها ئەوەشی ئاشكراكردووە پارتی شاندی زیاتر دەنێرێتە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەبارەی شێوازی هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021.

 

پێشتر سەرچاوەیەكی تایبەت و نزیك لەسەرۆك وەزیرانی عێراق بە "ناس" ی ڕاگەیاند سەرۆك وەزیران هیچ لیست و بەربژێرێكی نابێت بۆ هەڵبژاردن و پێیوایە ئەركی ئەو سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنە بەشێوەیەك مەرج و بەندوباوەكانی تێدابێت تا ئەوەی ڕكابەری بكات.

 

بەپێی دوا داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن تا ئێستا 265 حیزب مۆڵەتیان وەرگرتووە 51 حیزبیتر چاوەڕێی مۆڵەتن و 124 حیزبیتر ئارەزووی خۆیان پیشانداوە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردن و 38 هاوپەیمانێتی تۆماركراون، سبەی شەممە (1 ئایاری 2021) دوا مۆڵەتە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندید و قابیلی درێژكردنەوە نییە.