گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو ئەستێرەی دیاری ئیسلامییەکان لە هەڵەبجە کێبرکێ دەکەن

2021.05.01 - 15:56
App store icon Play store icon Play store icon
دوو ئەستێرەی دیاری ئیسلامییەکان لە هەڵەبجە کێبرکێ دەکەن

ناس کورد-

بەرە بەرە کەفوکوڵی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات و ئاماژەکان ڕۆشن دەبنەوە و زۆرێک لە کاندیدانی لایەنەکان ئاشکرا بوون، لە کاتێکدا باس لە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی هەندێک لایەن دەکرێت لە بازنەکاندا، بەڵام هێشتا جێگای کێبرکێی توند و سەخت ماوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە بازنەی هەڵەبجە، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بە نیازن هەریەکەیان کاندیدێکی دەربچێت، کۆمەڵ ئەحمەدی حاجی ڕەشید و یەکگرتووش موسەنا ئەمینی کاندید کردووە.

 

ئەو دوو کەسایەتییە دیارە ئیسلامییە ناچارن ڕکابەری یەکتر بکەن، هەردووکیان لە دوو خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا ئەندامبوون و ئەزموونێکی دور و درێژیان هەیە لە بوارەکە، بۆیە حزبەکانیان متمانەیان لەسەر هەڵچنیوون بۆ کۆکردنەوەى دەنگ.

 

موسەنا ئەمین لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "شتێکی ئاسایییە دوو کاندیدی ئیسلامی هەیە و هیوادارم هەردووکمان سەرکەوتووبین".

 

وتیشی، "من تەنها کاندیدی یەکگرتووم لەوێ چونکە سێ کورسی بۆ سنورەکە دیاری کراوەو یەکێکیان بۆ ئافرەت دەبێت."

 

لەبارەى نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری لە سنورەکە، موسەنا ئەمین وتی، "هەوڵمان هەبوو بۆ بەیەک لیستی بەشداریکردن و هاوپەیمانیکردن لە چوارچێوەی هاوپەیمانی هیوا، بەڵام کارەکە سەرکەوتوو نەبوو، بڕیاردرا بە جیا بەشداری بکەین، بۆ ئەوەش هەرلایەکمان ئازادین لەوەی کاندیدمان هەبێت و هیوادەخوازم هەردووکمان سەرکەوتوو بین و دەنگی پێویست بهێنین".

 

ناس کورد چەندین جار پەیوەندی بە ئەحمەدی حاجی ڕەشیدەوە کرد بەڵام ناوبراو بەردەست نەبوو.

 

بەپێی دوا داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن تا ئێستا 265 حیزب مۆڵەتیان وەرگرتووە 51 حیزبیتر چاوەڕێی مۆڵەتن و 124 حیزبیتر ئارەزووی خۆیان پیشانداوە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردن و 38 هاوپەیمانێتی تۆماركراون، ئەمڕۆ شەممە (1 ئایاری 2021) دوا مۆڵەتە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندید و قابیلی درێژكردنەوە نییە.