ناس کورد-
توێژەرێكی سیاسی ئاشكرایدەكات بۆ هەڵبژاردنی پیشوەختە شەقام و ناوچە سوننەنشینەكان لەبەردەم كۆمەڵێك گۆڕانكاری نوێدان كە سیانیان سەرەكی و زەقن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. یەحیا ئەلكوبەیسی توێژەر و چالاكی سیاسی سوننە لە میانەی شیكارێكدا ئەمرۆ (30 نیسانی 2021) كە "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە، گرنگترین ئامادەكاریی و گۆڕانكارییەكانی شەقام و بازنە سوننەكان بۆ هەڵبژاردنی 10 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەمجۆرە پوخت دەكاتەوە:
یەکەم: ونبوونى ئەیاد عەلاوى لە نەخشەى هەڵبژاردنى ، دواى ئامادەبونى بەهێزى لەساڵى 2005 ەوە.
دووەم: ئامادەبوونى هێزە سیاسییە شیعییەکان بەهێزى چەک لەناوچە زۆرینە سوننییەکان، کە ئەمجارەیان زۆر کاریگەرترە لەرێگەى ئەو کاندیدانەى خەڵکى ئەو ناوچانەن، ئەوەش دەبێتە هۆى لاوازى نوێنەراتیکردنى سوننە.
سێیەم: سوننەکان لە هەڵبژاردنى داهاتوودا بەسەر دوو بەرەى سەرەکیدا دابەشبوون کە هاوپەیمانى عەزمى خەمیس خەنجەر و پارتى تەقەدومى محەمەد حەلبوسى یە، لیستەکانى دیکەش کێبڕکێ لەسەر چەند کورسییەک دەکەن، وەکو لیستەکانى ئوسامە نوجێفى و ئەحمەد جبورى و جەمال زارى، یان لیستە ناوچەییەکان لەپارێزگاکانى کەرکوک و نەینەوا.
بەپێی دوا داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن تا ڕۆژی پێنج شەممە (29 نیسان) كە ڕۆژێك بەر لە كۆتا وادەبووە 265 حیزب مۆڵەتیان وەرگرتووە 51 حیزبیتر چاوەڕێی مۆڵەت وەرگرتنن و 124 حیزبیتر ئارەزووی خۆیان پیشانداوە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردن و 38 هاوپەیمانێتی بەفەرمی تۆماركراون بۆ هەڵبژاردنی 10 ئۆكتۆبەری 2021، سبەی شەممە (1 ئایاری 2021) دوا مۆڵەتە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندید و بە گوێرەی پێداگرییەكانی كۆمسیۆن قابیلی درێژكردنەوەش نییە.