گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

شانەی قەیرانەکان لەبارەى دزەپێکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ دەرەوە ڕوونکردنەوە دەدات

2021.04.30 - 17:30
App store icon Play store icon Play store icon
شانەی قەیرانەکان لەبارەى دزەپێکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ دەرەوە ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

شانەى قەيرانەكانى پەرلەمانى عێراق ڕەتی دەكاتەوە ڤاكسينى دژە كۆرۆنا دزەى پێكرابێت بۆ دەرەوەى وڵات و جەخت دەکاتەوە كە ئامادەى لێكۆڵينەوەن لە هەر زانياريە لەلايەن هاوڵاتيانەوە پێیان بدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەواد موسەوى، ئەندامى ليژنەى تەندروستى و ژينگەى پەرلەمانى عێراق (30ى نيسانى 2021) بە ئاژانسى هەواڵى عێراقييەى وتووە، چەن سكاڵايەكمان بەدەست گەيشووەتە لە چەند لايەنێكەوە سەبارەت بە دزەپێكردنى ڤاكسين بۆ دەرەوەى وڵات.

 

ڕوونيشيكردووەتەوە، لە هەفتەى ڕابردوودا لێكۆڵينەوە لەو بابەتە كراوە و سەردانى وەزارەتى تەندروستى و چەند دەروازەيەكى تايبەت بە دابەشكردنى ڤاكسين كراوە، دڵنيابووينەتەوە لەوەى كە سەرجەم ڕێکارە تۆماركراوەكان دروستن و هيچ دزەپێكردنێكى ڤاكسين ياخود كارتى ڤاكسين ڕووينەداوە.

 

جەختي لەوەشكردووەتەوە، پێويستە چاودێرى جەماوەرى تەنانەت لە هاوڵاتيانيشەوە بۆ ئەو بابەتە هەبێت، ئامادەيى تەواومان تێدايە بۆ لێكۆڵينەوە لەهەر زانياريەك كە لە هاوڵاتيانەوە بێت.

 

ڕۆژی 20ی نیسانی 2021، گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوى بەشی فارسی بی بی سییەوە دەستاودەست کرا لەبارەى بەقاچاخبردنى ڤاکسینى ڤایزەر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، بەڵام هەرزوو وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕوونکردنەوەی دا و جەختی کردەوە کە بە هیچ جۆرە ڤاکسینێک نەبراوەتە دەرەوە.

 

ڤیدیۆکە کە ماوەکەى یەک خولەک و 27 چرکەیە، باس لە بەقاچاخبردنى ڤاکسینى جۆرى ڤایزەر دەکات لە هەرێمەوە بۆ ئێران.


بی بی سی فارسی لەسەر ڤیدیۆکە نوسیویەتی، "بڵاوبوونەوەى گرتەی ڤیدیۆیی کردنەوەى ڤاكسینی ڤایزەر له ئێران كاردانەوەی زۆری هەبووە."

  


دەشڵێت، "بەپێی ئەو زانیارییانەى کە لەلایەن بی بی سی فارسییەوە پشتڕاستکراوەتەوە ڤاکسینی ڤایزەر لە عێراقەوە هاتووەتە ناو ئێرانەوە. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەر یەکێک لەو بەرادانە شەش ژەم ڤاکسینی تێدایە کە بە هەزاران دۆلار لە بازاڕی ڕەش فرۆشراون."

 

 

بۆ ڕۆژی دواتر(21ى نیسانى 2021)، وەزارەتى تەندروستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ڤیدیۆیە دروستکراوە و هیچ پەیوەندى بە هەرێمى کوردستانەوە نییە.

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە ڤیدیۆکە بە مۆرێکى ساختەى بەناو وەزارەتى تەندروستى هەرێمەوە پیشان دراوە.

 

دەقى رونکردنەوە:

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕای گشتی

 

لە دوێنێ شەوەوە ڤیدیۆیەك بڵاوبووەتەوە گوایە سندوقێکی ڤاکسین جۆری فایزەر دزەی کردووە بۆ یەکێک لە وڵاتان، بەپێویستی دەزانین بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوونبکەینەوە کەوا ئەم ڤیدیۆیە دروستکراوە و هیچ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نیە وە بەناوی کەناڵی BBC بە مۆرێکی ساختەی بەناو وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان پێشان دەدرێت.

 

دەستبەجێ لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاران لە وەزارەتمان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کرد بەهەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕال و چاودێریکردنی هەردوو بەڕێزان وەزیری تەندروستی عێراق و هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاکسینی (ڤایزەر) کە دەرەنجامی سەرەتایی دەرچوو هیچ ئەسڵ و ئەساسی نیە بەڵکو ئەم ڕاستیانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:

 

هیچ فۆرم و مۆرێکی تەندروستی هەرێم لەسەر ڤاکسینەکانی ڤایزەر بەکارنایەت چونکە ڕاستەوخۆ ڤاکسینەکە بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە بەڵکو تەنها لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بۆیە ئەو کارت و مۆر و فۆڕمە هیچ سەرچاوەیەکی ڕاستی و دروستی نیە.

 

جۆرەکانی ئامێری چاودێریکردن و پارامیتەری سەر سندوقەکە و زانیاریەکان تەواو جیاوازە و هاوشێوەی ئەو جۆرە نیە کە لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

 

نوێنەری کۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ هەموو سندۆقێك لەکاتی گواستنەوە ئامادە دەبن تا دەگاتە سەنتەری بەکارهێنان وە بۆ هەر گواستنەوەیەک بە سیستەمی چاودێریکردنی کۆمپانیا لە سەنتەری سەرەکیەوە ئاگادار دەبێت.

 

بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە کەوا تا ئێستا ٩ سندوق لە ٨ سەنتەری ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، کە هەر هەموویان جێگا و ڕێگای دابەشکردنی ڕوونە بەتەواوی داتا و زانیاری و چۆنیەتی دابەشکردن تۆمارکراوە بەسیستەمی مەرکەزی لەگەڵ بەغداد بەستراوە.

 

لە کۆتاییدا نیگەرانیمان لەوەیە کە هەوڵی تێکدان و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو هاوڵاتیان تەنها بەمەبەستی ئاژاوە و لەکەدارکردنی ئەم پڕۆسە پیرۆزەیە بە مەرامی تێکدانی سیستەمی ناردنی ڤاکسین و دابەشکردنە لە هەرێمی کوردستان بە ڕادەیەک ئامانج تیایدا نەناردنی ئەم خزمەتگوزاریە مرۆییەیە بۆ هاوڵاتیان.

 

دووپاتیی دەکەینەوە لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوونمان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە هۆکار و سەرچاوەی دروستکردنی ئەم ئاژاوەگێڕیە و لەهەر دەرەنجامێکی دیکەدا ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە.