ناس کورد-
بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، لە چەند ڕۆژى داهاتوودا عەبدوڵاى کوێخا موبارەک لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا هۆکارى پەیوەندیکردنى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتی کوردستان ئاشکرا دەکات و هاوکات چەند ڕەخنەیەکی توندیش ئاڕاستەى گۆڕان و ناڕازییەکانیش دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێى ئەو زانیارییانەى کە "ناس کورد" لە سەرچاوەیەکى تایبەتەوە دەستی کەوتووە، لە چەند ڕۆژى داهاتوودا عەبدوڵاى کوێخا موبارەک لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لە شارۆچکەى چەمچەماڵ وتارێک لەسەر هۆکارى پەیوەندیکردنى بە پارتى دیموکراتی کوردستانەوە دەخوێنێتەوە.
ئەو زانیاریەش بەدەستخراوە، لە ناوەڕۆکى وتارەکەیدا سەربارى کۆمەڵێک پاساوى گشتى عەبدوڵاى کوێخا موبارەک چەند ڕەخنەیەک ئاڕاستەى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات، هەروەها چەندین ڕەخنەش ئاڕاستەى خەڵکانى ناڕازى دەکات بەتایبەت ئەوانەى کە وازیان لە گۆڕان هێناوە.
هەر بەپێى زانیارییەکانى ناس کورد، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا عەبدوڵاى کوێخا موبارەک چەند ڕەخنەیەکیش ئاڕاستەى یەکێتى دەکات وەکو حزبى یەکەمى ناوچەکە کە دەسەڵاتى سەربازى تێدا هەیە.
لەبارەى یەکلا کردنەوەى چارەنوسى لەناو پارتى و ئەو کارانەى کە ئەو حیزبە بۆى بەئەنجام دەگەیەنن، ناس کورد ئەوەشى زانیووە، هێشتا بڕیارەکان لەلایەن پارتیەوە نەچونەتە قۆناغى کۆتاییەوە بەڵام ئەگەرى ئەوە هەیە عەبدوڵاى کوێخا موبارەک کارى حزبایەتى بکات نەک سەربازى، بەتایبەت لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک-گەرمیانى پارتى، بەڵام ناس کورد نەیتوانیوە ئەم زانیارییە پشتڕاست بکاتەوە بەهۆى ئەوەى عەبدوڵاى کوێخا موبارەک وەڵامى پەیوەندییەکان ناداتەوە.
لەبارەى ئەو لیوا سەربازیەش کە دەنگۆى ئەوە بڵاوکراوەتەوە پارتى بۆى دادەمەزرێنێت، سەرچاوە تایبەتەکەى "ناس کورد" وتى، "هێشتا ئەوەش بەتەواوەتى یەکلایى نەکراوەتەوە، بەڵام باس لەوە کراوە یەکێک لە دوو کەسى نزیکى عەبدوڵا سەرپەرشتیارى لیواکە دەکەن، ئەوانیش ئامۆزاکەى کە پێشتر ئەندامى جڤاتى گشتى بوو یاخود برایەکى."